سلێمانی پەراوێزخراوە
لاوازی كارەكتەرەكانی یەكێتی لەحكومەتی هەرێم

کوردستان

14/03/2019‌ 3001 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زۆرجار لەزاری بەرپرسە باڵاكانی یەكێتی نیشتمانییەوە ئەوە دەبیسرێت، كە پارتی دیموكرات وەك پێویست پابەندی رێككەوتنەكانی نێوانیان نەبووەو بەهۆیەشەوە ستەم بەرانبەر حیزبەكەو ئەو ناوچەیەش كراوە، كە دەسەڵاتی یەكێتی تێیدا باڵا دەستە.

یان بەشێكی تریان دەڵێن، لەنێوان پارتی‌و یەكێتی هاوپەیمانییەكی لاسەنگ هەیە و پارتی بەشێكی زۆری پۆست‌و جومگە گرنگەكانی بەرێوەبردنی هەرێمی خستووەتە بن دەستی خۆی‌و بەو هۆیەشەوە سلێمانی كەوتووەتە پەراوێز. 

بەشێك لەخەڵكی پارێزگای سلێمانی ئەو لاسەنگییە دەگێرنەوە بۆ لاوازی كارەكتەرەكانی یەكێتی لەحكومەت و گلەیی ئەوەیان هەیە یەكێتی بەهۆی كێشەكانی ناوخۆییەكانی ناپرژێتە سەر ئەوەی ئیستحقاقی ئیداری خۆی لەحكومەتی هەرێم بۆ ناوچەكە وەربگرێت، لەئەنجامدا بەشێكی زۆری پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی پارێزگای سلێمانی پەكیانكەوتووەو مۆڵەتی وەبەرهێنانیان لێسەندراوەتەوە.

بەپێی راپۆرتێك، كە تایبەت دەست شارپرێس كەوتووەو ئاراستەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كراوە، لەسێ‌ ساڵی رابردوودا 21 كۆمپانیا مۆڵەتی كاركردنیان لەسلێمانی پێدراوە لەلایەن حكومەتی هەرێم، بەڵام 23 كۆمپانیا مۆڵەتەكانیان لێوەرگیراوەتەوەو تائێستا نزیكەی 30 كۆمپانیاش توشی مایەپوچی بوون، ئەوەش بەهۆی قەیرانی دارایی.

بەپێی بەداداچوونێكی شارپرێس، ئەمە بەپێچەوانەی ساڵانی پێشترە، لەساڵانی 2012 و 2013 و 2014 و 2015، كە 111 كۆمپانیا مۆڵەتی وەبەرهێنانیان وەرگرتووە و تەنها یەك كۆمپانیا مۆڵەتی لێوەرگیراوەتەوە، كە ژمارەكان جیاوازی زۆری هەیە، لەچاو ئەم سێ‌ ساڵەی دوایی.

ئەمە نیگەرانی بەشێكی سەركردایەتی یەكێتی لێكەوتووەتەوە، ئەوەش لەبەرانبەر ئەو ستەمە لەسلێمانی دەكرێت، بەتایبەتی ئەو پرسەی پەیوەندی بەپۆستەكانەوە هەیە.

بۆ نموونە لەوەزارەتی داد، كە بەپۆستێكی گرنگ دەزانرێت‌و سیستەمی دادوەری پێوە بەستراوەتەوە، دوو پۆستی یەكێتی هەبووە، كە ئەوانیش پۆستی داواكاری گشتی و پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی شورا بووە، كە نزیك لەساڵێك ئەو پۆستانە چۆڵ بوون، بەڵام لە 28/12/2018 بەبریارێكی نێچرڤان بارزانی هەردوو پۆستەكە پركراوەتەوە بێئەوەی بگەرێنەوە بۆ بۆیەكێتی و نوێنەری یەكێتی لەحكومەت.

لەلایەكی تر، ماوەی چوار ساڵ پۆستی جێگری فەرماندەی دەرەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم، كە فەلاح مستەفا سەرۆكایەتی دەكات‌و جێگرەكەی پێشتر كاروان جەمال تاهیر بوو، ئەو پۆستە بەچۆڵی هێڵرایەوەو تا ئێستا پرنەكراوەتەوە. 

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی لەو بارەوە دەڵێت: یەكێتی خۆی كەمتەرخەم بووە دەنا ناكرێت ئەو پۆستانە بەو شێوەیە لەلایەن پارتییەوە پربكرێتەوە، خۆ ئەگەر یەكێتی پۆستێكی پارتی ببات ئایا پارتی قبوڵی دەكات؟ بۆیە هەق نییە یەكێتی بێدەنگ بێت‌و دەبێت لەنوێنەرەكەی خۆی بپرسێتەوە لەحكومەت".

ستەمە گەورەكەی وەزارەتی شارەوانی
حكومەتی هەرێم لەماوەی كابینەی هەشتەم، كە نێچیرڤان بارزانی لەپشكی پارتی سەرۆكایەتی دەكات‌و قوباد تاڵەبانیش لەیەكێتی جێگرییەتی، بڕی 2 ملیار دۆلاری لەبانكی جایكای ژاپۆنی‌و بانكی تر قەرزكردووە بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی.

بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس، لەو برە پارەیە، تەنیا 452 ملیۆن بۆ پرۆژەكانی پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە خەرج كراوە، ئەمە لەكاتێكدایە دەڤەری راپەرین و گەرمیانیشی لەسەرە، واتە بری ئەو پارەیەی بۆ ناوچەكانی دەرەوەی زۆنی سەوز خەرج كراوە، 1575 ملیاریك‌و پێنج حەفتاو پێنچ ملیۆن دۆلارەو ئەو بڕەش دەكاتە سێ‌ ئەوەندەی ئەو بڕەی بۆ زۆنی سەوز خەرجكراوە.

 هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو پرۆژانەی لەزۆنی سەوز پارەكەیان بۆ خەرجكراوە بریتین، لە پرۆژەی ئاوی هەڵەبجە، نوێژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی سلێمانی، لەگەڵ چارەسەركردنی ئاوەڕۆی سلێمانی، بەڵام ژمارەی پرۆژەكانی زۆنی زەرد، حەوت پرۆژەن، لەناویاندا پرۆژەی شەقامی سەدو بیست مەتری خێرای هەولێر موسڵ و هەولێر شەقلاوەو دروستكردنی شەقامی سەدو بیست مەتری نێوان، هەولێر كەركوكی تێدایە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی پەرەپێدانی ئاوی هەولێر ئیفراز 4 بەتەنیا 832 ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجكراوە.

پشكی سەربازی
ئەو ستەمەی لەبوارە جیاوازەكان لەسنووری سلێمانی كراوە، بواری سەربازیشی گرتووەتەوە، ئەوەش بەپێی بەدواداچوونەكەی شارپرێس، كە ئەمە نیگەرانییەكانی یەكێتی زیاتر كردووە.

لەبەدواداچوونەكەی شارپرێس ئەوە دەركەوتوە، لە كۆی ٧٣ چەكی میلان، كە بۆ شەڕی داعش تەرخانكراوە، تەنیا ٣ دانەیان لای هێزەكانی یەكێتییە.

هاوكات ژمارەی هێزەكانی حەفتای سەر بەیەكێتی نیشتمانی ٥٠ هەزارەو بەقائیمە موچە وەردەگرن ، بەڵام هێزەكانی ٨٠ی سەر بەپارتی دیموكرات شەست هەزارەو بەبێ قائیمە موچە وەرئەگرن.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، لەكۆی ئەوچەك و تەقەمەنیانەی هاوپەیمانی هاوكاری هێزی پیشمەرگەیان كردووە لەكاتی شەری داعش لەسەدا هەشتای لای پارتییەو تەنیا 20%ی دراوە بەهێزەكانی یەكێتی.