دیداری سلێمانی دەریخست عێراق ئاستەنگی گەورەی لەپێشە

عیراق

11/03/2019‌ 1160 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دیداری سلێمانی لە هەرێمی كوردستان زۆر لەو ئاستەنگ و بەربەستانەی دەرخست، كە ڕووبەڕووی عێراقی ئایندە دەبنەوە، كە دیدارەكە تیشكی خستەسەر دیارترین سەركەوتنەكانی عێراق لە بوارە‌ جیاجیاكاندا. 

دیدارەكە ساڵانە لە زانكۆی ئەمریكی لەسلێمانی گرێدەدرێت، ئەم دیدارەیان شەشەمین دیدار بوو، كە تیشكی خستەسەر دۆخی و عێراق و دەوڵەتانی دەوروبەری. هەر یەك لەبەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار و كۆمەڵێك كەسایەتی دیكەی عێراقی و ناوچەكە قسەیان لەبارەی ئەو ئاڵێنگارییانەوە كرد، كە ڕووبەڕووی ووڵات دەبنەوە.

ئێستا عێراق لەدووڕیانێكدایە، كە سەرباری بەزینی گەورەی داعش، كەچی هێشتا ترسی یاخیبوونی داعشێكی تازە لەئارادایە، كە شەوی چوارشەممەی ڕابردووش، گروپێكی داعش بۆسەیەكیان بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی نایەوە لەشاری كەركوك زۆرینەیان لێ كوشتن. 

لەو لاشەوە حەشدی شەعبی، كە هێزێكی چەكداری نیمچە حكومییە و بە مەبەستی جەنگان دژ بە داعش پێكهێنراوە، یەكێكی تر بوو لەتەوەرەكانی سەرەكییەكانی گفتوگۆی دیدارەكە ، كە لەو دیدارەدا ئایندەی هێزە میلیشیا سەربازییەكان تاوتوێكرا.
 
بۆ نموونە وا تەماشای حەشدی شەعبی دەكرێت، كە زۆر بە توندی پەیوەستە بە پارتە سیاسییەكانەوە، بەتایبەتیش ڕێكخراوی بەدر، كە بەشێكە لە هاوپەیمانی فەتح. 

ئەو هاوپەیمانییەی نێوان پارتە سیاسییەكان، كە میلیشیای چەكداریان هەیە لە دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی ڕابردووە هاتەئاراوە، لێرەدا پرسیارێك خۆی قوت دەكاتەوە، كە ئاخۆ ئەو پارتە سیاسییە خاوەن میلیشییایانە لەكۆتایدا وەك حیزبزڵای لوبنانیان لیدێت، یاخود دەبنە دەوڵەتێك لەناو دەوڵەتدا، یان قاڵبێكی فەرمیتر لە جاران وەردەگرن. 

لەڕاستیدا ئەو پارتە خاوەن میلیشیایانە سەركەوتووتربوون لەحیزبوڵای لوبنانی لە گۆڕەپانی سیاسیدا لەوەی بەدەستیان هێنا، ئەوان خۆیان كردە هێزێكی فەرمی و وەزارەتی ناوخۆیان كۆنتڕۆڵ كردووە.

 ئەمریكا لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە ڕاهێنانی سوپای عێراقدا، هەوڵیدا جۆرێك لە هاوسەنگی بپارێزێت هەروەك لە لوبنانیش كردی، لەدیداری سلێمانی باسی ئەو ئاڵێنگارییانە كرا حەشدی شەعبی هێناونییە ئاراوە لە عێراق. 

واش تەماشای هێزە دەستەبژێرەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەكرێت، كە ئەمریكا ڕاهێنانی پێكردوون‌و پەیوەندیان بەپرسە سیاسییەكانەوە نییە، بەڵام هێشتا ئەمەش هەر جێگەی گومانە.  

زۆر لە سیاسییە عێراقییەكانی سەر بە ئێران ئارەزووی بەهەڵستكاری ڕۆڵی ئەمریكا دەكەن لەعێراقدا، ئەوان زیاتر توڕەبوون كاتێك دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری كشانەوەی هێزەكانیدا لەسوریا، ئەوان پێیان وابوو ئەمریكا عێراق وەك سەكۆیەكی چاودێری بەكاردێنێت دژ بە ئێران. 

ئێستا ترامپ بڕیارەكەی خۆی ڕاستكردووەتەوە و دەیەوێت هەندێك لەهێزەكانی لە عێراقدا بێڵێتەوە، بەڵام ئەمریكا بنكەی سەربازی گەورەی لەعێراقدا هەن، گریمانەی ئەوەش دەكرێت‌ بنكەی سەربازی كاتیبن نەك هەمیشەیی، بەڵام هەندێك لە سیاسییەكانی عێراق پێیان وایە دەبێت ئەمریكا چ درەنگ و چ زوو عێراق جێبێڵن.

لە هەرێمی كوردستانیش، بۆچوونی سیاسییەكانیان پێچەوانەی سیاسیەكانی عێراقن، بەگشتی سۆزدارییەك هەیە بۆ ووڵایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، سەرباری ئەو توڕەیەش كە لە دەرئەنجامی پشتێكردنی واشنتۆن لە ڕیفراندۆمەكەی  ساڵی 2017  ئەو هەرێمە هاتبوونە ئاراوە. ئەوان دەزانن هێشتا مەرتسی داعش ماوە و پێویستیشیان بە پاڵپشتی ئەمریكا هەیە. ئەم هەفتەیە مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا قسەی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێم كرد و ئەو بابەتەیان تاوتوێ كرد

سەرچاوە: THE JERUSALEM POST
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر