"دزی پیشەگەر".. دزینی درەختێكی دەگمەنی تەمەن ٤٠٠ ساڵی

جیهان

04/03/2019‌ 1244 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی هەندێ ئاژانسی هەواڵیی جیهانی ، كۆمەڵێك دزی پیشەگەر، هاوشێوەی دزینی تابلۆ هونەرییەكان هەستاون بەدزینی ٧ درەختی بچووك ، كە نرخی هەموویان بەیەكەوە دەگاتە نزیكەی ١١٨ هەزار دۆلار.

بەگوێرەی رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمەریكی، كە لەسەر زاری فوویومی ئیمورا، هاوسەری جوتیاری پیشەگەر لەبواری درەختی "بۆنسای" بڵاویكردووەتەوە، پرۆسەی دزییەكە خۆی دەبینێتەوە لەدزینی درەختێكی عەرعەری چینی، كە تەمەنی نزیكەی ٤٠٠ ساڵە و نرخەكەشەی دەگاتە ٩٠ هەزار دۆلار. 

ئیمورا بە ئاژانسی  " CNN" ی ئەمەریكیشی وتووە: "ئێمە وەكو منداڵی خۆمان مامەڵە لەگەڵ ئەو درەختانە دەكەین ، هیچ وشەیەك ناتوانێت وەسفی هەستەكانمان بكات، كە چەند ئەو درەتانەكان خۆش دەوێت، بەراستی دزینی ئەو درەختانە وەك ئەوە وایە ئەندامێكی جەستەمان لێكرابێتەوە ".

هەر لەبەر ئەوە ئیمورا داوای لەدزەكان كرد، كە زۆر گرنگی بە درەختەكە بدەن ، چونكە ئەو درەختە گرانبەهایە ناكرێت بێ چاودێری‌و ئاودانی پێویست وازی لێبهێنرێت.

ئیمورا باسی لەوەش كردووە، كە ئەو كەسانەی ئەو درەختەیان دزیوە دەبێت خەڵكی زۆر شارەزا و پیشەگەر بووبن، چونكە لەناو هەموو ئەو درەختانەی لەناو باخچەكەدا هەبووە تەنیا ٧ درەختی هەرە گرانبەهایان دزیوە  ، لەكاتێكدا باخچەكە ڕووبەری ٥ هەزار هێكتارە و نزیكەی ٣ هەزار درەختی بۆنساشی تێدایە .

ئەو ئافرەتە  دەشڵێت: لەپرۆسەی دزینەكەدا ٣ درەختی سنۆبەری بچووك و ٣ درەختی عەرعەری چینی دزراون ، ئەوە جگە لە دزینی یەكێك لە درەختە عەرەعەرە چینییە دەگمەنەكان لە جیهاندا .

هەروەها بەگوێرەی پێگەی "چاینا مۆرنینگ پۆست"ی چینی ، خێزانی ئیمورای لە ناوچەی سایتاما نزیك تۆكیۆ فێری پیشەی پەروەردەكردنی درەخت بوون ، ئەوانیش پێنجەم نەوەن كە ئەوە ٤٠٠ ساڵە خەریكی ئەو پیشەیەن .

ئەو كەسانەی ئەو درەختە گرانبەهایانەیان دزیوە ، دەتوانن لە بازاڕی رەش و لە هەندێ وڵاتی ئەوروپایی و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ، درەختەكان بفرۆشن و پارەیەكی باشی پێ كۆبكەنەوە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە