شا سەلمان دەترسێت كوڕەكەی كودەتای بەسەر بكات
كێشە دەكەوێتە نێوان پادشای سعودیەو شازادەی جێنشین

جیهان

07/03/2019‌ 4096 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی بڵاویكردەوە، چەند ئاماژەیەك هەیە بۆ تێكچوونی پەیوەندی نێوان پادشای سعودیە "سەلمان بن عبد العزیز "و كوڕەكەی "محەمەد بن سەلمان"، كە جێنشینییەتی.

رۆژنامەكە روونكردووەتەوە لەم چەند هەفتەیەی دواییدا جیاوازی كەوتووەتە نێوان هەردووكیانەوە دەربارەی مامەڵە لەگەڵ چەند پرسێكی سیاسی گرنگدا، لە نێویاندا جەنگی یەمەن.

بەپێی رۆژنامەكە ئەو ناكۆكییانە لەگەڵ كوژرانی رۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچیدا سەری هەڵدا و سنووری ئالۆزییەكە بە شێوەیەكی گەورە لە كۆتاییەكانی مانگی شوباتی رابردوودا سەری هەڵدا كاتێك شا سەلمانی 83 ساڵە سەردانی وڵاتی میسری كرد بۆ ئامادەبوون لە لووتكەی كۆمكاری عەرەبی و یەكێتی ئەوروپا لەشاری شەرم شێخ.

رۆژنامەكە باسی ئەوەشی كردووە راوێژكارەكانی پاشا هۆشدارییان پێداوە بەوەی مەترسی هەیە لەئەگەری جوڵەیەك لە دژی و دارودەستەكەی پاشا لە دڵەڕاوكێیەكی زۆردا بوون لەو مەترسییە بۆ دەسەڵاتی پاشا، بۆیە بڕیاریداوە تیمە ئەمنییەكەی بگۆڕێت لە گەشتەكەیدا و داوای لە 30 كەسی وەزارەتی ناوخۆی كردووە ، كە بە وردی هەڵبژێردان و نێردراون بۆ میسر بۆ ئەوەی تیمەكەی لەوێ‌ بگۆڕن.

سەرچاوەكە ئەوەشی دوویاتكردووەتەوە، ئەو هەنگاوە وەك كاردانەوەیەكی خیرا بووە پاش ئەوەی هەست بە مەترسی هەبونی پشتیوانانی شازادەی جێنشین كراوە لەنێو ئەندامانی تیمی ئەمنی پادشای سعودیە. 

هەروەها روونكردووەتەوە، راوێژكارەكانی پاشا ئەو تیمە ئەمنییەی میسریشیان رەتكردووەتەوە، كە پاسەوانی پاشایان كردوە لەو كاتەی لە میسر بووە.

تێكچوونی ئەو پەیوەندیەی نێوان باوك و كوڕ بە روونی هەستیپێكراوە كاتێك شازادەی جێنشین لە نێو ئەوانەدا نەبووە، كە چوون بۆ پێشوازی پاشا لەكاتی گەڕانەوەیدا بۆ سعودییە، ئەمەش بەگوێرەی لیستی میوانە رەسمییەكانی فرۆكەخانەی ریاز.

شازادەی جێنشین پۆستی جێگری پاشای وەرگرت لەكاتی ئامادەنەبوونی باوكی لە وڵاتدا و لەو كاتەدا شازادە دوو فەرمانی گەورەی واژووكردووە، ئەوانیش: دانانی ئەمیرە ریما بنت بەندەر كوڕی سوڵتان وەك باڵێوزی سعودیە لە ئەمەریكا و دانانی براكەی خالد كوڕی سەلمان وەك وەزیری بەرگری. 

دیارە دانانی وەزیری بەرگری بۆ جێگیركردنی دەسەڵاتە لە لقێكی خێزانی پاشایەتی وەك رۆژنامەكە باسی لێوە كردووە.

لەگەڵ ئەوەی ئەم گۆرانكاریانە پێش ئەو كاتە باسی لێوە كراوە، بەلام سەرچاوەكە بۆ رۆژنامەكەی ئاشكرا كردوە دانانەكان بەبێ ئاگاداری پاشا ئەنجامدراون، هێمای بۆ ئەوەش كردوە پاشا توڕە بوە لە دانانی خالد وەك وەزیری بەرگری و پێدانی بەرپرسیاریەتی گەورە.

سەرچاوە: Dw-arab.com
وەرگێڕان: حلمی رەسوڵ رەزا