جیهانی تیرۆركردن..
زۆربەی كوشتنەكان لەئەمەریكای باشوورن‌و سەركەوتووترینیان لەوڵاتە عەرەبیەكانن

جیهان

15/03/2019‌ 1253 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
پرۆسەكانی تیرۆكردن لەجیهاندا وێستگەیەكی دیارن وەك رووداو و گۆڕێنێكی مێژوویی پێك دەهێنن و بەشدارن لەگۆڕینی دەسەڵات، یاخود گواستنەوەی بۆ ئەوانی تر، بە شێوەیەك وڵاتان و هەواڵگیریەكانیان و رێكخراوە نێودەوڵەتییە نهێنییەكان لە پرۆسەكانی تیرۆكرندا پشتی پێ دەبەستن وەك كۆتا رێكارو هەوڵدان پاش داخرانی رێگاكانی تر بەرەهەندە جیاوازەكانی، كە ئامانجەكەیان نەهێناوەتە دی.

سەرجەم پرۆسەكانی تیرۆركردنیش سەركەوتوو نین لەگەڵ ئەوەی ئامادەكارییەكی دوورودرێژو شارەزایی پێویست بۆ پلاندانەران‌و جێبەجێكاران دانراون، لەهەندێك دۆخدا بەخت رۆڵێكی مەزنی هەیە لەرەهەندەكانی بە ئامانج گیراو لەچارەنووسی مردن، یاخود لەمیانی ئازایەتی و لێهاتوویی پاسەوانە تایبەتەكانی، كە لەگەڵیدایە.

ئەگەر بمانەوێت سەرژمێری، یاخود ژمارەی پرۆسەی تیرۆركردنە نا سەركەوتووەكان بخەینە روو، ئەوا گۆرەپانی ئەمەریكای لاتینی نموونەی زۆری تێدایە، كە ئاراستەی سەركردەكانی وڵاتانی ئەمەریكای لاتینی كرا و لە دیارترینیشیان كوبا و فەنزویلاو پۆلیڤیا و ئەرجەنتینن.

ڤیدل كاسترۆ ژمارەی یەكەم و قورس
رەمزی شۆرشی كوبی ڤیدل كاسترۆ لەو سەرۆكانەیە زۆرترین هەوڵی تیرۆركردنی دراوە بە رێگەی جیاواز و ناوازە بەرادەیەك چۆتە مەوسوعەی گینسەوە بۆ ژمارە پێوانییەكان، بەوەی 638 جار هەوڵی تیرۆركردنی دراوە لە ساڵی 1959 ەوە، و ئەمەریكا تۆمەتبارە كە ویستویەتی بە هەر ریگایەك بێت تیرۆری بكات.

لە ناوازەترین جۆریدا هەوڵی ژەهراوی كردنی كاسترۆ بوو لە ساڵی 1960 لە رێگەی ئامادەكردنی پاكەتێك جگەرەی –كۆهیبا- و تێكردنی مادەیەكی ژەهراوی ، بەلام پرۆسەكە شكستی هێنا. هەندێ لایەنی تر لە رێگەی چاندنی مادەی تەینەوەوە لە نێو مەلەوانگەكەی ویستیان لەكاتی ئامادەبونیادا بیتەقێننەوە، دیسان هەوڵەكانیان شكستی هێنا.

فەنزوێلا .. چەندین كەسایەتی و یەك ئامانج
سەرۆكی پێشوو هۆگۆ شافێز سێ جار هەوڵی تیرۆكردنی دراوە و دیارترینیان پرۆسەی ڕفاندنی بوو لە ساڵی 2002دا بۆ ماوەی دوو رۆژ لەلایەن گروپێكی بەرهەلستكارەوە، بەلام پاش ئەوە لەلایەن خۆپیشاندانێكی جەماوەری و هەڵگەرانەوەی هێزە سەربازیەكانی سەر بە ئەو، لە ماوەی 48 كاژێردا گەڕاندیانەوە بۆ سەر دەسەڵات.

هەروەها چاڤێز لە ساڵی 2006 دا لە هەوڵێكی تیرۆركردنی تردا لە نیویۆرك رزگاری بوو، پاش ئەوەی تیشكێكی زۆر لەسەر ئەو كورسیە دانرابوو كە بریار بوو لەسەری دابنیشێ لە كۆبونەوەیەكی نێودەولەتیدا. بەلام دوا هەوڵ بۆ تیرۆر كردنی ساڵی 2010 بوو، كاتێ هاوڵاتیەكی كوبی دەستگیر كرا و دانی بەوەدانا نێردراوە بۆ تیرۆركردنی.

بەڵام سەرۆك مادورو 16 جار رووبەرووی هەوڵی تیرۆركردن بوەوە و لەم بارەیەوە هەر یەك لە ئەمەریكا و كۆلۆمبیا تۆمەتبار كران، یەكەمیان لە ساڵی 2014 بوو، پاش ئەوەی 14 رۆژ بوو هاتبوە سەر دەسەڵات و گروپێك دزەیان كردبوو بۆ ئەوەی تیرۆری بكەن. ناوبراو لە ساڵی 2018دا بۆ دواجار لە پرۆسەیەكی تیرۆركردن رزگاری بوو لە رێگەی فرۆكەیەكی بێ فرۆكەوانەوە كە تەقەمەنی هەڵگرتبوو بۆ ئەوەی بیكاتە ئامانج.

پۆلیڤیا
هەرچی سەرۆكی پۆلیڤیا ئیڤۆ مۆرالیس ە، ئەویش چەندین جار هەوڵی تیرۆركردنی دراوە، دیارترینیان لە ساڵەكانی 2008 و 2009 و 2013 بوو.

جیهانی عەرەبی و دیارترین پرۆسەی تیرۆركردنی سەركەوتوو
گۆرینی دەسەڵات لە عێراق پاش پرۆسەیەكی تیرۆركردن بوو كە دوا پاشای ئەو ولاتەی لە دەسەڵات لادا لە ساڵی 1953، لە كۆشكی ریحابی پاشایەتی لە بەغدا پاشا و ژمارەیەك لە ئەندامانی خێزانەكەی تیرۆركران، لە شەوی راگەیاندنی رژێمی كۆماری لەلایەن عبد الكریم قاسم و عبد السلام عارف.

شانشینی ئوردنی هاشمی لە 20 تەموزی سالی 1951 پرۆسەیەكی تیرۆركردنی تێدا ئەنجامدرا و دامەزرێنەرەكەی كرایە ئامانج، پاشا عبدالله كوڕی الحسین، ئەمەش لە كاتی ئامادەبونیدا بوو لە مزگەوتی ئەقصا بۆ ئەنجامدانی نوێژی هەینی، و كەسێكی فەلەستینی بەماوی مستەفا شكری عشی سێ فیشەكی نا بەسەریەوەو هەر لەو جێگەیدا گیانی لە دەستدا.

هەرچی شانشینی سعودیەیە، لە ساڵی 1975 یەكەم پرۆسەی تیرۆركردنی بە خۆیەوە بینی و شا فەیصەل كوری عبد العزیز بوە قوربانی، و دەسەلاتدارانی سعودیە ئەمیر فەیصەل كوڕی مساعدیان تۆمەتبار كرد بەوەی فیشەكی ئاراستەی پاشا كردوە.

دیارە وڵاتی میسریش لەو پرۆسەیە بێ بەش نەبوە، و لە كاتی نمایشێكی سەربازیدا لە ساڵی 1981، دوا بۆنەی كە سەرۆكی ئەو ولاتە ئەنوەر سادات تیایدا ئامادەبوو، سەربازێك بەناوی خالد ئیسلامبولی هێرشی كردە سەر ئەو سەكۆ سەرەكیەی ئەنوەر ساداتی لی دانیشتبوو.

لوبنانیش بەهەمان شێوە چەندین پرۆسەی تیرۆركردنی تێدا ئەنجامدراوە لە پێش و كاتی جەنگی ناوخۆدا و پاش ئەو ماوەیەش، دیارترینیان پرۆسەی تیرۆركردنی ریاز سولح بوو لە ساڵی 1951، معروف سەعد ساڵی 1975، كمل جنبلات 1977، تۆنی فرنجیە 1978، رشید كرامە 1987، رەفیق حەریری 2005، جۆرج حاوی و .. تد .

سەرچاوە: Sputnik news
وەرگێران: حلمی رەسول رەزا