شارپرێس: سوپای ئەمەریكا رایگەیاند، سیستەمی بەرگری مووشەكی "ساد"ی لە ئیسرائیل جێگیر كردووە ، سوپای ئیسرئیلیش باسی لەوە كردووە ئەو سیستەمە لە یەكێك لە بنكە سەربازییەكانی ناوچەی "نەقەب" جێگیركراوە. بەگوێرەی پیگەی "دیبكا"ی ئیسرائیلی ، بڵاوكردنەوەی ئەو سیستەمە، بەشێكە لەو مانۆڕە هاوبەشەی نێوان سوپای ئەمەریكاو ئیسرائیل، كە تێیدا ٢٠٠ سەربازی هێزی ئاسمانی و پرۆسەكان و هۆبەی پلاندانان بەشداری تێدا دەكەن . سیستتەمی موشەكی "ساد"، كە لەلایەن كۆمپانیای "لۆكهید مارتن"ی ئەمەریكییەوە درووستدەكرێت ، دەتوانێت رێگە لەمووشەكە هێرشبەرەكان بگرێت، جا چی لەناو بەرگە هەوای زەوی، بێ یاخود لەدەرەوەی بەرگە هەوای زەوی . ئەو سیستەمە دژە موشەكییە ئەمەریكییە دەتوانێت لەگەڵ چەندین جۆر سیستەمی جیاوازی بەرگری مووشەكی ئاسمانیی و دەریایی كاربكات ، هەروەك دەتوانێت تەواوكاری بكات لەگەڵ هۆكارەكانی بەرگری ئاسمانی ناو فڕۆكە . پێگەی دروستكەری موشەكەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ، كە ئەو سیستەمە دژە موشەكییە دەتوانرێت بۆ پاراستنی شار و دامەزراوە زیندووەكان لەهێرشی موشەكی دوژمنكارانە بەكاربهێنرێت . یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ئەو سیستەمە موشەكییە ئەوەیە دەتوانرێت لەهەر شوێنێكی سەر زەوی بێت جێگیربكرێت ، لەبەر ئەوەی سەكۆی هاویشتنی لەسەر ئۆتۆمبیلی سەربازیی جیگیر دەكرێت. بەگوێرەی پێگەی "میسیل سرید" ، سیستەمی "ساد" ، دەتوانێت ڕێگە لەموشەكی تەكتیكی و بالیستی بگرێت لە دووری ٢٠٠ كم ، بەڵام بەگوێرەی پێگەی " ئارمی تەكەنەلۆجی" زۆرترین دووری ئەو مووشەكە دەگاتە ١٠٠٠ كم . ئەو موشەكە ئەمەریكییە سیستەمی ئاراستەكردنی بە تیشكی ژێر سوور كار دەكات ، كە دەتونێت چاودێریی ئامانجەكەی بكات و بەدوای بكەوێت ، بەشێوەیەك ڕێگەی ئەوەی پێدەدات، كە وردترین خاڵی بەریەككەوتنەكەی بۆ دیاری بكات . هەر دانەیەك لەو سیستەمە لە ٩ سەكۆی هاویشتن پێكدێت ، كە هەر سەكۆیەك ٨ مووشەكی تێدایە كە هاوشان لەگەڵ دوو ئۆتۆمبێلی كۆنترۆڵ و سەركردایەتی ، لەگەڵ رادارێكی زەوینی ، ئەمەش مانای وایە لەیەككاتدا دەتوانێت پەرپەرچی ٧٢ مووشەكی دوژمن بداتەوە. بەگوێرەی پێگەی " ئارمی تەكنۆلۆجی " ساڵانە ٤٠ سیستەمی مووشەكی لەو جۆرە درووست دەكرێت. ئاژانسی هەواڵیی " رۆیتەرز" یش بە پشتبەستن بە لیدوانی سوپای ئەمەریكا دەڵێت " بڵاوكردنەوەی ئەو سیستەمە بۆ زانینی توانای بڵاوكردنەوەی ئەو مووشەكەیە لەسەرانسەری جیهان ، بەڵام سوپای ئەمەریكا ئەو ماوەیەی دیاری نەكردووە كە ئەو مووشەكەی لێدەمێنێتەوە" . ئەو سیستەمە مووشەكییە بەوەش جیادەكرێتەوە دەتوانرێت بە سیستەمی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختەی سوپای ئەمەریكا لە ئەو روپا ببەسترێتەوە . بڵاوكردنەوەی ئەو سیستەمە لەچوارچێوەی راهێنانە سەربازییەكانی فەرماندەیی ئەوروپای سوپای ئەمەریكادایە كە ناسراوە بە " EUCOM" ، بەئامانجی راهێنان لەسەر توانای بڵاوكردنەوەی خێرای ئەو جۆرە سیستەمە گواستراوانە لەسەرانسەری جیهان ، ئەوە جگە لەوەی بۆ بەهێزكردنی توانا و هاوكاریی لەگەڵ سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەكانی هیزی ئاسمانی ئیسرائیلیشە . وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی