بردنە دەرەوەی پارە لەعێراق بووەتە جۆرێك لەكاری مافیایی

عیراق

03/03/2019‌ 1195 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی " وۆڵ ستریت جۆڕناڵ"ی ئەمەریكی باس لەوە دەكات، كە ئەو یاسایانەی لە عێراق هەن یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی هەفتانە ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بەشێوەیەكی نایاسایی بچێتە دەرەوەو سپیبكرێتەوە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ئەو لێكۆڵەرە نێودەوڵەتییانەی لێكۆڵینەوە لەحساباتی دارایی عێراق دەكەن دەڵێن لەناو حكومەت‌و سیستەمی سیاسی عێراقدا گەندەڵی وەك جۆرێك لەكاری مافیایی وایە ، ئەمەش وایكردووە لەناو ئەو وڵاتانەی ڕووبەڕووی سپییكردنەوەی پارە دەبنەوە عێراق لە ریزبەندیی هەرە دواوە بێت .

رۆژنامەكە سەرنجی بۆ ئەوە ڕاكیشاوە، كە لەم دواییانەدا چەند هەوڵێك هەبوون تێیدا ویستراوە سنوورێك بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت، بەڵام بەهۆی لاوازی یاساكانی عێراقەوە ئاستەنگیان بۆ ئەم هەوڵانە درووست كردووە .

جۆن سولیڤان ، پاشكۆی پێشووتری وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لەعێراق دەڵێت: بانكی ناوەندی عێراق تائێستا چەند ئەركێكی زۆر هەیە ئەنجامی بدات وەك ئەوەی چەند سیستەم و ڕێوشوینێكی توند بۆ ئاڵوگۆڕی دراو دابنێت ، هەوڵ بدات وەبەرهێنانی دەرەكی بێنێتە ناو وڵاتەوە .

سولیڤان ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ئەو بابەتە چونكە پەیوەستە بە تاوان و گەندەڵییەوە ، بۆیە دۆسیەی سپیكردنەوەی پارە یەكێكە بابەتە ئەمنییە هەرە گەورەكان.

سەرچاوە: البغدادیە 
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی