نۆرە گرتن بۆ جوانیی.. نیو سەعات لە كلینك و سەنتەركانی جوانكاریی-دا

کوردستان

14/03/2019‌ 1676 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
سیڤان ئازاد- سلێمانی
رۆژنامەنووسێك بۆ ئەوەی لەگەڵ پزیشكەكەدا پێنج خولەك قسە بكات، پێویستی بە دوو تا سێ سەعات كات هەیە بۆ چاوەڕوانی، چونكە پزیشكەكە كاتی زۆر كەمە و كچان و ژنانێكی زۆر نۆریان گرتووە بۆ نەشتەرگەریی جوانكاریی.

دیمەنەكانی ناو كلینكەكانی جوانكاریی جێی باوەڕ نین تا لە نزیكەوە نەیان بینیت، ئێستا ئارەزووی جوانكاریی و گۆڕانكاریی لە روخساردا بووەتە بەشێكی سەرەكی بیركردنەوەی گەنجان، بۆ ئەمەش بڕێكی زۆر پارە خەرج دەكەن كە زۆر زیاترە لە داهاتی مانگانەی بەشی زۆری ئەو كەسانە.

یەكێك لەو كچانەی لەكلینكەكەدا نۆری گرتبوو، زۆر پەرێشان دەردەكەوت. ئاوێنەیەكی بچووكی گرتبوو بە دەستییەوە و زوو زوو سەیرێكی خۆی دەكرد. ئەو كچە بەو مەرجەی ناوی نەنووسرێت و وێنەی نەگیرێ. ئامادەبوو باسی ئارەزووی خۆی بۆ نەشتەرگەری جوانكاری بخاتەڕوو.

"هەست دەكەم لوتم ڕێگرییەكی زۆر دەكات لەبەردەم جوانییەكەمدا. بۆ خۆم رۆژانە لە كاتی سەیركردنی ئاوێنە یان سێڵفیگرتندا بە روونی هەست بەو تێكچوونەی جوانییەكەی روخسارم دەكەم بەهۆی لوتمەوە. ئێستا كە بە نەشتەرگەریی بچووكی دەكرێتەوە، بۆیە دوودڵ نیم كە خێرا نەشتەرگەری جوانكاریی بكەم".

پزیشكەكانی نەشتەرگەری جوانكاریی دەڵێن ساڵاێك لەمەوبەر نەشتەرگەری جوانكاریی حاڵەت بوو، بەڵام ئێستا بووەتە دیاردە و رۆژ بە رۆژ روو لە زیادبوون دەكات. بەڕادەیەك لای هەندێ كەس بووەتە شێواوی دەروونیی و هەموو هەوڵێك دەدا تا یەكێك لە نەشتەرگەرییەكانی جوانكاریی بكات.

پزیشكەكان روونی دەكەنەوە بەشێك لەو كچ و كوڕانەی نەشتەرگەری جوانكاریی دەكەن، پێویستییان پێی نییە، بەڵام گرێیەكی سەر دڵیانەو پێداگریی دەكەن كە هەر دەبێ نەشتەرگەرییان بۆ بكرێ.

بەڕادەی زۆربوونی خواست لەسەر جوانكاریی، ژمارەی كلینك و سەنتەرەكانی جوانكاریی ژمارەیان زیادبووە. كەچی هێشتا بۆ نەشتەرگەرییەك پزیشك هەیە بە سێ تا شەش مانگ نۆرە بۆ كچان و كوڕان دادەنێن.

بەشی زۆری ئەو كچ و ژنانەی بۆ ئەم راپۆرتە قسەیان كردووە، وتوویانە لەبەر ئەوەی هەست دەكەن بەشێكی روخساریان جوان نییە بۆیە نەشتەرگەری بۆ دەكەن. بە كەمی دەگەی بە كچێك یان كوڕێك كە بەهۆی رووداوێكەوە روخساری شێوابێ تا بە نەشتەرگەری بۆی ساڕێژ بكرێتەوە یان نەشتەرگەری جوانكاریی بۆ بكەن.

باوترین جوانكارییەكان بریتین لە: بچووككردنەوەی لوت، بەرزكردنەوەی لێو و گۆنا بە بۆتۆكس و فیلەرو پلازماو تاڵی ئاڵتونی، دەرهێنانی چەوری ورگ، بەرزكردنەوەی سمتە.

دكتۆر كاروان تەها شریف پسپۆری نەشتەرگەری قورگ و لوت و گوێ و جوانكاریی، بەدەم سەرقاڵییەكی زۆرەوە ئامادەبوو كەمێك قسە بۆ شارپرێس بكات.

دكتۆر كاروان روونیكردەوە لە زانستی پزیشكیدا كاری جوانكاریی واتا ڕێككردنەوەو جوانكردنی ئەو بەشانەی روخسار، كە لەگەڵ بەشەكانی دیكەدا بگونجێ. بۆ نموونە لوت لەگەڵ دەموچاودا و گوێچكە لەگەڵ گوێچكەكەی تردا بگونجێ.

سەبارەت بەو كەسانەی رۆژانە دەچنە لای، دكتۆر كاروان راشكاوانە وتی: "بەشێكی ئەو نەشتەرگەری و جوانكارییانەی دەیانكەم، چاولێكەریین، بەڵام بەشەكەی تری پئویستیان پێیەتی."
 
ئەو كەسانەی دەچنە كلینك و سەنتەرەكانی جوانكاریی، تەمەنیان لە ٢٠ تا ٣٠ ساڵاندایە. بەشی زۆری ئەو كەسانەی خانمانن، بەڵام ئێستا ژمارەیەكی زۆریش لە كوڕان نەشتەرگەری جوانكاریی دەكەن.

نەشتەرگەرییەكان و رێكارەكانی جوانكاریی نرخی جیاوازیان هەیە، بۆ نموونە ئێستا بۆ هەر نەشتەرگەرییەكی بچووككردنەوەی لوت، بڕی ملیۆنێك تا یەك ملیۆن و نیو دیناری تێدەچێ. كە ئەمەش موچەی دوو مانگ یان زیاتری فەرمانبەرێكی ئاساییە.
 
دكتۆر كاروان ئاماژە بەوەش دەكات، كە ئێستا جوانكاری بووەتە شتێكی باو لای هەردوو ڕەگەز نەك پێویستیی. بۆیە پێشبینی دەكرێ ساڵانی داهاتوو ئەم دیاردەیە زۆر زیاتربێ لە ئێستا. نیو سەعات لە كلینكێكی جوانكاری دابنیشە دەتوانی پێشبینی بۆ ساڵانی داهاتوو بكەی كە گەنجان چۆن روو لە دەسكاریكردنی روخساریان دەكەن بۆ ئەوەی جوان دەر بكەون!