مێژووی سەرهەڵدانی جوانكاری لای خانمان‌و گەلە جیاوازەكان

هەمەڕەنگ

09/03/2019‌ 1542 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژانە چەندین ماركەو جۆری جیاواز جیاوازی میكیاج دەبینین، كە هەر یەكێك لەوانە ئەركیكی جیاوزی بۆ بواری جوانكاریی هەیەو جوانكاری و میكیاجیش بەرهەمی ئەمڕۆو جیهانی مۆدێرنە نییە، بەڵكو مێژوویەكی دورودریژی هەیە كە لێرەدا باسی دەكەین :

لای فیرعەونەكان میكیاج بۆ ژنان و پیاوانیش بووە 
لە قۆناغی پێش خێزانە فیرعەونییەكان ، میسرییە كۆنەكان یەكەمین كەس بوون كە هەندێ گیراوەی جوانكارییان بەكارهێناوە ، بەجۆرێك ژنان و پیاوان بە كلچووك " قەڵەمی كل" هەندێ هێڵكارییان بەدەوری چاوەكانیاندا دەكرد ،چونكە  پێیان وابوو كە ئەوە وادەكات هێزە خراپەكارەكان دووربكەونەوە .

ژنە فیرعەونەكان یەكەمین كەس بوون ماسكی تایبەت بە پاراستنی پێستییان بەكارهێناوە 
كیلۆپاترا و نەفرتیتی لەیەكەمین كەسەكان بوون كە ئەو جۆرە ماسكانەیان درووست كردووە كە پیست لە چرچولۆچی دەپارێزێت ، ئەگەر  سەیری ئەو دیوارە هەڵكۆڵراوە شوێنەوارییانە بكەین كە لە شارستانییەتی میسری كۆن بەجێماون ، بۆمان دەردەكەوێت كەچۆن بۆ جوانكاریی مۆم و هەنگوینیان  بەكارهێناوە ، هەروەك زانیویشییانە  چی جۆرە رەنگێك بۆ دەوری چاوەكانیان  بەكاربهێنن بۆئەوەی چاوەكانیان گەورەتر  و جوانتر دەربكەوێت .

لە سەدەكانی ناوەراست كرێمی سپییكردن درووستكراوە
بەهۆی ئەوەی ئافرەتی خیزانە هەژارەكان بۆكاركردن ناچار بوون رۆژانە چەندین كاتژمێر لەبەر خۆر كار بكەن ، ئەمەش وایدەكرد كە رەنگی پیستیان تاریك و تەڵخ دەربكەوێت ، بۆیە پێستی سپی لەو كاتەدا وەك ئاماژەیەك بۆ دەوڵەمەندیی و خۆشگوزەرانی سەیر دەكرا ، لەبەر ئەوە لەسەدەكانی ناوەڕاست دەوڵەمەندەكان زۆر  گرنگییان بەبەكارهێنانی كرێمی سپیكردنی پێست دەدا ، هەر بۆیە ئەگەر سەیری تابلۆ هونەرییەكانی ئەو سەردەمە بكەین دەبینین لە زۆربەی وێنەكاندا ئافرەتەكان بە پێستێكی زۆر سپی دەردەكەون  ، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی پێستی سپی شتێكی ویستراو  بووە .

لە ڕۆمای كۆن برژانگی درێژ مانای پاكداوینی گەیاندووە 
لە رۆمای كۆن شوێنی تایبەت بە لەشفرۆشیی و ئافرەتی لەشفرۆش بڵاو ببۆوە ، خەڵكی ئەو سەردەمە پێیان وابوو هەڵوەرینی برژانگ بەهۆی زیادەرەویكردنە لە ئەنجامدانی كاری سێكسی ، بۆیە وایاندەزانی ئەو ئافرەتانەی برژانگییان درێژە ئەوە  بەڵگەی  پاكداوێنی ئەو خانمەیە ، لەلایەكی ترەوە خەڵكی ئەوكاتی رۆما زۆر  حەزیان لە چاوی گەورەی ئافرەتان دەكرد ، ئافرەتانیش بۆ ئەو مەبەستە سوودیان لە هەڵێنجراوی  رووەكی "بیلادۆنا" وەردەگرت تا چاوەكانیانی پێگەورەتر دەربخەن ، بەڵام زۆرجار ئەوە دەبووە هۆی كوێربوونی هەمیشەیی هەندێ لە بەكارهێنەرانی.

پیاوانی رۆما پێیان وابووە بەكارهینانی بۆنی خۆش بۆ هەڵخەڵەتاندنە 
لە سەرەتای چەرخی نوێ ، پیاوان رقیان لەو ئافرەتانە بوو كە بۆنی خۆشییان لەخۆیان دەدا ، بۆیە هەوڵییان دەدا  لێیان دوور بكەونەوە ، چونكە پێیان وابوو بەكارهێنانی ئەو بۆنە خۆشە وەك فێڵێك وایە بۆ شاردنەوەی بۆنی ناخۆشی مەی و دووكەڵ .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی