لەبێ باوەڕییەوە بۆ ژێر ئاڵا رەشەكە.. چەكدارێك چیرۆكی خۆی لەناو داعش دەگێڕێتەوە

جیهان

11/03/2019‌ 6498 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەكداریكی بەندكراوی داعش لای هێزەكانی سوریای دیموكرات ، داوا لە دەسەڵاتدارانی ئیتالیا دەكات، كە ڕێگەی پێبدەن بگەرێتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆی و سەرلەنوێ ژیانێكی تازە دەستپێبكاتەوە .

ئەو چەكدارە، كە پێشتر باوەڕی نەبووە، چووەتە سوریاو پەیوەندی بەرێكخراوی داعشی ئاڵا رەش كردووەو دواتر دەستگیركراوە، كە لەگێڕانەوەكەی دەڵێت: دوای ئەوەی چەند مانگێك لێیان تووڕەو نیگەران بووە ئێستا دەستبەرداری خەلافەتەكی داعش بووە .

مونسیف موخەییەری تەمەن (٢٢ ساڵ)، كە بەرەگەز مەغریبییە و لەئیتالیا گەورە بووە ، پێش دوو مانگ خۆی ڕادەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات كردووە، لەیەكەم چاوپێكەوتنیدا قسەی بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز كردووە .

موخەییر باس لەوە دەكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی تێكشكان و بەزینی داعش بێسەرەوبەرەیی لەناو چەكدارانی داعشدا درووست بووە ، ئەوە جگە لەدرووستبوونی ململانێ و ڕاكردنی بەشێك لەفەرماندەكانی ئەو ڕیكخراوە لە سوریا .

موخەییر دەشڵێت: داعش خەریكی دانانی پلانێكی ترە بۆ دوای تیكشكانی، ئەویش بەوەی لەڕێگای راكردنی سەدان چەكداری ئەو رێكخراوە بۆ دەرەوە خەریكی درووستكردنی شانەی چەكدارین لەدەرەوە .

ئەو گەنجە وەك ئەو هەزاران كەسەی لەسەرانسەری جیهانەوە بەخەیاڵی درووستكردنی خەلافەتێكی ئیسلامی، كە هیچ سنوورێك نەناسێ چووەتە سوریا ، بەرپرسە ئەمنییە كوردەكان دەڵێن: ئەو كەسە ئیتالییە و هەڵگری رەگەزنامەی ئیتالیایە .

موخەییەر دوای ئەوەی لەشەڕدا قاچێكی پێكراوە ئێستا بە دارشەق دەڕوات ئەوەش دەڵێت: هیوادارم بگەڕێمەوە بۆ ئیتالیا بۆلای خزم و هاوڕێكانم ، ئەوان پێشوازیم لێدەكەن و یارمەتیم دەدەن تا ژیانێكی نوێ درووست بكەمەوە ، تەنیا دەمەوێت لەم فلیمە دەرچم ، ماندوو بووم..

دەزگاكانی راگەیاندنی ئیتالیش دەڵێن: ساڵی ٢٠١٧ دادگای ئیتالی بەتۆمەتی بڵاوكردنەوەی بانگەشە بۆ داعش و هەوڵدان بۆ ناردنی گەنجانی ئیتالی بۆ ناو داعش ، سزای ٨ ساڵ زیندانیكردنی بۆ موخەییەر دەركردووە. 

ئاژانسی رۆیتەریش لە بارەگایەكی ئەمنی و بە ئامادەبوونی بەرپرسێك لە هێزەكانی سوریای دیموكرات چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئەو گەنجە كردووە.

موخەییەر پێش ئەوەی لەتەمەنی ١٨ ساڵیدا بچێتە ناو داعش گەنجیكی بیباوەڕ بووە و زۆر حەزی لە مۆسیقای راپ بووە ، خەونیشی بەوەوە بینیوە بروات بۆ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا .

ئەو گەنجە دەستگیركراوە باس لەوەش دەكات، كە پێش ئەوەی بەخانەیەك بسپێردرێت، كە لەلایەن قەشەیەكەوە سەرپەرستی كراوە بۆ ئەو گەنجانەی تووشی شڵەژانی دەروونیی بوون  ، بەشی زۆری ژیانی خۆی لەگەڵ پوری لەشاری میلانۆ  بەسەر بردووە، كە وەكو دایكی خۆی وەسفی دەكات ، ئەوە جگە لەوەی موخەییەر  بەتۆمەتی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەكان مانگێكیشی لە گرتووخانە بەسەر بردووە.

دوای ئەوەی داعشی ناسیوە بەشداری كردووە لە تۆمارە ڤیدیۆییەكانی داعش لەپێگەی یوتیوبەوە ، باسی لەوەش كردووە لەڕێگای فەیسبووكەوە كاری بۆ داعش كردووە .

چوار ساڵیش پێش ئێستا تەنیا مانگێكی ویستووە تاوەكو بریار بدات لەگەڵ هاوڕێیەكی بچێتە سوریا ، هاوڕێكەشی لەسوریا لەمەیدانی شەڕدا كوژراوە .

دوای ڕاهێنانی سەربازیی و ئاینی ، موخەییەر لەچەندین شەردا بەشداری كردووە ، دوای ئەوەی داعش رەققەی لەدەستدا رووی كردووەتە مەیادین لەسەر رووباری فورات ، دواتر لەڕێگای بیابانەوە بەرەو  رۆژهەڵات و سنووری عێراق هاتووە .

موخەییەر دەڵێت: دوای كۆمەڵێت شكستی یەك لەدوای یەكی سەربازی ڕێكخراوەكە لە رۆژهەڵاتی سوریا ، جۆرێك لە بێسەرەوبەرەیی لەنێوان فەرماندە و ئەمیرەكانی داعشدا درووست بووە .

هەروەها دەشڵێت: هەوڵیداوە لە شەرەكان رابكات ، بەڵام خستوویانەتە زیندانەوە و دواتر خراوەتە ریزی پێشەوەی شەرەكانەوە تاوەكو لە باغۆز بریندار بووە .

موخەییەر  باس لەوەش دەكات، كە توندرەوەكان بۆ دوو بەرە دابەش ببوون بەشێكیان حەزیان دەكرد خۆبدەن بەدەستەوە ، بەشێكی تریان دەیانەویست تا مردن شەڕ بكەن .

ئاماژەش بۆ ئەوە دەكات، كە هاوسەرەكەی كوردێكی سوری خەڵكی كۆبانی بووەو پێش سێ ساڵ هاوسەرگیری لەگەڵ كردووە، بەڵام بروای پێهێناوە، كە بروات و ئەوێ بەجیبهێڵێ .

لەدریژەی قسەكانیدا موخەییەر دەڵێت: منداڵم دەبینی لەبرسان دەمردن ، شتەكان لەتوانادا نەمابوون ، كچە بچووكەكەم ماریا زۆر لاواز ببوو، دەترسام لەبرسان بمرێت‌و دەشڵێت: هێندەی بیر لە هاوسەر و كچەكەم بكەمەوە ناتوانم بخەوم ، ئەوان ئیستا لە كەمپی پەنابەرانن ، هاوسەرەكەم لەچەند مانگی تر منداڵیكی تری دەبێت.

موخەییەر دەڵێت: من هێشتا بروام بە فكرەی درووستكردنی دەوڵەتی خەلافەت هەیە ، بەڵام فەرماندەكانی داعش بەوە تۆمەتبار دەكات، كە لەو پرەنسیپانە لایانداوە دەڵەتی خەلافەتی داعشی لەسەر دامەزراوە و دەڵێت: ئەوان وەك مافیا هەر خەریكی كۆكردنەوەی پارە بوون ، بێئەوەی كەس سزایان بدات .

لەكۆتاییدا دەڵێت: فەرماندەكانی داعش موڵك و ماڵیان دزی و بەرەو توركیا یان عێراق یان وڵاتانی ئەوروپا رایانكرد و داوشیان لە خەڵكە بەجێماوەكە دەكرد كە شەڕ بكەن بەرگری لەئیسلام بكەن " .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە