شارپرێس ئه‌و پۆستانه‌ ئاشكراده‌كات كه‌ پارتی له‌كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت بۆ یه‌كێتی پێشنیاز كردووه‌

sharpress.net

6721 جار خوێندراوه‌ته‌وه

12/03/2019‌

شارپرێس:
له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، باس له‌و پۆستانه‌ كراوه‌ كه‌ له‌كابینه‌ی نۆدا ده‌درێن به‌یه‌كێتی، هاوكات پارتی به‌رچاوڕوونی له‌باره‌ی ئه‌و پۆستانه‌ی ماون داوه‌ به‌یه‌كێتی.

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ست شارپرێس كه‌وتوون، له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی یه‌كێتی ‌و پارتیدا، باس له‌پۆسته‌كانی كابینه‌ی نۆ كراوه‌، كه‌ تیایدا پارتی به‌رچاوڕوونی داوه‌ته‌ یه‌كێتی له‌باره‌ی ئه‌و پۆستانه‌ی كه‌ ئه‌و خزبه‌ ده‌توانێت وه‌ریانبگرێت، ئه‌وانیش وه‌زاره‌ته‌كانی دادو خوێندنی باڵاو پلاندانانه‌ كه‌ ده‌توانرێت له‌بتره‌یانه‌وه‌ گفتوگۆ بكرێت.

پارتی له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی، هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆ ‌و سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت‌و بابه‌ته‌كه‌ی به‌یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ داناوه‌.

شارپرێس زانیویه‌تی، له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتی به‌ڕاشكاوانه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆی كردووه‌، هاوكات به‌ڵێنی هیچی نه‌داوه‌‌و ته‌نیا جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی دواین ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ پارتی جێبه‌جێبكرێت، هه‌روه‌ها به‌شێكی بڕیارنه‌دانی یه‌كێتی له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌رچاو ڕوونی نیه‌ له‌باره‌ی پێشنیازه‌كانی پارتی، بۆیه‌ له‌دواتردا سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌ له‌باره‌ی پۆسته‌كانه‌وه‌ ده‌كات.

هه‌رچه‌نده‌ پارتی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌مافی خۆی ده‌زانێت، به‌ڵام شارپرێس زانیویه‌تی كه‌ پێشیازی ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كێتی كردووه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم دوو جێگری هه‌بێت‌و یه‌كێك له‌جێگره‌كان بدرێته‌ ئه‌و حزبه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ پارتی داوای له‌یه‌كێتی كردووه‌ كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشكه‌شبكات، بۆئه‌وه‌ی كه‌سێك به‌هه‌میشه‌یی له‌و پۆسته‌دا بێت‌و پاڵپشتی خۆیشی نیشانداوه‌ له‌و كه‌سه‌ی یه‌كێتی بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندیدی ده‌كات، به‌ڵام تا ئێستا یه‌كێتی بڕیاری له‌كاندیده‌كه‌ نه‌داوه‌.

ڕ . ج






ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved