مامەڵە نەرمەكەی ئەمریكا لەكاتە خراپەكەی ئەردۆغان كۆتایی هات

sharpress.net

5831 جار خوێندراوه‌ته‌وه

07/03/2019‌

شارپرێس:
پەیامە سیاسییەكە جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ئەمریكا بایی ئەوە كارتی فشاری هەیە وەڵانی ئاڵێنگارییەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیای پێبداتەوە، كە دژ بە سیاسەتەكانی واشنتۆن بەرزی كردوونەوە.

ئەمریكا لەناردنی پەیامە بەهێزەكانی بەردەوامە، كە بەنەرموونیانی‌و بێقیژەقیژو بەئاسپایی بەهۆی هەڵوێستە سەر ڕەقەكانی ئەنقەرە بەرانبەر واشنتۆن‌و بەرژەوەندییەكانی لەناوچەكە ئاراستەی ئەردۆغانیان دەكات، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بەدۆسییەی سوریا و هەڕەشەكانی ئەنقەرە دژ بەهاوپەیمانە كوردەكانی لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات.

دوای ئەوەی بەسزاكانی لیرەی توركی خنكاند، واشنتۆن بێچووە گورگی دیكە نیشانی توركیا دەدات، بەوەی ئەو زێدە مافە ئابوورییانەی لێدەستێنێتەوە، كە بەئابووری توركیای بەخشیوون.

نووسینگەی نوێنەری بازرگانی ئەمریكی ڕۆژی 2 شەممەی ڕابردوو وتی: ئەمریكا نیازی هەیە ئەو مامەڵە بازرگانییە ڕیزپەڕانەی لەگەڵ توركیا كۆتایی پێبێنێت، كە بەگوێرەی پرۆگرامێك ڕێگەی بەهەندێك هەناردەی توركیا داوە بێ مزەی (رسوم) گومرگی بێنەناو ئەمركیاوە. 

نووسینگەكە لەبەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتیشی: چیدیكە توركیا شایستەی ئەوە نییە بەشداری پرۆگرامی ((سیستەمی زێدەمافە گشتێنراوەكان)ی  پێ بكرێت، چونكە بایی خۆی لە ڕووی ئابوورییەوە‌ پێشكەوتووە".

نووسینگەی ناوبراو لەئۆگستۆسی ڕابردوودا وتبووی پێداچوونەوە بەئاستی شایستەبوونی توركیادا دەكات لەبەشداریكردن لە پرۆگرامەكە، دوای ئەوەی ئەو وڵاتە هاوپەیمانە‌ی باكووری ئەتڵەسی مزەی (رسومات) گومرگیان وەك تۆڵەسەندنەوە خستەسەر كالا ئەمریكییەكان لەبەرانبەر سەپاندنی مزەی گومرگی ئەمریكا بۆ سەر هەناردەكانی پۆڵاو وئەلەمنیۆمی توركی.

هەروەها وتیشی: كردنەدەرەوەی توركیا لەو پرۆگرامە بەلایەنی كەمەوە تا 60 ڕۆژ بەركارنابێت لە بەرواری ئاگاداركردنەوەی كۆنگریس‌و حكومەتی توركیا، بە پێی ڕاگەیاندنێكی سەرۆكایەتیش دەچێتە بورای بەركاربوونەوە، ڕۆژی دووشەمەش دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا كۆنگرێسی لەو بارەوە‌ ئاگادار كردۆتەوە.

ئیدارەكەی ترامپ پێكۆڵەكانی ئەردۆغانی بە سەپاندنی سزا بەسەر ئابووری توركیادا وەڵامدایەوە، كە لە پاشەكشەدایە، ئەمەش بەڕوونی لەوەدا دەركەوت لیرەی توركی خستە ‌لێواری هەڵدێرانەوە، كە پێشتر ئەو دۆخەی بەخۆوە نەبینیبوو، دۆخی دراوی توركیاش باش نەبوو، تاوەكو ئەنقەرە ئازادكردنی ئەندرۆ بڕۆنسۆنی قەشە ئەمریكییەكەی ڕانەگەیاند، كە لە توركیا دەستگیركرابوو، ئەمەش لەبەرامبەر پاشەكشەكردنی واشنتۆن لە سزا ئابوورییەكانی سەر توركیا.

شڕۆڤەكاران پێیانوایە ئەم هەنگاوە تازەی ئەمریكا بە پلەی یەكەم پەیامێكی سیاسییە، ئامانج لێی جەختكردنەوەیە لەوەی واشنتۆن بای ئەوە كارتی فشاری هەن وەڵامی پێكۆڵە سیاسییەكانی ئەردۆغانیان پێبداتەوە‌، چ  بەرانبەر هەڵوێستی ئەنقەرە‌ دژ بە كوردەكان، یان شێلگیربوون لەسەر كرینی مۆشەكی ئێس-400 روسی.

نیازەكانی ئەمریكا هەرچییەكبن، وادەو كاتی بڕیارەكە بۆ ئەردۆغان خراپە، كە لە دەروازەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی توركیادایە، هەژموون و پشتیوانییە جەماوەریەكەی خۆشی لەدەروازی ئەو هەڵبژاردنەوە پێوانە دەكرێت، كە ئاخۆ ئەنجامەكانی پارتی داد و گەشەپێدان لەو هەڵبژاردنەدا چی دەبێت، ئەو بڕیارە دەتوانی كاریگەری بۆ سەر توركەكان دروست بكات لەوەی تەنگژەیەكی دیكەی ئابووری بەرۆكیان بگرێت، بەتایبەتیش سەبارەت بە پیاوانی كار و ناوەندە داراییەكان، كە توانستی ئەوەیان نەماوە چی دیكە بەرگەی سیاسەتەكانی ئەردۆغان بگرن، كە تووشی زەرەر و زیانی زۆری كردوون.

ئەو سزا تازانە ئەو وێنە جوانە دەشێوێنێت، كە سەرۆكی توركیا بۆ سیاسەتەكانی دەرەوەی توركیا كێشاونی‌و گوایە هەژموونی توركیای گێراوەتەوە و كردوویەتییە دەوڵەتێكی هەرێمی كاریگەر و توانادار لەكردنەوەی چەندەها بەرەی ململانێ لە یەك كاتدا. بەڵام ئەو وێنەیەی بڕیارەكەی دروستی دەكات، ئەوە نیشانی توركەكان دەدات كە ئەو سیاسەتە جگە لە تەنگژەی زیاتر و زیاتر، چی دیكەی لێ پەیدانابێت.

بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا هیچ پاسا و ناڕەزایی دەربڕینێكیش هەڵناگرێت، بالۆرەی بیردۆزەی پیلانگێڕیشی بەسەردا ناسەپێت، چونكە پاساو‌ی هەنگاوەكەی ئەمریكا ئەوەیە كە ئابووری توركیا بای خۆی پێشكەوتووە و چیی دیكە پێویستی بە پشتیوانی دەرەكی نییە، ئەمەش ئەوەیە كە هەمیشە ئەردۆغان ئاماژەی پێدەدات بۆ سەلماندنی ئەوەی كە چاكسازییە ئابوورییەكانی سەركەوتووبوون، ناشكرێت سەرۆكی توركیا لەو ووتارەی پاشگەزبێتەوە و پێچەوانەكەی بڵێت.

وڕۆهسار بكجان- ی وەزیری بازرگانی توركیاش هەر ئەوەندەی گووت كە ئەو بڕیارە: "پێچەوانەی ئامانجی هاوبەشمانە لەگەڵ واشنتۆن بە بەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆری بازرگانی بۆ قەبارەی 75 ملیار دۆلار، لەلایەكی دیكەشەوە كاریگەری نەرێنی دەبێت بۆسەر كۆمپانیا بچوك و مامناوەندەكانی ئەمریكا". 

