بۆ سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی
كێ‌ قەرەبووی لێكجیابوونەوەی هاوسەران‌و ساڵە فەوتاوەكانی خوێندنی خوێندكاران دەكاتەوە؟

کوردستان

16/03/2019‌ 1050 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: سیڤان ئازاد
ئەگەر تەنیا بۆ چەند سەعاتێك بچیتە ناو یەكێك لەو رێكخراوانەی كار بۆ مافی ژنان دەكەن، دەیان كەیست بۆ باس دەكرێت، كە لەماوەی چوار ساڵی قەیرانی دارایی هەرێم روویانداوە، ئەویش جیابوونەوەی هاوسەرانە بەهۆی كێشەی دارایی.

هەرێمی كوردستان لەساڵی 2014وە رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەوە، دوای ئەوەی هەولێر لەگەڵ بەغدا بۆ پرسی فرۆشتنی نەوت نەگەیشتە رێككەوتن‌و دوای ئەوەش حكومەتی عێراق بەشە بودجەی ساڵانەی هەرێمی بڕی.

بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن عێراقەوە، بووە هۆی بیانوویەكی باش بەدەست نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری، بۆ ئەوەی بڕیاری پاشەكەوتكردنی موچەی فەرمانبەران بدەن، كە ئەوەش هێندەی تر قەیرانی دارایی قووڵكردەوەو كاریگەرییەكانی لەكۆمەڵگەی كوردی زیاد كرد.

قەیرانی دارایی بووە هۆی لێكدابڕانی چەندین خێزان
دوای چوار ساڵ لەبەردەوامی ئەو قەیرانە، سەرەتای ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچەیان راگەیاند، ئەوەش بەهۆی ئەوەی حكومەتی عێراق بڕیاریداوە، بودجەی هەرێمی كوردستان بنێرێت.

هەر لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكە، سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی باسیان لەوە كرد، كە كار بۆ ئەوە دەكەن، لەگەڵ حكومەتی عێراق هەماهەنگی بكەن، پارەی ئەو موچە فەوتا‌و پاشەكەوتكراوانەی فەرمانبەران بگەڕێننەوە، كە لەماوەی چوار ساڵی قەیران كەوتووەتە لای حكومەت.

ئەو هەڵوێستە ئەو پرسیارە دەهێنێتە پێشەوە، كە یایا كی قەرەبووی ئەو خێزانانە دەكاتەوە، كە بەهۆی قەیرانی دارایی هەڵوەشانەوە؟ یان ئایا كێ‌ قەرەبووی ئەو ساڵە فەوتاوانەی خوێندكاران دەكاتەوە؟ كە بەهۆی قەیرانی دارایی وازیان لەخوێندن هێنا.

شارپرێس لەم بەدواداچوونەدا چەند كەیسێك دەخاتەڕوو، كە تایبەتن بەچەند خێزان‌و كەسێك، بەهۆی قەیرانی دارایی لێكجیابوونەتەوە، یان وازیان لەخوێندن هێناوە، كە ئەو كەیسانە نموونەی دەیان كەیسن بەهۆی قەیرانی دارایی دروست بوون.

رووناك، ژنێكی تەمەن 32 ساڵەی دانیشتووی سلێمانی بوو، ئەو بەسیمایەكی خەماوی چیرۆكی خۆی بۆ شارپرێس گێڕایەوە، كە بەقسەی خۆی بەهۆی قەیرانی دارایی لەهاوسەرەكەی جیابووەتەوەو وتی: خوێندنی پەیمانگام تەواو كردو لەساڵی 2010 هاوسەرگیرم كردو بوومە خاوەنی منداڵێك، بەڵام بەهاتنی قەیرانی دارایی هەموو شتێكم لێ شێواو لەهاوسەرەكەم جیابوومەوە، چونكە نەماندەتوانی بەو دۆخە قەیراناوییە بەردەوامبین، بۆیە جیابووینەوەو هەریەكێكمان بەرێگەیەكدا چووین.

هاوسەری ئەو ژنە فەرمانبەر بووەو بەهۆی ئەوەی كرێچی بوون، نەیانتوانیوە بەردەوامبن، بۆیە بڕیاری جیابوونەوەیان داوە، كە رووناك ئێستاش حەسرەت بۆ ئەو رۆژانە هەڵدەكێشێت، كە ژیانێكی سادەو ساكاریان هەبوو.

قەیرانی دارایی تەنیا كاریگەری لەسەر كەرتی حكومی دانەناو كاریگەریشی لەسەر كەرتی تایبەت دانا، كە بەهۆیەوە دەیان كۆمپانیاو بازاڕی گەورە دابخرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی سەدان كەس هەلی كار لەدەست بكەن‌و ئەوەش كاریگەری كردە سەر ژیانی چەندین كەس‌و بەجیابوونەوەی هاوسەران كۆتایی هات.

ژوان كچێكی تری 29 ساڵە بوو، ئەو پێش قەیرانی دارایی لەیەكێك لە ماركێتەكانی شاری سلێمانی كاری كردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی هەلی كارەكەی لەدەستداوە، كە هاوسەرەكەشی مامۆستا بووە، بەڵام بەهۆی كاریگەری قەیرانی دارایی ‌و نەبوونی موچە، ناچاربوون بەدوو منداڵەوە بڕیاری لێكجیابوونەوە بدەن.

ئەو ژنە هۆكاری جیابوونەوەكەیانی بۆ ئەوە گێڕاوە، كە هاوسەرەكەی دەبوو ماڵی باوكی بەخێو بكات، بەو هۆیەشەوە نەیتوانیوە لەژیانی هاوسەری بەردەمبن‌و دواجار چیرۆكی ژیانیان بەجیابوونەوەی هەمیشەیی كۆتایی هاتووە.

لانە تەها پارێزەر لەدادگای سلێمانی بۆ شارپرێس پشتراستیكردەوە، كە دەیان كەیسی لەبەردەست بووە، كە هاوسەرەكان هیچ كێشەیان نەبووە، تەنیا ئەوە نەبێت، بەهۆی قەیرانی دارایی بڕیاری جیابوونەوەیان داوە.

لانە تەها بۆ شارپرێسی وتی: قەیرانی دارایی بووەتە هۆی زیادبوونی دیاردە كۆمەڵایەتییەكان‌و كێشەی خێزانی‌و تێكچوونی شیرازەی خێزان زیادبوونی، كە كێشەكانی جیابوونەوە لەدادگاكانی زیادكردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەهۆی قەیرانەوە نەیانتوانیوە بەردەوام بن.

ئەو پارێزەرە باسی لەوەش كرد، جگە لەجیابوونەوەی هاوسەران، قەیرانی دارایی چەندین كێشەی تری زیادكردووە، لەوانە كوشتن بەهۆی قەرزەوە، وازهێنانی خوێندكاران لەخوێندن‌و دەیان كێشەی تر.

محەمەد كوڕێكی 25 ساڵەی ترە، كە پێشتر خوێندكاری زانكۆ بووە، ئەو ئێستا كاری میوەفرۆشی دەكات‌و بۆ شارپرێس وتی: من بەهۆی قەیرانی داراییەوە وازم لەخوێندن هێناوە، چونكە زۆركات بووە پارەی مەرزەمەو كرێی ئۆتۆمبیل‌و خەرجی رۆژانەم پێنەبووە، بۆیە وازم هێناو لەئێستادا كاری فرۆشتنی میوە دەكەم تابتوانم بژێوی ژیانی خێزانە كەمی پێدابین بكەم‌و هاوكاری باوكم بم.

غالب محەمەد ئەندام پەرلەمانی عێراق لەبارەی قەرەبووی ئەو جۆرە كەیسانە، بۆ شارپرێس وتی: پارە قەرەبووی خوێندن ناكاتەوە، چونكە ساڵی خوێندن فەوتاوە، هەروەها پارەش قەرەبووی كێشەی جیابوونەوەی هاوسەران ناكاتەوە، كە ئەمانە هەمووی بەرپرسیارییەكەی حكومەتە.

غالب محەمەد وتیشی: ئەگەر حكومەتی هەرێم حكومەتێكی شكستخواردوو نەبوایەو پلانی هەبوایە خەڵكی وایان بەسەر نەئەهات، تەنانەت هۆشداری ئەوەشیدا، كە راستە ئێستا موچە باش بووە، بەڵام مەرج نییە، ئەو باشبوونە بەردەوام بێت، چونكە بەقسەی ئەو حكومەت هیچ پلانێكی نییە.