پۆستی پارێزگاری سلێمانی گەڕێكی نوێی ململانێكانی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی دەبێت

کوردستان

03/03/2019‌ 3277 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: سیڤان ئازاد
پۆستی پارێزگاری سلێمانی گەڕێكی نوێی ململانێكانی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی دەبێت، كە رەنگە ئەو گەڕە نوێیەی ململانێكان بەم نزیكانە دەستپێبكات.

دەركەوتنی دەستپێكردنەوە گەڕی نوێی ململانێكانی نێوان ئەو دوولایەنە لەقسەی ئەم دواییەی بەشێك لەبەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی سەرچاوەی گرتووە، كە لەبارەی وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانە رۆژنامەوانییەكان دەیكەن.

یەكێتی نیشتمانی ماوەیەكە خواستی ئەوەی هەیە پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەربگرێتەوە، ئەوەش بەرێككەوتن لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، لەو بارەشەوەوە ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (لەپشكی یەكێتی) دەڵێت: ماوەی نزیكەی ساڵێك تێپەڕیوە بەسەر ئەو وادەیەی، كە پێویستبوو بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی تێدا ڕادەستی یەكێتی بكردایەوە، بەوەی یەكێتی "ئیلتیزامی" كردووە بەو بەروارەی لەكاتی خۆیدا دوو ساڵەكەیدا بەگۆڕان، بەڵام بابەتی پۆستی پارێزگاریش نەبێت هەردەبێت پێداچوونەوە بەو ڕێكەوتنە بكرێت، چونكە ماوەكەی بەسەرچووە.

ئازاد محەمەد دەشڵێت: بەهۆی سەرقاڵی یەكێتی لەپێشتر بەهەڵبژاردنەكان‌و ئێستاش بە كەركوك‌و بەغداو پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ڕەنگە بەگەرموگوڕی باسی ئەو بابەتەی نەكردبێت لەناوخۆیدا، :یەكێتی-مان لە پێداچوونەوە بەو ڕێكەوتنە ئاگاداركردووەتەوە ".

هەروەها دەڵێت: هەرچەند بێئاگاداركردنەوەی ئێمە-ش خۆیان ئاگادار-ن، "نەك هەر من وەك كادیرێكی یەكێتی و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەڵكو هەموو یەكێتییەكان بە خۆشمەوە، كە ئەگەر یەكێتی ئەو پۆستە وەربگرێتەوە من پۆستەكەم لەدەست دەدەم، بەڵام پێمان خۆشە وباشە یەكێتی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەبزووتنەوەی گۆڕان وەربگرێتەوە، بەڵام بەڕێكەوتن لەگەڵ گۆڕان هەروەك چۆن پێشتر ڕێكەوتن كرا بۆ دابەشكردنی ئەو پۆستە و هەموو پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی".

هەرچەندە، یەكێتی دەیەوێت بەرێككەوتن لەگەڵ گۆڕان ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، بەڵام پێناچێت ئەو دوولایەنە بەئاستانی بگەن بەرێككەوتن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ماوەیەكە پەیوەندییەكانی هەردوو حیزب لەوپەڕی خراپیدایە.

یەكێتی ‌و گۆڕان لەساڵی 2014 رێككەوتنیان لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی كرد، كە رێككەوتنەكە بەو شێوەیە بوو، دوو ساڵ بەدوو ساڵ پۆستەكەیان لابێت‌و ئێستاش ئەو رێككەوتنە بەردەوامی هەیە، ئەوەش دوای ململانێیەكی زۆر لەنێوان هەردوولا.

لەبارەی هەوڵەكانی یەكێتی، ئەكرەم شەریف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر لیستی یەكێتی بۆ شارپرێس وتی: بەپێی ڕێكەوتنی سیاسی سازان ئەنجامدراوە لەنێوان یەكێتی‌و گۆڕان ساڵی یەكەم‌و دووەم ئەو پۆستە بۆ یەكێتی بێت‌و ساڵی دووەم‌و سێیەم بۆ گۆڕان بێت، كە خواستی یەكێتی نەشاردەوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە.

ئەكرەم شەریف وتیشی: یەكێتی خواستی ئەوەی هەیە ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، چونكە ئەوە مافی یەكێتییەو لەو بارەشەوە رێككەوتن كراوە.

یەكێتی بەبیانووی ئەوەی ، كە كاندیدی گۆڕان دوو ساڵەكەی خۆی تەواوكردووە لەپۆستی پارێزگاری سلێمانی‌و ئێستاش بۆ ساڵێك دەچێت لەوادەی نێوانیان لەپۆستەكەی ماوەیتەوە، بۆیە دەیەوێت جارێكی تر ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.

لەبارەی هەڵوێستی گۆڕان، ئیسماعیل عەلی محەمەد ئەندامی پارێزگای سلێمانی لەسەر لیستی گۆڕان بۆ شارپرێس وتی: ئەوەی پۆستی پارێزگار لای گۆڕان ماوەتەوە، پەیوەندی بەگۆڕانەوە نییە، بەڵكو دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانە.

ئیسماعیل عەلی وتیشی: دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان نە داواكاری گۆرانە نە ویستی گۆڕانە، بۆیە هەركات هەڵبژاردنی پارێزگاكان بكرێت ئەو كێشەیە كۆتایی پێدێت، كە ئێستا پێویستە ئێمە بیر لەوە بكەینەوە هەڵبژاردنی پارێزگاكان ئەنجامبدرێت نەك بیر لەوە بكەینەوە چەند ساڵیكە پۆستی پارێزگامان لابێت".

دەربڕینی ئەو خواستە نیشاندەری ئەوەیە، گۆڕان ئامادەنییە گفتوگۆ لەبارەی رادەستكردنی پۆستی پارێزگا لەگەڵ یەكێتی بكات، بۆیە رەنگە ئەوە ململانێكانی نێوان هەردوولا قووڵبكاتەوە.

لەو بارەشەوە ئەنوەر تارق ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەلیستی گۆڕان جەختیكردەوە، كە لەئێستادا پۆستی پارێزگا لای گۆڕانەو تاهەڵبژاردنی پارێزگاكان ئەو پۆستە دەمێنێتەوەو بۆ شارپرێس وتی: چەندین كات داوای ‌هەڵبژاردنی پارێزگاكانمان كردووەو لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و وەبە پێی  مادەی ٢٠، كە  دەڵێت پارێزگارەكان لە شوێنی خۆیان بەردەوام دەبن تا هەڵبژاردنی ئەنەجومەنی داهاتوو".

ئەو وتیشی: ئەگەر پارێزگای سلێمانی دەست بەرداری پۆستەكەی بێت دەبێت پارێزگاری هەڵەبجەو سەرۆكی ئەنجوومەن‌و قایمقامەكانی قەزای ناوەند ئاڵوگۆڕیان لەگەڵ بكرێت، كە ئەوە بابەتێكە تەنیا یەكێتی دەیانەوێت بیورژێننەوە.