زانیاری لەسەر دەنگۆكانی هاككردنی سیستەمی كامێراكانی هاتووچۆی هەرێم

کوردستان

09/03/2019‌ 1433 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەو دەنگۆیانە "راست نین"، كە باس لەوە دەكەن سیستەمی كامێراكانی هاتووچۆی هەرێمی كوردستان هاكراوە.

لەو بارەوە موقەدەم فازڵ حاجی، وتەبێژی ھاتووچۆی پارێزگای ھەولێر لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، ئەو زانیاریانە راست نین، باس لە ھاككردنی سیستمی كامێراكانی هاتووچۆی هەرێم دەكەن.

ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ شەممە دەنگۆیەكی زۆر بڵاوبووەتەوە، كە سیستەمی كامێراكانی هاتووچۆی هەرێم هاككراوە.

موقەدەم فازڵ حاجی، سەرەڕای رەتكردنەوەی دەنگۆكان، بەڵام نەیشاردەوە لەھێڵی ئینتەرنێت كێشەی تەكنیكی دروست بووە.

هەروەها جەختیكردەوە، بەڵام ئەوە كێشەی بۆ فایلەكانی زانیاری دروست نەكردووەو راشیگەیاند، پارەی سزاكان وەك خۆی ماوەتەوە.

وتەبێژی ھاتوچۆی ھەولێر روونكردەوە، ئەو كێشەیەی دروست بووە تەنیا لە غەرامەی ئۆتۆمبیلی تایبەتە، كە بەهۆی لۆدەوە ئەو كێشە دروست بووە.

هـ ـ ح