" كودەتای ڕێكخراو"
بەڵگەنامەیەك دزەپێكراو نهێنی كودەتاكەی توركیا ئاشكرادەكات

جیهان

14/03/2019‌ 6450 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای دوو ساڵ و نیو لەهەوڵی كودەتاكەی توركیا ، ئەو بەڵگانەی یەك لەدوای یەك لەو بارەیەوە دەردەكەون ، پشتیوانی ئەو بیرۆكەیە دەكەن، كە دەڵێن ئەو كودەتایەی لەتوركیا روویدا كودەتایەكی وەهمی بووەو پاساوێك بووە بەدەست رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتاێكی تاكەكەسی، كە خۆی تێیدا دەسەڵاتدار بێت و سزای نەیارە سیاسییەكانی پێبدات.

دوا بەڵگە لەو بارەیەوە بەڵگەنامەیەكە، كە داواكاری گشتی توركی لە ١٦ ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦ نووسیویەتی و رۆژنامەنووس ئەحمەد دۆنمیز، كە ئێستا لە سوید دەژی  دەستیكەوتووە، كە بەڵگەنامەكە تۆمارێكی گشتگیری سەرجەم ئەو ڕووداوانەی لەخۆگرتووە، لەسەرەتای شەوی كودەتاكە لە ١٥ ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٦ تاوەكو بەرەبەیانی رۆژی ١٧ی تەمموز روویانداوە .

بۆ نموونە بەڵگەنامەكە دەڵێت: "كودەتاچییەكان لەهێزی ئاسمانی پەرلەمان‌و باخچەی كۆشكی كۆمارییان بۆردوومان كردووە".

بەگوێرەی پێگەی "یو ئۆبسێرڤەر"، كە بەشێك لە وردەكاری لێكۆڵینەوەكانی رۆژنامەنووس ئەحمەد دۆنمیزی بڵاوكردووەتەوە، ئەوەی سەیرە ئەوەیە داواكاری گشتی، كە ناوی "سەردار كۆسكینە" لە بەڵگەنامەكەدا باس لەوە دەكات سەعات یەكی بەیانی ئەو رووداوانەی تۆماركردووە ، واتا تەنیا ٤ سەعات دوای روودانی ئەو رووداوە .

هەر بەپێی پێگەكە كۆسكین دەربارەی ئەوەی رۆژنامەنووس  ئەحمەد دۆنمیز ئاشكرایكردووە هیچ سەرنجێكی نەبووە، بەڵام چاوپێكەوتنی لەگەڵ رۆژنامەنووسێكی تری سەر بەحكومەت كردووە ئەو وتوویەتی، كە كۆسكین لە نووسینی بەروارەكە هەڵەی كردووە ئەگینا بەڵگەنامەكە خۆی راستە .

بەپێی پێگەی یو ئۆبسێرڤەر ، ئەو بەڵگەنامەیەی كۆسكین هیچ راستگۆییەكی تێدا نییە لەبەر ئەوەی هەندێك شتی نووسیوە،  كە لە بنەڕەتدا هەرگیز  ڕوویان نەداوە .

لەو شتانی، كە داواكاری گشتی تۆماری كردووە و هەرگیز روویان نەداوە بریتییە لەگەمارۆدانی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، بۆردوومانی بارەگای هێزە تایبەتەكان ، بۆردوومانی نووسینگەی هەواڵگری پۆلیس.

پێگەكە ئاشكرایكردووە، باڵیۆزخانەی توركیا لە برۆكسلی پایتەختی یەكێتی ئەوروپا ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێك بدات لەسەر ئەو بەڵگەنامەی دۆنمیز ئاشكرای كردووە ، بەڵام شارەزایانی كاروباری توركیا دەڵێن یاداشتەكانی داواكاری گشتی ئاماژەیە بۆ ئەوەی، كە پیاوەكانی ئەردۆغان دەیانزانی بەتەواوەتی دواتر چی روودەدات ، بۆیە ڕێگەیان بەهەندێك شت دەدا، كە ئاشكرا ببێت ، ئەویش بۆ ئەوەی دواتر بیكەنە پاساوێك بۆ سەركوتكردنی نەیارەكانیان .

پێگەكە لەدریژەی بابەتەكەدا دەڵێت پیاوەكانی ئەردۆغان خۆیان پێشتر ئەو جۆرە بەڵگەنامەیان داڕشتووە ، تا دوای لەكاتی دادگاییكردنی نەیارە سیاسییەكانیان دژیان بەكاری بهێنن .

ئەندرۆ داڤ ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا بە پێگەی یو ئۆبسیرڤەری وتوووە: لەكۆتاییدا ئێمە زانیمان، كە چۆن پیاوەكانی ئەردۆغان كودەتاكەیان ڕێكخستووە  و بەشێوەیەكی خێرا و بیبەزەییانە قۆستییانەوە بۆ سەركوتكردنی دژەكانیان . 

داڤ هەروەها دەڵێت: ئەوەی ئەوە شەوەی كودەتاكە روویدا چاودێری تەلەفزیۆن و تۆرە كۆمەڵایەتییەكانی كردبێت دەزانێت چۆن ئەو رووداوانە هیچ لە راستی نەدەچوون و گومانی لەهەموو شتێك دەكرد

داڤ پرسیاری ئەوەش دەكات، كە بۆچی شەوی كودەتاكە ئەردۆغان دەستگیر نەكرا  یاخود بەئامانج نەگیرا و ئازار نەدرا، ئەوە لەكاتێكدا دەبوو لەهەر هەوڵێكی راستەقینەی كودەتا یەكەم كەس ئەردۆغان ئامانجی یەكەم بوایە  .

لەبارەی شكستی كودەتاكەش داڤ پرسیاری ئەوە دەكات، كە بۆچی كودەتاكە شكستی هێنا لەكاتێكدا سوپای توركیا لەهیچ هەوڵێكی تری كودەتا شكستی نەهێناوە ,

ئەوە هەر تەنیا ئەو ئەندام پەرلەمانەی پێشووی ئەوروپا نییە كە گومانی لە هەوڵی كودەتاكە هەیە ، بەڵكو كەمال كڵیچدار ئۆغڵو سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری پێیوابوو كە كودەتاكە هەر لەسەرەتاوە لەژێر كۆنترۆڵدا بووە .

هەروەك مارتن شۆڵتز سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا پێیوایە كە ئەو ڕێوشوێنانەی دژی ئەوانەی ناویان لێنراوە كودەتاچییەكان لەگەڵ ئاستی رووداوەكانی كودەتایەكی وەهمی یەكناگریتەوە . 

هەمان شتیش سەبارەت بە بەشی هەواڵگری ئەوروپا "ئینت سێن " كە زانیاریی هەواڵگری لە دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتانی یەكییەتی ئەوروپا كۆدەكاتەوە هەمان قسەی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا دەكات .

ئەردۆغانیش دەڵێت فەتحوڵلا گولەن پیاوی ئایینی توركی كە لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا نیشتەجێیە دەستی هەبووە لە ڕیكخستنی هەوڵی كودەتاكە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
سەرچاوە:  sky news arabia

بەپەلە