جەنگیز ئۆكتاری نووسەر و توێژەری سیاسی توركیا لە پێگەی ئەلەكترۆنی ئەحوال توركیادا دەڵێت كاریگەری ئابووری ئەو بڕیارە دەكرێت لە شوێنێك بوەستێندرێت، بەڵام گرنگتر لە ڕەهەندە ئابوورییەكە ئەوەیە ئەو بریارە پەیامێكی سیاسی مەودا سیمبولییە بەوەی ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زۆر كارتی فشاری لەبەردەستن كە دەتوانێت لە كاتی گونجاودا دژ بە توركیا بەكاریان بێنێت.

لەوانەیە ئەو بڕیارە كاریگەر‌ی هەبێت بۆسەر هەڵبژاردنە ناوخۆیەكانی ئایندەی توركیا كە لە كۆتایی ئەم مانگەدا دەكرێت، بەوەی دەنگدەری توركی لە لایەن ئەمریكای هاوپەیمانی دێرینیانەوە سزا دەدرێت. ئەكتار دەڵێت دەكرێت ئەردۆغان ئەم خاڵە لە بەرژەوەندی خۆی بەكاربێنێت، بەوەی لە ووتارەكانیدا ڕایبگەیەنێت كە توركیا ڕووبەڕووی هەڵوێستی دوژمنكارانەی ئەمریكا دەبێتەوە، ئەمەش یارمەتیدەری سەرۆكی توركیا دەبێت بۆ بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە لەبەرامبەر جەماوەردا لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەیدا.

جلدم ئەتەبای شانلی توێژەر پێی وایه كردنەدەرەوەی توركیا لە زێدەمافەكانی ڕێككەوتننامەی "مامەڵەی بازرگانی ڕیزپەڕ ، زیاتر ڕەگەكانی‌ لە قوڵایی سیاسەتدان وەك لە بواری ئابووری، ئا))ماژە بەوەش‌ دەكات ‌كە هەر چاودێرێكی دۆخەكە دەتوانێت قەبارەی ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن بزانێت كە زۆرینەی هەرە زۆریان لەسەر دۆخی سوریا و بەرزەفڕییەكانی توركیان بۆ كڕینی موشەكی ئێس-400 ی ڕوسی كە حكومەتی ئەمریكا و پنتاگۆن بە توندی ڕەتیدەكەنەوە.

شانلی كە بەڕێوەبەرێكی پێشووی سەنتەری لێكۆڵینەوە ستارتیژییەكانی دامەزراوەی "ئیجلی ئاند كو" ە، ئاماژە بەوەش دەدات كە توركیا هەناردەكردنی بەشێك لە كاڵاكانی بۆ ئەمریكا لە دەست دەدات، ئەو كۆمپانیا توركیانەش كە بە گوێرەی رێككەوتننامەكە كاڵاكانیان دەفرۆشن، یان دەبێتە بەرگەی ئەو زەرەرە بگرن یاخود بەدوای بازاری دیكەی جێگرەوەدا بگەڕێن.

ئیسار كاراكاش – ی نووسەر و مامۆستای زانكۆ بۆ پێگەی ئەلەكترۆنی ئەحوال توركیا دەڵێت جكە لە بواری هاوردە و هەناردەكردن، ئەو بڕیارەی ئەمریكا لەوانەیە شوێنكارێكی دیكەی ئابووریشی لێبكەوێتەوە، ئەویش ئەوەیە كە وەبەرهێنانە ناڕاستەوخۆ ئەمریكییەكان لە توركیا لە كەمی دەدەن، چونكە وەبەرهێنەران هەست به دڵەڕاوكێ‌ دەكەن لەوەی ئەوان لە‌ ووڵاتێك سەرمایەكانیان دەخەنەگەڕ كە لە یانەی ئەو دەوڵەتانە وەدەرنراوە كە مامەڵەیەكی بازرگانی تایبەتی لەگەڵ دەكرا.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر





ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved