تورکیا: بڕیاری ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە کۆمەکی ئابوری پـێچەوانەی ئامانجی هەردوو وڵاتە

جیهان

05/03/2019‌ 2230 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری بازرگانی تورکیا ڕەخنەی لە بڕیارێکی حكومه‌تی دۆناڵد ترامپ ده‌گڕێت له‌باره‌ی کۆتاییهێنان بە کۆمەکێکی ئابوری تورکیا و رایگه‌یاند، بڕیاری واشنۆن پـێچەوانەی ئامانجی هاوبەشی هەردوو وڵاتە بۆ گەیشتن بە ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی.

ڕوهسار پـێکجان، وەزیری بازرگانی تورکیا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ تویتێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكرده‌وه‌، لە ماوەی 11 مانگی ساڵی 2018دا وڵاته‌كه‌ی بە بەهای 20.9 ملیار دۆلار كاڵای له‌ ئه‌مریكاوه‌ هاوردە كردووه‌، هاوكات بە بەهای 1.74 ملیار دۆلاریش کاڵای بۆ ئەمریکا هەناردەکردووە.

له‌باره‌ی كۆتاییهێنان به‌ كۆمه‌كردنی وڵاته‌كه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ وەزیری بازرگانی تورکیا وتی، "ئەو بڕیارەی واشنتۆن پـێچەوانەی ئامانجی هاوبەشی هەردوو وڵاتە بۆ گەیشتن بە ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی بە بەهای 75 ملیار دۆلار".

دوێنێ دووشه‌ممه‌ نوسینگه‌ی نوێنەرایەتی بازرگانی ئەمریکا بڵاویكرده‌وه‌، لەسەر ڕاسپاردەی ترامپ، ڕۆبەرت لایتایزەر، نوێنەری بازرگانی ئەمریکا بڕیاریداوە کۆتایی بەو کۆمەکە بهێنێت کە بە تورکیا و هیندستانی بەخشیوە بەپـێی بەرنامەی The Generalized System of Preferences.

بڕیارەکە لە دوای 60 ڕۆژی دیکە دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، دوای ئەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا و هەردوو حکومەتی تورکیا و هیندستانی لێ ئاگاداردەکرێنەوە.

بەرنامەی GSP لە ساڵی 1976 وە دانراوە بۆ کۆمەکی ئابوری دەیان وڵات لە ڕێگەی وەرنەگرتنی گومرک لەسەر نزیکەی چوار هه‌زار و 800 بەرهەم کە بۆ ئەمریکای هەناردەدەکەن، تا ئێستاش 129 وڵات و ناوچە سوودیان لەو بەرنامەیە وەرگرتووە.

له‌ بڕیاره‌كه‌ی ترامپدا هاتووه‌، چیتر ئابووری توركیا له‌سه‌ره‌تای گه‌شه‌سه‌ندندا نیه‌‌و ئێستا داهاتی تاك ‌و جۆراوجۆربوونی داهاته‌كانی توركیا‌و كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌ژاری له‌و وڵاته‌ ڕوویداوه‌.

بڕیاره‌كه‌ ده‌بێته‌ گورزێكی نوێ بۆ ئابووری توركیا، چونكه‌ له‌مه‌ودوا ئه‌و كاڵاو پێداویستیانه‌ی له‌توركیاوه‌ به‌ كه‌مترین گومرگ ده‌گه‌یشتنه‌ ئه‌مریكا، له‌ئێستا به‌دواوه‌ ده‌بێت مامه‌ڵه‌ی گومرگی بده‌ن.
ه.م