عێراق لەڕووی یەدەگی زێر پلەی پێنجەمی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی هەیە

عیراق

16/03/2019‌ 828 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجوومەنی جیهانی زێڕ رایگەیاند، بۆ مانگی ئازار عێراق توانیویەتی پارێزگاری لەپێگەی خۆی بكات وەك  پێنجەمی وڵاتی عەرەبی لەبوونی یەدەگی زێڕ ، ئەنجوومەنەكە باسی لەوەش كردووە لەماوەی ئەمساڵدا وڵاتانی عەرەبی هیچ بڕێكیان لەزێر نەكڕیوە . 

ئەنجوومەنەكە لەو ئامارەی، كە لەسەر پێگەكەی خۆی بڵاویكردووەتەوە راشیگەیاندووە، عێراق دوای هەر یەك لە سعوودیە ، لوبنان ، جەزائیر و لیبیا دێت، بەجۆرێك قەبارەی ئەو زێڕەی هەیەتی دەگاتە 96,5 تۆن ، كە ئەمەش لەسەدا حەوتی سەرجەم دراوەكانی تر پێكدەهێنێت.

لەسەر ئاستی جیهانیش ، ئەنجوومەنەكە باسی لەوە كردووە، كە لەكۆی ١٠٠ دەوڵەتی جیهان لەئامارە داراییەكانی یەدەگە جیهانییەكانی زێڕ تۆمار كراون عێراق پلەی ٣٧ی هەیەو ئەوەشی راگەیاندووە، دواجار كە عێراق زێڕی كڕیوە لەمانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٨ بووە كە بڕی ٦،٥ تۆنی زێڕ  بووە.
  
ئەنجوومەنی جیهانیی زێر هەروەها رایگەیاندووە، لەمانگی ئازاردا چین زۆرترین زێڕی كڕیوە، كە ١١،٨ تۆن بووە ، دوای ئەو توركیا ٧،٦ تۆن ، بەڵام ئەو وڵاتانەی لەهەمان مانگدا زۆرترین زێڕیان فرۆشتووە ئۆزبەكستان بووە كە ١٢،٤ تۆنی فرۆشتووە ، هەروەك ئەنجومەنەكە باس لەوە دەكات تاوەكو ئیستا وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پلەی یەكەمی لە بوونی زۆرترین یەدەگی زێر هەیە بەجۆرێك یەدەگەكەی دەگاتە ٨، ١٣٣،٥ تۆن ، دوای ئەو ئەڵمانیا دێت كە ٣،٣٦٩،٩ دێت .

ئەنجوومەنی جیهانی زێر، كە بارەگاكەی لە شانشینی یەكگرتووە ، شارەزاییەكی فراوان و ئاگادارییەكی زۆر قووڵی هەیە لەسەر ئەو هۆكارانەی كاریگەرییان دەبێت لەسەر گۆڕانی بازاڕی زێر  ، هەروەك ئەندامەكانیشی لەو كەسانە پێكدێن لەكۆمپانیا هەرە گەورە و پیشكەوتووەكانی بواری كانزاگەری زێڕ لەجیهاندا كاردەكەن . 

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی