هەڕەشەی راگرتنی بەشە بودجەی کوردستان دەکرێت

عیراق

12/03/2019‌ 6124 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوپەیمانی چاکسازیی و بونیادنانەوە جەخت لەوە دەکاتەوە  ئەگەر بێت و هەرێمی کوردستان ئامادە نەبێت رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات ئەوا ئەو بڕە پارەیە لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دادەشکێنرێت .

عەدنان زەرفی سەرکردە لە هاوپەیمانی چاکسازی و بنیادنانەوە بە پێگەی" ئیتتیجاه پرێس"ی راگەیاندووە "یاسای بودجە زۆر روونە ئەگەر بێت و هەرێمی کوردستان ئەو بڕە نەوتە ڕادەست نەکەن کە لە بودجە باس  کراوە ئەوە لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت".

عەدنان زەرفی ئاماژەی بەوەکردوە "لەسەر وەزیری داراییە کە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات ، ئەگەر بێت وهەرێم  رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکرد ئەوە دەبێت ئەو بڕە پارەیەی بۆ کوردستان تەرخانکراوە ببڕدرێت جگە لە مووچەی فەرمانبەران و پیشمەرگە ، ئێمەش بەوردی چاودێری ئەوە دەکەین".

پێشتر سەرچاوەکانی هەواڵ باسیان لەوە کردبوو کە ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە کە هیچ بڕە نەوتیک ڕادەستی بەغدا نەکات و لیژنەیەکیش بەمەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ ناوەند رەوانەی بەغدا بکات.

هاوکات بەپێی یەکێک لەبڕگەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق ئەگەر بێت و هەرێم نەوت بۆ عیراق نەنێرێت ئەوا بەغداد هەر پابەند دەبێت بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
پێگە:مركز بيت العراق للدراسات الاستراتيجية
وەرگێڕان : ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی