عێراق دیارنەبوونی داهاتی دەروازە سنوورییە نافەرمییەكانی هەرێم نیگەرانە

عیراق

15/03/2019‌ 1172 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران باس لەوە دەكات، كە هەرێمی كوردستان پێنج دەروازەی سنووری نافەرمی لەگەڵ وڵاتانی ئێران و توركیا و سوریا هەیە و داهاتەكانیشیان دیار نییە و نەخراونەتە ناو بودجەی فیدڕاڵی ساڵی ٢٠١٩.

لیژنەكە هەروەك باسی لەوەش كردووە، كە نووسراوی فەرمییان بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە تاوەكو میوانداری بەڕێوەبەری دەروازە سنوورییەكانی هەرێم بكەن ‌و هۆكاری بوونی ئەو دەروازە نافەرمییانە روونبكرێتەوە .

لەو بارەیەوە سیهام عوقەیلی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوینەران دەڵێت: "وەك لیژنەی دارایی لەسەر داوای سەرۆكی ئەنجوومەنی نوینەران بانگهێشتی بەرێوەبەری دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانمان كردووە بۆ زانینی ژمارەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێم و داهاتیان ".

ئەو دەشڵێت: دەركەتووە پێنج دەروازەی سنوریی نافەرمی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە و داهاتەكەشیان نادیارە .

عوقەیلی باسی لەوەش كردووە، كە لیژنەكەیان بە نووسراوی فەرمی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانی ئاگاداركردووەتەوە بە میواندارییەكی تایبەت لەگەڵ لیژنەكەیان كۆببنەوە.

هەروەها روونیشیكردووەتەوە، كە بەرپرسی دەروازە سنوورییەكانی هەرێم لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ئامادەدەبن ، تاوەكو هۆكاری بوونی ئەو دەروزە نافەرمیی و دیارنەبوونی داهاتەكەیان روون بكەنەوە .

لەلایەكی ترەوە غالب محەمەد ئەندام پەرلەمان لەسەر لیستی گۆڕان ئەوەی ئاشكرا كردووە، كە دەروازەی سنووری هەیە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بەڕێوە دەبرێت‌و دەست بەسەر داهاتەكەشیدا دەگیرێت.

ئەو پەرلەمانتارە داواشی لەحكوومەتی ناوەندی كرد، كە داهاتی سەرجەم دەروازەكان بخرێنە چوارچێوەی بودجەی گشتییەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی