پارتی داوای هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكات

عیراق

14/03/2019‌ 935 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فراكسیۆنی پارتی دیموكرات لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای ھەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی دەكات.

ئەم داواكارییە لەكاتێكدایە حكومەتی عێراق وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقی دیاریكردووە، كە لە مانگی ١١ی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت‌و كۆمسیۆنیش باس لەوە دەكات، حكومەتی عێراق ٢٦٢م لیار دیناری بۆ ئەو ھەڵبژاردنە دیاری كردووە، بەڵام پێویستییان بەوە ھەیە، كە ئەنجومەنی نوێنەران یاسای ھەڵبژاردن ھەمواربكاتەوە.

لەو بارەیەوە، ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: پێویستە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ھەمواربكرێتەوە، لەبەر ئەوەی دەستەڵاتەكانیان زۆرن‌و ئەمەش زۆر جار كاریگەری ھەبووە، بۆیە دەبێت ھەمواربكرێتەوە، بەڵام لە كارنامەی كۆبوونەوەكانی ئەم ھەفتەیەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا نییە.

سەبری بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی راشیگەیاند "مەبەدەئییەن وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاریكراوە، بەڵام پێویستە حكومەت و كۆمسیۆن پێكەوە كۆببنەوە بۆ ئەوەی بزانن بارودۆخی عێراق گونجاوە بۆ ئەوەی ئەو ھەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت، چونكە تا ئێستا لە مووسڵ و كەركووك و سەڵاحەددین و چەند پارێزگایەكی دیكە دۆخەكە باش نییە ئاوارەكان نەگەڕاونەتەوە".

هەروەها رایگەیاند، دیاریكردنی وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، لە دەستەڵاتی سەرۆكایەتی حكومەتی عێراقە و ئەوانیش بەپێی بارودۆخەكە وادەكە دیاری دەكەن".

 هـ ـ ح