هەوڵی توركیا بۆ بە تورككردنی ناوچەكانی باكووری سوریاو رۆژئاوای كوردستان

کوردستان

10/03/2019‌ 2039 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند ساڵێكە توركیا هەژموونی خۆی لەباكووری سوریا بەهێز دەكات، هەندێك وا لەو هەنگاوەی دەڕوانن، كە ڕێخۆشكەرییەكە بۆ بە تورككردن و داگیركردنی یەكجاری ئەو ناوچەیە لە ئایندەدا‌.

ئیستا توركیا دەستی بەسەر ئەو زەوییانەدا گرتووە، كە دەكەونە ڕۆژئاوای ڕووباری فوڕاتەوە بە تەنیشت سنووری باشووری ڕۆژهەڵاتییەوە، هەر لە شاری جەڕابلوس لە ڕۆژهەڵات و تا عەفرینی زۆرینەی كوردنشین لە باكوری ڕۆژئاوای سوریا.

ئەمە چۆن ڕوویدا؟
بوونی توركیا لە باكوری سوریا، هەر تەنیا بوونێكی سەربازی نییە، بەڵكو دەسەڵاتدارانی توركیا بەهاریكاری لایەنە ئۆپۆزسیۆنە سورییە پاشكۆكانی، بە تەنیشت قۆرغكاری پڕۆژە ئابوورییە سەرەكییەكانەوە لە ناوچەكە،  كار لەسەر بڵاوكردنەوەی ڕۆشنبیری و زمانی توركی دەكەن.

لە 9 ی ئۆگۆستۆسی 2016، توركیا كردەیەكی سەربازی لەژێر ناونیشانی "قەلغانی فوڕات" دەستپێكرد، ئەمەش بە هاریكاری هەندێك لایەنی‌ ئۆپۆزسیۆنی سوری لەو ناوچانەی ئەو كات لەژێر دەستی داعشدا بوون.

لە سەرەتای ساڵی 2017، هێزەكانی توركیا و هاوپەیمانەكانی دەستیان گرت بەسەر بەشێك لە زەوییەكانی سەرسنور، هەر لە جەڕابلوسەوە لە {ۆژهەڵات تاوەكو ئەعزاز لە رۆژئاوا و ناوچەی باب لە باشوور.

ئامانجە ڕاگەیەندراوەكەی توركیا لەو كاتەدا بە پاساوی جەنگان بوو دژ بە داعش، بەڵام ئامانجە ستراتیژییە گرنگەكەی ڕیگرتن بوو لە هێزە كوردییەكانی هاوپەیمانی واشنتۆن، لەوەی نەتوانن قەڵەمڕەووی خۆیان فراوان بكەن لە ناوچەكانی ڕۆژئاوای ڕووباری فوڕات.

لە یەنایەری 2018، توركیا و هەندێك لایەنی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە ئەنقەرە، كردەیەكی سەربازی تازەیان دەستپێكرد لە ناوچەكە، ئەمجارەیان ئامانجیان كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەی عەفرینی كوردنشین بوو كە ئەو كات لەبن دەستی شەڕڤانە كوردەكان بوو.

لەوساوە هەندێك لە ڕێكخراوە مافپەروەرە جیهانییەكان و میدیاكان باسی خراپبوونی باری ئابووری و ئەمنی و مرۆیی دەكەن لەو بەشەی خاكی سوریا. 

سەودا و مامەڵەیەكی توركی – ڕوسی
كردە سەربازییەكەی دژ بە عەفرین نزیكەی دوو مانگی خایاند، بە زاڵبوونی سوپای تورك و لایەن سورییە پاشكۆكانی ئەنقەرە كۆتاییهات. 

لە ئاكامدا 130 هەزار هاووڵاتی كورد لە عەفرین و گوندەكانی دەوروبەری ناوچەكەیان جێهێشت و لە خێوەتگەكان لە ناوچەی شەهبا لە ناوچەی لادێنشینی حەلەب نیشتەجێبوون لە دووری تەنها 20 كیلۆمەتر لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان.

ئاوارەكانی دوما و غوتەی ڕۆژهەڵات و حومس و حەما و ناوچەكانی دیكەی تێدا نیشتەجێ بوون كە حكومەتی سوریا دەستی بەسەر ناوچەكانیاندا گرتبۆ‌وە كه پێشتر‌ بەدەست ئۆپۆزسیۆنی پاشكۆی توركیاوە بوون ، ئەوانیان لە شوێنی عەفرینییەكان نیشتەجێ كرد. 

گەواهیدانی دانیشتوانی ناوچەكە 
لیژنەی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕاپۆرتێكیدا كە لە 31 ی یەنایەری 2019 دەریكردووە ووتوویەتی كە زیاتر لە 50 گروپی چەكدار لە باكوری سوریا بڵاوبوونەوە، دانیشتوانی ناوچەكە و بە تایبەتیش عەفرین كە زۆرینەی كوردنشینن – پێش كردەی داگیركاری توركیا – بەدەست ئەو داگیركارییەی توركیاوە دەناڵێنن لە تاڵان و بڕۆیی بەردەوام لە لایەن ئەو كەسانەوەی كە دەبوو خزمەتگوزاری ناوچەكە و پارێزەری هاووڵاتییەكانیبن، ئەمە جگە لە نەبوونی یاسا و بەرزەفتكردن و دووبارەبوونەوەی دۆخەكانی ڕفاندن و ئەشكەنجەدان و بڵاوبونەوەی مافیاكان، كە ژیانی خەڵكیان كردۆتە دۆزەخێك و بەرگەی ناگیرێت.

هاووڵاتییان دەڵێن زۆرجاران لای پۆلیسی ناوخۆی شارەكە و دەسەڵاتدارانی توركیا سكاڵایان كردووە، بەڵام هیچ سوودێكی نەبووە.

ڕاپۆرتەكە باسی ئەوەشی كردووە كە زۆرینەی دەستگیركراو و ڕفێندراوەكان لە كوردەكانن، بە تایبەتیش لە چالاكوانە كوردەكان كە ڕەخنە لە كار و كردەوەكانی ئەو گروپە چەكدارانە دەگرن لە دزی و ڕاوڕووت و شكاندنی یاساكان.

ئەنجوومەنەكە ڕاپۆرتیشی پێگەیشتوون سەبارەت بەو تەنگەتاوییانەی هاووڵاتییە مەدەنییەكان تووشی دێن بەدەست ئەندامانی ئەو گروپە چەكدارانەوە كە داوای بەرتیل و پارە لە هاووڵاتییان دەكەن لە بەرامبەر ڕاییكردنی سادەترین كاروباری ڕۆژانەیاندا، بە تایبەتیش لە كاتی تێپەربوون بە خاڵەكانی پشكنین كە لە هەموو لایەكی ناوچەكەدا بوونیان هەیە.

بڕیارەكان ناوەندین
هەر بە گوێرەی ئەوەی لە ڕاپۆرتەكەی ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە، هەندێك لە دانیشتوانی ناوچەكە تێبینی بوونی بەردەوامی هێزەكانی سەربازی توركیایان كردووە لە عەفرین و ئەعزاز كە قوتابخانەكان به ‌مەبەستی سەربازی بەكاردێنن، سەربای ئەوەش دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردبۆ‌وە كە پاشەكشەیان كردووە.

دانیشتوانی ناوچەكە دەڵێن بێ بوونی بەڵگەی فەرمی كە لە لایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە دەردەكرێن ‌، ئەوان ناتوانن لە ناوچەی عەفرین و دەوروبەری هاتووچۆ بكەن.

دانیشتوانی عەفرینیش دەڵێن كە دادوەر و پارێزە سورییەكان به بێ‌ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دادی توركیا داناندرێن و كاریان پێ ناسپێردرێت، ئەفسەرانی پۆلیسی مەدەنی و لایەنی دیكەی سەربازیش، لە لایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە ڕاهێنانیان پێدەكرێت.

ئەو كەسانەش كە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كراوه،‌ بەو شێوەیە وەسفی پەیكەری ئیداری و جێبەجێكاری دەكەن كە تەواو ناكاران و ناشتوانن چارەسەری ئەو پێشێلكارییانە بكەن كە دەیەها گروپی چەكداری پێی هەڵدەستن. 

لیژنەكە وای دەبینێت هۆكاری بەسبوو هەن لەوە دڵنیامان دەكەنەوە كە ئەندامانی ئەو گروپە چەكدارانە لە عەفرین تاوانی جەنگیان ئەنجامداون، وەك ڕفاندنی خەڵك و مامەڵەی دڵڕەقانە ، ئەشكەنجەدان ، تاڵانی و بڕۆیی و تەنگەتاوكردن و تەنگپێهەڵچنینی ژنان.

ناسنامەی توركی 
توركیا ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئەنجومەنە ناوخۆییەكان دەكات كە ناوچەكانی نێوان جەڕابلوس و باب و عەفرین بەڕێوەدەبەن. ئەو ئەنجومەنانە سەر بەو دەزگایەن كە پێی دەگوترێت "حكومەتی سوری كاتی" و بارەگاكەی لە توركیایە و موچەی فەرمانبەرەكانیشی لە توركیا وەردەگرێت. 

بەرپرسێكی لاگیری گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سەر بە توركیاش لە مارسی ڕابردوو ووتی كە ئەنجومەنی عەفرین لە ڕووی كارگێڕییەوە سەر بە وویلایەتی ئەنتاكیای (هاتای) توركییە.

لە ڕاپۆرتێكی كۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكانی مافەكانی مرۆڤ كە لە یۆنیۆی 2018 بلاوكراوەتەوە هاتووە كە فەرمانڕەوایی هاتای دوو بەرپرسی توركی دانان بە سەرپەرشتیاری حوكمڕانی لە ناوچەی عەفرین.

لەناوچەی "باب" یش دانیشتوانەكەی داواكاریان پێشكەش كردووە بۆ وەرگرتنی ناسنامەی تازە كە دەسەڵاتدارانی توركیا دەری دەكەن. لە حاڵەتی سەركەوتنی ئەو پڕۆژەیە ، ئەوا لە ناوچەكانی دیكەی ژێر دەسەڵاتی توركەكان جێبەجێ دەكرێت.

كاروباری ئابووری و ئەمنی
توركیا لە ساڵی 2017 وە ڕاهێنان بە هێزەكانی پۆلیسی ناوخۆ دەكات، لە گرتەیەكی وێنەگیراویشدا لە شاری جەڕابلوس كە لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، چەند ئەندامێكی پۆلیس دەردەكەون كە سڵاو لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا دەكەن و دەڵێن: ((بژی توركیا و بژی ئەردۆغان)).

هەندێك وای دەبینن ئەمە بەرجەستەكردنی دەسەڵاتی پەلهاویشتووی توركیایە لە سوریا، لایەنگرانی توركیاش لە ناوچەكە پێیان وایە ئەردۆغان تەنها و تەنها پاراستنی توركیایی لا گەرەكە.
 
لە ڕووی ئابووریشەوە، جگە لەو ڕێكخراوانەی لە توركیا تۆماركراون، ڕێگە بە ڕێكخراوی دیكە نادرێت لە عەفرین و ناوچەكانی دیكەی ژێر دەسەڵاتی توركیا كار بكەن. توركیا دوو بنكەی خزمەتگوزاری پۆستەی توركی لە هەردوو شاری جەڕابلوس و باب كردونەوە، واش چاوەڕوان دەكرێت بەو زووانە بنكەیەكی دیكەش لە عەفرین  بكرێتەوە.

ئەو بنكانە ڕۆڵی بانەكان دەگێڕن، تاكە بنكەی فەرمین كە پارەكانی ناوخۆ و دەرەوە تۆمار دەكەن لەو ناوچانە.

پاێزگاری غازی عەنتاب توركی نوێنەری خۆی ناردوون بۆ كردنەوەی شاری پیشەسازی نێوان باب و حەلەب، ئەو شارە بە ڕێگایەك بەستراوەتەوە بە توركیاوە كە خودی دەسەڵاتدارانی توركیا ڕێگاكەیان دروستكردووە بۆ كارئاسانی كردەكانی هەناردە و هاوردەكردن لە نێوان توركیا و ئەو ناوچانەدا.

فیركردن و ڕۆشنبیری
لە كۆتاییەكانی ساڵی 2018 توركیا لقێكی زانكۆی حەرانی لە شاری باب كردۆتەوە. پسپۆڕییەكانی ئەندازیاری كارەبا و كشتوكاڵ و تەلارسازی تێدا دەخوێندرێت بە زمانەكانی عەرەبی و توركی و ئینگلیزی.
بەڵام لە عەفرین، قوتابخانەیەكی ناوەندی ئیسلامی توركی كراوەتەوە كە وێچووی قوتابخانەكانی "ئیمام خەتیبە" ، قوتابخانەی دیكەش كراونەوە و هەمووشیان لە لایەن توركیاوە پارەدار دەكرێن.

چالاكوانان توركیا بە پیادەكردنی سیاسەتی بە تورككردن تۆمەتبار دەكەن بە تایبەتیش لە عەفرین، ئەمەش لە ڕێگەی سڕینەوەی هەموو سیمبولێكی كوردی لە شارەكە و گۆڕینی ناوی شەقام و گۆرەپانە سەرەكییەكان و داماڵینیان لە ناسنامە كوردییەكانیان، وە بڵاوبوونەوەی ئاڵاكانی توركیا و وێنەكانی ئەردۆغان لە فەرمانگە فەرمی  و قوتابخانەكان و شوێنە گشتییەكاندا.

بە گوێرەی سەرچاوە بەرهەڵستكارەكانی توركیا، دەسەڵاتدارانی توركیا بانگەشەی ئەوە دەكەن كە لە ڕووی مێژووییەوە پەیوەندییەكی پتەیان بە باكوری سوریا‌وە هەیە،  دەڵێن بەشێك لە شارۆچكەی باب لە بنەچەدا دەگەڕێتەوە بۆ موڵكداری خێزانی سوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم.

توركیا پلان بۆ تازەكردنەوەی ماڵێكی عەفرین دادەڕێژێت كە بیگۆڕێت بۆ مۆزەخانه،‌ بەو پاساوەی ئەتاتوركی دامەزرێنەری كۆماری توركیا لە ماوەی جەنگی یەكەمی جیهانی بەكاریهێناوە.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆلی فەرمی، فەرمانڕوایی ئەنتاكیای توركی لەم دواییانەدا ووتی بنكەیەك هەیە كە كەمال ئەتاتوركی لە ماوەی جەنگی یەكەمی جیهانی بەكاریهێناوە لە ناوچەی ڕاجوی سەر بە عەفرین، ئەوان لە ئایندەیەكی نزیكدا كار لەسەر ئەوە دەكەن نۆژەنی بكەنەوە و بیكەنە شوێنێكی مێژوویی. 

لەوڵاتی خۆیان دەربەدەرن 
بە هۆی پیادەكردنی كردەی دەستگیركردنی ستەمكارانەی گروپە چەكدارەكانی ناو عەفرین، زیاتر لە 130 هەزار كەس ئاوارە و دەربەدەری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریا بوون، یان چوونە ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی سوریایی دیموكراتدان لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

لە كاتی گەڕانەوەی دەیەها هەزار كەسی دانیشتوانی عەفرین بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان، ماڵەكانیان بەتاڵ و حەتاڵ بوون ، لە دۆخی دیكەشدا گەڕاوەكان بینییان كە ماڵەكانیان لە لایەن چەكدار و خێزانەكانیانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و تیایدا نیشتەجێ بوون.

سەرچاوە: BBC NEWS
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر