ترامپ هەڕەشە لەو هاوپەیمانانەی دەكات پەیوەندی لەگەڵ ئەسەد ئاسایی دەكەنەوە

جیهان

06/03/2019‌ 1193 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی ئەمەریكا ئاشكرایانكرد سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترامپ هەرەشەی لە هاوپەیمانە عەرەبەكانی كردووە، كە دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان لەگەڵ حكومەتی سوریای‌و بەشار ئەسەد ئاسایی بكەنەوە.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری دیبلۆماسییە ئەمەریكییەكانەوە گواستییەوە، هەوڵی وڵاتە عەرەبییەكان بۆ دووبارە دروست كردنەوەی پەیوەندییەكانیان و بەشار ئەسەد بەشێوەیەكی بەرچاو وەستاوە، پاش ئەوەی ئەمەریكا داوای لێكردون هەوڵەكانیان بۆ نوێكردنەوەی پەیوەندی دیبلۆماسی بوەستێنن.

ئەو دیبلۆماتە ئەمەریكییانەی نەیانویستووە ناویان ئاشكرا بكرێت، ترامپ زۆر توڕە بووە لە راگەیاندنی دووبارەكردنەوەی دەرگای بالوێزخانەی  ئیماراتی عەرەبی لەدیمەشق لە كۆتایی ساڵی رابردوو، هەروەها  دەركەوتنی ئەو پێشبینیانەی پێشوازی لەگەڕانەوەی سوریا دەكەن بۆ نێو وڵاتانی عەرەبی كە ماوەی هەشت ساڵە دابڕاوە.

هاوكات ئەوەشی بڵاویكردووەتەوە، ئیدارەی ترامپ بە توندی فشاری لە هاوپەیمانەكانی كردوە بۆ پاشگەزبونەوە لە هەنگاوانە، و هۆشداری پێداون لە بەشداری كردن لە دووبارە بنیادنانەوەی سوریا، و هەرەشەی ئەوەی لێكردوون ئەم بابەتە دەبێتە هۆی سەپاندنی سزای ئەمەریكا بەسەریاندا.

وانشتۆن پۆست لە سەرچاوەیەكی تری دیبلۆماسی ئەمەریكیەوە گواستویەتیەوە و تویەتی: وڵاتە عەرەبیەكان پاشگەزبونەتەوە لە دووبارە بنیادنانەوەی پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ سوریا لە ترسی پابەندبونی بەشار ئەسەد لەگەل ئێران، بەتایبەتی دوای ئەو هاوپەیمانیەتیە درێژەی نێوانیان و ئەو هەژمونەی زۆرەی ئێران لە سوریا هەیەتی.

سەرچاوە دیبلۆماسەیەكە دووپاتیكردووەتەوە، كەنارگیری سیاسی و فشاری سیاسی دەبێ لەسەر یەك هیڵ بڕۆن بۆ فشارخستنە سەر ئەسەد تا ئەو كاتەی سەرجەم هێزە سەربازیە هاوپەیمانەكانی و بەتایبەتی ئەوانەی لەلایان ئێرانەوە پشتگیرییان لێ دەكرێت".

لە رۆژی 27 ی كانونی یەكەمی 2018، بالوێزی ولاتی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتو لە دیمەشق كرایەوە پاش ئەوەی بۆ ماوەی پێنج سال هەردوولا پەیوەندیەكانیان لەگەڵ یەكتری پچڕاندبوو.

پێش ئەوەش كۆمكاری عەرەبی ئەندامەتی سوریای لە تشرینی دووەمی ساڵی 2011 ەوە هەلپەساردبوو لە ئەنجامی فشاری چەند دەوڵەتێكی عەرەبیەوە، بەتایبەتی وڵاتانی كەنداو، بەهۆی ئەو هەڵوێستەی هەیبو لە ململانێی نێو سوریا و پاش ئەوەی حكومەتی بەشار ئەسەدیان تۆمەتبار كرد بە كوشتنی خەڵكی سڤیل.

لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی سوریا، ژمارەیەكی زۆر لە ولاتە عەرەبیەكان بالوێزخانەكانیان لە دیمەشق داخست، یان ئاستی پەیوەندیەكانیان كەم كردەوە، بەلام داواكاریەكان لەم چەند مانگەی دواییدا دەركەوتن بۆ دەست پێكردنەوەی پەیوەندیەكانیان و پاشان گەڕانەوەی ئەندامەتی سوریا لە كۆمكاری عەرەبی.

لەلایەكی ترەوە، سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتی تونس رایگەیاند: سەرۆكی ئەو ولاتە الباجی قاید السبسی، لە میانی لوتكەی ئابوری لە لوبنان گفتوگۆكراوە دەربارەی بانگهێشتكردنی سەرۆكی سوریا بۆ لووتكەی عەرەبی كە لە مانگی ئازاری داهاتوو بڕیارە لە تونس ببەسترێ.

بەڵام یاردەدەری ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی حسام زەكی رۆژی دووشەممە رایگەیاند: هیچ گۆرانكاریەك دەربارەی گەرانەوەی سوریا رووینەداوە بۆ ناو كۆمكارەكە، ئاماژەی بەوەش كرد سەردانی كردنی سەرۆكی سودان بۆ دیمەشق بە تەنسیق نەبوە لەگەل كۆمكارەكە.

هەرچی نێردەی سەرۆكی روسیایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست، میخایل بۆگدانۆف، ئاماژەی بەوە كرد مۆسكۆ پێشوازی لە نزیك بونەوەی نێوان سوریا و هەندێ لە ولاتانی عەرەبی دەكات، لەوانە سەردانیكردنی سەرۆكی سودان عمر البشیر بۆ دیمەشق. و لە كۆتاییدا وتی : بروام وایە ولاتە عەرەبیەكان ئێستا هەستیان بەوە كردوە سڕ كردنی ئەندامەتی سوریا هیچ سوودێكی نیە و ئێمە ئەو پەیوەندیە بە گرنگ دەزانین.

سەرچاوە: Sputnik news
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا