ئەڵمانیا دەیەوێت ئەو پارەیەی بەپەنابەرانی دەبەخشێت زیادبكات

جیهان

11/03/2019‌ 770 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەیەكی ئەڵمانی ئاشكرایكرد، وەزارەتی كاری فیدراڵی ئەڵمانیا دەیەوێت ئەو پارەیەی تایبەتە بۆ داواكاری پەنابەری لە ولاتەكەیدا زیاد بكات.

رۆژنامەی "بیڵد ئیم زونتاگ"ی ئەڵمانی لەنوێترین ژمارەی باسی لەوە كردوە بڕیارە ئەو كەسانەی هاوسەرگیرییان نەكردووە 150 یۆرۆیان وەك خەرجی مانگانە پێبدرێت لە ئایندەدا، ئەوەش لەجیاتی 135 یۆرۆ، كە ئێستا پێیان دەدرێت.

رۆژنامەكەی هێمای بۆ ئەوەش كردووە، ئەو گەنجانەی تەمەنیان لە نێوان 14 و 17 ساڵیدایە لەجیاتی 76 یۆرۆ 79 یۆرۆیان پێدەدرێت و منداڵان لە نێوان تەمەنی 6 و 13 ساڵی لەجیاتی 83 یۆرۆ 97 یۆرۆیان پێدەدرێت و منداڵانی ژێر تەمەنی 6 ساڵ پارەكەیان لە 79 ەوە دەبێتە 84 یۆرۆ.

ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی ئەڵمانیا پابەندە بە هەمواكردنەوەی یارمەتییەكان بە شێوەیەكی خولی بۆ ئەوەی گونجاو بێت، ئەمەش لەسەر بنەمای نموونەیەكی هەڕەمەكی ساڵانەیە بۆ دەسكەوت و خەرجی، كە نووسینگەی فیدراڵی بۆ سەرژمێری دەریان دەكات، بەڵام زیاد بوونی ئەم دواییە پێش سێ ساڵ بوو، چونكە پرۆژە یاسای زیاد كردنەكە لەئەنجوومەنی ویلایەتەكان لە میانی ماوەی یاسادانانی رابردوو وەستابوو.

پلانە نوێیەكەی وەزارەتی كار رووبەرووی رەخنەی یەكێتی مەسیحی هاوبەش لەئیئتلافی دەسەڵاتداری پێكهاتووە لەحیزبی مەسیحی دیموكراتی و حیزبی مەسیحی كۆمەڵایەتی بووەوە.

لەم بارەیەوە جێگری سەرۆكی كوتلەی پەرلەمانی یەكێتی مەسیحی تورستن فرای وتی: بە زیادكردنی یارمەتییەكان هێمایەكی هەڵە بۆ هاووڵاتییە رەسەنەكان دەنێرین و ئەو یارمەتیانەی ئەڵمانیا پێكشەشی دەكات لەوانەی ئەوروپا زۆرترە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی داوای پەنابەری زیاد بكات، بۆیە دەبێت هەوڵی كەمكردنەوەی بدەین.

فرای بە شیوەیەكی تایبەتی داوای ئەوەی كرد یارمەتیەكانی ئەو كەسانە كەمبكرێتەوە كە یەكەمجار لە ولاتەكانی تری ئەوروپا داوای پەنابەرییان كردوە و وتی : نابێ هیچ شتێك لە ئایندەدە بدرێت بەو حاڵەتانەی سیستەمی دبلنی لەسەر جێبەجێ دەكرێت تا ئەو كاتەی كارتی گەرانەوەی بۆ دەردەكرێت.

بە گوێرەی ریساكانی سیستەمی دبلن كە تا ئێستا لە یەكێتی ئەوروپا كاری پێ دەكرێت، ئەو دەوڵەتەی یەكەمجار پەنابەرەكەی پێ دەگات بەرپرسە لە رێكارەكانی پانەبەری تایبەت بە خۆی.

پرۆژە یاسای زیاد كردنی یارمەتی كۆمەلایەتی تا ئێستا پێویستی بە پرۆسەی تەنسیق هەیە لە نێوان وەزارەتەكاندا. و وتەبێژی وەزارەتی كار بە رۆژنامەكەی راگەیاندوە، بڕیارە یاساكە لە سەرەتای ساڵی 2020 ەوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لای خۆیەوە ئەمینداری گشتی حزبی باڤاری ماركۆس بلومە دەڵێ: وەزیری كار بەم پرۆژەیە رەزامەندی سیستەمی پەنابەری لاواز دەكات و تێچوەكانی پەنابەران زیاد دەكات، و هۆشداری ئەوەشی داوە زیاد كردنی یارمەتیەكان دەبێتە هۆی ناردنی هێمایەكی هەڵە، لە نێوانیشیاندا كۆچهێنەران بەهۆی هۆكاری ئابوریەوە. و ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پەنابەری مافی توێژەرەكانە بۆ پاراستنیان نەوەك خەرجیەكانیان، ئەوەشی دووپاتكردەوە نابێ یارمەتی بۆ پەنابەران زیاد بكرێت، بەڵكو پێویستە ئەو یارمەتیەی پێیان دەدرێت هەمواربكرێتەوە.

سەرچاوە: Spotnik news
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا