فشار بۆ سەر بەغدا.. ئێران دەیەوێت عێراق بكاتە لوبنانێكی دیكە

عیراق

12/03/2019‌ 1511 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەردانی حەسەن ڕۆحانی سەرۆكی ئێران بۆ بەغدا، یەكەم سەردانییەتی لەوكاتەی پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری گرتووەتە دەست، كە سەردانەكە فشارێكی توندە‌ بۆ سەر ‌عێراقییەكان، چونكە ڕژێمی تاران دەیەوێت لەپشتی عێراقەوە خۆی لەسزا ئەمریكییەكان دەرباز بكات.

لە ڕاستیدا عێراق بەلەمی فریاكەتن نییە، بەڵكو وڵاتێكی گەورەیە و درێژبوونەوەیەكی جوگرافی و میژوویی و ئاینی هەیە لەگەڵ دەوڵەتانی دەوروبەردا و بە تایبەتیش هەردوو دەوڵەتی ئێران و سعودیە. 

لەبازنەی توندی ململانێی سیاسی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا، عێراق دەكەوێتە ناوەندی ئاگرەكەوە، لەگەڵ ئەو فشار و هەڕەشانەشدا، ئایا پێویستە نیگەرانی ئەوەبین كە عێراق ببێتە پاشكۆی ئێران؟

دوای گلانی ڕژێمەكەی سەدام، ئێران سەركەوتوو بوو لەهاتنە ناو گۆڕەپانی عێراقەوە، بە پشتیوانیشی لە گروپە چەكدارە سوننەو شیعەكان، پشكداری كرد لە دوورخستنەوە و لاوازكردنی بوون و هەژموونی ئەمریكا.

ئێران دەیەوێت عێراقیش وەك لوبنان بكاتە كۆمارێكی دیكەی مۆز، بیكاتە سەرچاوەیەك بۆ سازدانی ئەو جەنگاوەرانەی لەبری ئەو دەجەنگن لە جیهاندا، هەر وەك ئێستا لەسوریا بە سەركردایەتی جەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی ئەو كارە دەكات. 

ئەو دەیەوێت عێراق بكاتە كیسەباخەڵی گیرفانی، لە بری تاران بە ملیارەها دۆلار حزبوڵای لوبنانی و حكومەتەكەی بەشار ئەسەدی سوریا پارەدار بكات‌و دەیەوێت عێراق خاوەن دەسەڵاتێكی سەركز بێت، وەك لوبنان دەوڵەتێكی لاواز بێت، میلیشیای پاشكۆكانی تاران وەك (عەسائبی ئەهلی حەق) و ئەوانی دیكە فەرمانڕەوایی بكەن.

بەڵام عێراق دەوڵەتێكی گەورەیە و خاوەن بەرژەوەندی و هیوا و ئومێدی تایبەت بە خۆیەتی كە لەگەڵ بەرژەوەندی و هزر و هیواو ئومێدەكانی ڕژێمە توندڕەووە ئاینییەكەی تاراندا یەك ناگرێتەوە. 

ئێران دەوڵەتێكی هاوچەرخە، عێراق دەروازەیەكی كراوەیە بەڕووی جیهاندا، لە مڕۆداو لە دوای ساڵی 1990 وە لە باشترین دۆخ‌و پەیوەندییەكانی خۆیدایەتی لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆی‌، ئەو لە دۆخی پەرەسەندن دایە كە دەیكاتە یەكێك لە دەوڵەمەندترین ووڵاتانی جیهان، لە هەموو دەوڵەتانی دیكەش زیاتر ئامادەگی ئەوەی تێدایە ڕۆلی سەردارێكی سەربەخۆ بگێڕێت لە ئایندەدا، نەوەك نۆكەری دەوڵەتێك لە دەوڵەتان بێت. 

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئێمە باشتر شارەزای دۆڵ و شیوەكانی وولاتەكەی خۆیەتی، لە ئێمە باشتر دەزانی بژاردەكانی بەردەم بەغدا چین و چی نین. كاتی ڕۆحانی لە تارانەوە دەڵێت "ئێمە لە ڕۆژە سەختەكاندا پشتی عێراقمان گرتووە" ، عەبدولمەهدی لەوە حاڵی دەبێت كە ڕۆحانی گەرەكیەتی لە پێناو تاراندا بەغدا واز لە بەرژەوەندییەكانی ووڵاتەكەی خۆی بێنێت.  ئێران ناچار نییە لەژێر دۆخی گەمارۆدا بژیات ئەگەر دەستبەرداری پڕۆژە ئەتۆمییەكەی بێت، واز لە هەناردەكردنی شۆڕشەكەی بۆ دەرەوە و دەستتێوەردانی سەربازی دەرەكی بێنێت. بۆچی عێراقییەكان باجی سیاسەتە توندڕەووییەكانی تاران بدەن؟

ئەمڕۆ تاران لە هەموو لایەكەوە و لە هەموو كاتێكی دیكە زیاتر گەمارۆدراوە، بارهەڵگرە نەوتییەكانی لە ناوەندی زەریاكاندا بەتاڵ  و حەتاڵن، بێبەشە لە خزمەتگوزاری بەكارهێنانی دۆلار بۆ فرۆشتنی ڕایەخ و فستەق و سەوزەواتەكەی. چین و ڕوسیا دەستبەرداری بوون كە ئومێدی زۆری پێبوون لەو جەنگەی دژ بە ئەمریكا هەڵیگیرساندووە؛ ئێستا مامەڵە بازرگانییەكانی  تاران پەكیان كەوتووە. 

ئێران پێویستی بەوە نییە بچێتە ئەو جەنگانەوە، بەڵام ڕژێمەكەی ئەوەی هەڵبژاردووە كە ڕۆڵی دەوڵەتێكی شەڕانگێز لە ناوچەكدا بگێڕێت، بۆیە هەقی خۆیەتی تاران هەر خۆی ئۆباڵی ئەو جەنگ و گەمارۆیانە لە ئەستۆ بگرێت و بە تەنیا ڕووبەڕوویان ببێتەوە هەروەك چۆن سەدام حوسێن ئۆباڵی كار و كردەوەكانی خۆی لە ئەستۆ گرت.

پێوویستە عێراقییەكان پەی بەوە بەرەن ئەو جەنگەی تاران دەستی داوەتێ جەنگێكی نێودەوڵەتییە ، ئەگەر بچنە ناویەوە و تێیەوە بگلێن، هەموو ئەو دەستكەوت و پێشكەوتنانە لەدەست دەدەن كە لە سایەی سەقامگیری و بنیاتنانەوەی دەسەڵات لە بەغدا بەدەستیان هێناوە.

ڕوحانی و زەریفی و سلێمانی و هەموو گەورە بەرپرسانی دیكەی ئێرانی كە بە بەغدادا تیپەڕیوون، گەرەكیانە بەغدا ببێتە دەوڵەتێكی پاشكۆی خۆیان. لوبنان وانەیەكی گەورەیە بۆ ئاقڵمەندان، ئەو لە هەشتاكانەوە لە بری ئێران لە جەنگدایە و ئازار دەكێشێت، بەختی عێراق لە لوبنانی شیتاڵ شیتاڵكراو باشتر نابێت، ئەگەر ئەوە بكات كە تاران گەرەكیەتی.

سەرچاوە:  شەرقلئەوسەت
نووسین: عەبدولڕەحمان ڕاشد
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر