حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم گرێبەستێكی 20 ساڵەی تر لەگەڵ دانەگاز واژوو دەكات

کوردستان

07/03/2019‌ 1064 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سۆران عومەر پەرلەمانتاری كوردستان دەڵێت: دوای دۆڕاندنی 2 ملیار دۆلار، حكومەتی كاربەڕێكەر، گرێبەستێكی 20 ساڵەی دیكە لەگەڵ دانەگاز واژووكردووە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی كۆمپانیای دیلۆیت.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، لە 3 مانگدا 1 ملیار دۆلاری نەوت براوە، كە سۆران عومەر دەشڵێت: فەزیحەی یەكەمی حكومەتی هەرێم بە 2 ملیار دۆلار چارەسەركرا، ئێستە گرێبەستێكی دیكەی 20 ساڵی دەكەن بەبێ ئاگاداری هیچ لایەك.

پەرلەمانتارەكە ئاشكرایكردووە،  بەپێی گرێبەستی ساڵی 2007ی حكومەتی هەرێم و دانەگاز، هەرێمی كوردستان توشی زیانی گەورە كراو لەئەنجامی سكاڵای دانەگاز لەهەرێم بەسوڵحی درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی دانەگاز بۆ 20 ساڵی دیكەو پێدانی 2 ملیار دۆلار وەك قەرەبوو هەرێمی كوردستان لەم قەیرانە خولقێنراوەدا توشی ئەو فەزیحە كرا، ئێستە لەگەڵ دانەگاز و هاوبەشەكانی دیكەی گرێبەستێكی 20 ساڵی نوێ كراوە بەبێ ئەوەی حكومەتی هەرێم لەم كابینەدا كەوادەی تەواو بووە مافی ئەوەی هەبێ وەها گرێبەستێك بكات، پاش واژۆكرنی گرێبەستەكە لە 19ی شوباتی ئەمساڵەوە تاكو دانەگاز بەیانێكی بڵاونەكردەوە كەس نەیزانیوە حكومەتی هەرێم وەها گرێبەستێكی دیكەی ئەنجامداوە.

هەروەها جەختیكردووەتەوە، لەكاتێكدا لایەنەكان سەرقاڵی پێكهێنانی كابینەی نوێن كەچی لەپەنای ڕێكەوتنی لایەنەكاندا ئاشتی هەورامی گرێبەستێكی 20 ساڵە لەگەڵ دانەگاز واژۆ دەكات بەبێ ئەوەی وەها دەسەڵاتێكی هەبێ ئەم كابینە. 

سۆران عومەر ئەوەش دەڵێت: ئێمە گەر هێشتا لەپەرلەمان لیژنەكان پێك نەهاتبێت‌و بۆمان نەبێت لەم كابینەی پێشوو بپرسینەوە، خۆ گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی واژۆی ڕێكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی ئایندەیان كردووە ئایا بۆچۆ لەسەر ئەم گرێبەستە بێدەنگن لەكاتێكدا لێشی بێ ئاگان.

حكومەتی هەرێم لەماوەی 3 مانگدا بڕی 1 ملیار دۆلاری لەداهاتی نەوت بردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی پێنجەمی كۆمپانیای دیلۆیت، هەرێمی كوردستان لەماوەی مانگەكانی تەمموزو ئاب و ئەیلولی 2018 بڕی 35 ملیۆن و 751 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، كە دەكاتە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت، تێكڕا هەر بەرمیلێكی بە 63.098 $ فرۆشتووە، كۆی گشتی داهاتی نەوتە فرۆشراوەكە: 2 ملیارو 262 ملیۆن دۆلارە بەڵام لەم بڕە پارە تەنها 1 ملیارو 288 ملیۆن دۆلاری دەگاتە دارایی هەرێمی كوردستان .

لەكاتێكدا هەرێم مانگانە بەبڕی 757 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە، هەر ئەم بڕە پارە بەشی موچەی بێ پاشەكەوت دەكات بەبێ داهاتی ناوخۆو ئەو 317 ملیارەی لەبەغداوە هاتووە.

ئەمە جگە لەوەی 104 ملیۆن دۆلاریش پارەی پێشەكی لە چەند كۆمپانیایەك وەرگرتووە هێشتا نەوتەكەی پێ نەداون. 

بەو پێیە نزیكی 1 ملیار دۆلار پارەی نەوت نەگەڕێنراوەتەوە دارایی هەرێمی كوردستان بەبیانوی جۆراوجۆرەوە سەرفكراوە، بەردەوام %45 ی داهاتی نەوت دیار نیەو ناگەڕێتەوە دارایی هەرێم و بەناوی جۆراوجۆرەوە سەرف دەكرێن.