حەسەن ڕوحانی لەڕەواندنەوەی ترسەكانی عێراق شكستدەهێنێت

عیراق

15/03/2019‌ 2766 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوە دبلۆماسییە عێراقییە‌كان ئەوەیان ئاشكراكرد، كە سەردانەكەی حەسەن ڕوحانی سەرۆك كۆماری ئێران بۆ عێراق شكستی هێناوەو نەیتوانیووە چەند دۆسییەیەكی هەستیاری نێوان ئەو دوو وڵاتە تێپەڕێنێت و یەكلایی بكاتەوە. 

ئێران نەیتوانیووە لەدەروازەی عێراقەوە گەمارۆكەی ئەمریكا تێك بشكێنێت، چونكە عێراق ترسی لەتوڕەبوونی واشنتۆن هەیەو بەهۆشیاری وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیەدا دەكات. 

ئەمە جگە لەوەی بەغدا لە كۆششی ئەوەدایە كەناڵەكانی پەیوەندی خۆی لەگەڵ دەوروبەرە عەرەبییەكەیدا بپارێزێت و بە كراوەیی بیانهێڵێتەوە، هەر ئەمەش لە پشت سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی عادل عەبدولمەهدیەوەیە بۆ سعودیە.

سەرباری ئەو بایەخدانە گەورەی لە لایەن میدیاكانی ئێرانەوە بە سەردانەكەی ڕۆحانی درا بۆ بەغدا، بەڵام سەرچاوەكان ئەوەیان بۆ رۆژنامەی ((عەرەب)) دووپات كردەوە باشترین شتێك كە ئەو سەردانە بەدەستی هێنابێت، تاوتوێكردنی لێبڕاوانەی دۆسییه ‌هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو ووڵات بووه، تاران واقعێكی تازەی لە ناوچەكەدا بۆ دروست بووە و چاوی لە هاوكاری ئەمنی هاوپەیمانەكانیەتی، بەڵام نزیكترین هاوپەیمانەكانی تاران لەوە خۆ‌بەدووور دەگرن مامەڵەی دارایی و ئابووری لەگەلدا بكەن.

سەرچاوەكان دەڵێن ئەو ڕێككەوتننامانەش كە لە نێوان هەردوو ووڵاتدا واژۆكراون ڕوخساری بوون و هیچ ڕێنماییەكیان لەبارەوە ‌دەرنەچووە، ئەوەی ئەم زانیارییانەش پشتڕاست دەكاتەوە ئەو بەیاننامە هاوبەشە بوو كە هەردوولا لە دووەم رۆژی سەردانەكەدا بڵاویان كردەوە و بە گشتی باسی لە بەردەوامی هاریكاری كردووە لە بوارەكانی تەندروستی و نەوت و بازرگانی.

لەوانەیە دیاترین شتێكیش لە قسەكانی سەرۆكی ئێراندا سڕینەوەی كۆت و بەندی وەرگرتنی ڤیزا بێت بۆ سەردانكەرانی هەردوو ووڵات بۆ شوێنە پیرۆزەكان، بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش لە گرنگی ئەم هەنگاوەیان كەمكردەوە و ووتیان ئەم بەڵێنە هەموو ساڵێك دووبارە دەبێتەوە و جێبەجێش ناكرێت.

ساڵانە 20 ملیۆن ئێرانی سەردانی شوێنە پیرۆزەكانی عێراق دەكەن (بەغدا، كەربەلا، نەجەف، سامەڕا)، بەغدا وەك مزەی (رسوم)  هاتنەژوورەوە بڕی 80 دۆلار لە هەریەك لەو سەردانكەرانە وەردەگرێت.

سەبارەت بە دۆسییەی بازرگانی و پیشەسازی هاوبەشی نێوان هەردوولاش كە سەرۆكی ئێران لە سەردانەكەی بۆ عێراق جەختی لێكردەوە، سەرچاوەكان دەڵێن بەغدا هیچ پلانێكی لەو بارەوە نییە كە ناوچەیەكی لەو جۆرە دروست بكات، جێی باسیشە كە خودی بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراق، دۆسیەی ناوچە هاوبەشەكەی نێوان عێراق و ئوردونی لە ئەستۆ گرتووە، هیچ بیرۆكەیەكیشی نییە سەبارەت بە ناوچەیەكی دیكەی لەوجۆرە لەگەڵ تاراندا.

سەرچاوەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە سەردانەكەی سەرۆكی ئێران بۆ عێراق تایبەت نەبووە بە لابردنی ڤیزای هاتنەژوورەوە یان ناوچەی پیشەسازی و بازرگانی نێوان هەردوو ووڵات، بەڵكو ئامانجی‌ وەرگرتنی بەڵێن بوو لە بەرپرسانی حكومەتی‌ عێراق و ئایەتوڵا عەلی سیستانی لە نەجەف كە بەغدا بەدەم داواكارییەكانی ئەمریكاوە نەچێت سەبارەت بە سزا سەپێنراوەكانی واشنتۆن دژ بە ئێران.

بە گوێرەی قسەكانی كەسێكی نزیك لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش، بەغدا و تاران باش دەزان كە پرسه بارزگانییە گەروەكان  و جوڵەی پارەوپول لە نێو عێراقدا لەژێر چاودێرییەكی توندی ئەمریكا و وەزیرە كوردەكەی دارایی عێراق فوئاد حوسێن دان.

هەر ئەو سیاسییە عێراقییە بۆ ((عەرەب)) ووتی كە دەیەها چاودێری دارایی بیانی شانبەشانی بەرپرسانی بانكی مەركەزی عێراقی  و وەزارەتی دارایی لەكاردان بۆ چاودێریكردنی جوڵەی پارەو پول و مامەڵە بازرگانییەكان، تاوەكو تاران نەتوانێت سوودیان لێوەرگرێت، ووتیشی ئەم‌ ڕێوشوێنە هەموو بەڵێنەكانی عێراق بەتاڵدەكەنەوە كە بە ئێرانی داون سەبارەت بە یارمەتیدانی لە تێپەڕاندنی سزا ئەمریكییەكان، بەڵام دانی بەوەدانا كە تاران لە فشارەكانی بۆسەر بەغدا بەردەوام دەبێت. 

سەرچاوەكە ووتیشی ئێران تەنها هاشوهوشی ڕاگەیاندن و تەكتیكی هەیه، لەبەردەم ڕای گشتی وای نیشان دەدات كە سەركردەكانی پاڵەوانن و توانیویانە باوەڕ بە بەرپرسە عێراقییەكان بێنن بەوەی نەچنە ژێرباری فرمانەكانی واشنتۆنەوە، بەڵام لە ڕووی ستراتیژییەوە واشنتۆن جڵەوی ڕووداوەكانی بەدەستەوەیە ‌و سەركەوتوو بووە، چونكە لاگیری دەزگا داراییەكان و هێزی لێدەری ناو دامەزراوەی سەربازی عێراقی  مسۆگەر كردوون.  

چاودێرێكی سیاسی بۆ ((عەرەب)) ووتی كەس نازانێت ڕووداوەكان بەرەو كوێ هەنگاو دەنێن ئەگەر ئەمریكا دەست بەسەر جوڵەی پارەوپول و دارایی عێراقدا بگرێت، ووتیشی هەر باسكردنیكی دۆسییەی ئابووری نێوان هەردوو ووڵات تەنها هیوا و ئومێدە و هیچی لێ نایەتەدی.

چاودێرەكە ووتیشی ئێران دەتوانێت جۆرێك لە هاریكاری ئەمنی بسەپێنێت بەسەر عێراقدا لە سایەی ئەو واقعەی دوا هەڵبژاردنەكانی عێراق سەپاندنی و بووە هۆی گواستنەوەی میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە تاران لە بواری سەربازییەوە بۆ بواری سیاسی، ئەمریكاش تا ڕادەیەك چاو لەو هەنگاوە دەپۆشێت، بێ ئەوەی كاریگەری لەسەر بوونی سەربازی واشنتۆن هەبێت بەسەر عێراقدا.

واش چاوەڕوان دەكرێت ئەمریكا ڕازی بێت بە یەكلاییكردنەوەیەك كە عێراق بەرێتەدەرەوەی هاوكێشەكه، لەسەر ئەو بنەمایەی عێراق خۆی لە هیچ ململانێیەكی سەربازی وەرنەدات، دەكرێت ئێرانیش هەمان وویست و ئارەزووی هەبێت، بۆ ئەوەی هەژموونی سیاسی خۆی لە عێراقدا لەدەست نەدات.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر