بەرهەم ساڵح: هەڵەبجە ویستی بەرگری‌و هەڵسانەوەو ئاوەدانكردنەوە بەرجەستە دەكات

عیراق

16/03/2019‌ 261 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەیادی بۆردومانی هەڵەبجە بەچەكی كیمیایی دەڵێت: ئەمڕۆ هەڵەبجە ویستی بەرگری‌و هەڵسانەوە و ئاوەدانكردنەوە بەرجەستە دەكات.

بەرهەم ساڵح بۆ یادی 31 ساڵەی بۆردومانكردنی هەڵەبجە بەچەكی كیمیایی لەسەر دەستی رژێمی پێشوو دەشڵێت: هەڵەبجە بیرەوەرییەكی زیندووەو كەسانی بە ویژان هەرگیز لە یادی ناكەن و دەبێتە پاڵنەرێك بۆ ئازادیخوازان بۆ ڕێگەنەدان بەدووبارە گەڕانەوەی رژێمە ستەمكار و دیكتاتۆرییەكان.

قسەكانی سەرۆك كۆماری عێراق لەمیانی بەیاننامەیەك بووە، كە ئەمڕۆ  شەممە بڵاویكردووەتەوە، ئەمەش دەقی بەیاننامەكەیە:
بەیاننامەی سەرۆك كۆماری عێراق بەبۆنەی ٣١مین ساڵیادی بۆردومانكردنی ھەڵەبجەی شەهید بە چەكی كیمیاوی

پێش ٣١ ساڵ رژێمی سەدام بە چەكی كیمیاوی هەڵەبجەی بۆردومانكرد.. جەستە پاكەكان كەوتن و ھەناسەكانیان خامۆشكران ، لێرە و لەوێ ، لەسەر شەقام و ڕێگاكانی ناو شار، ھەندێكیشیان چنگیان لە ژیان گیركردبوو و وابەستەبوون بە خۆشەویستیان بۆ نیشتمان و ئاشتی و ئازادی و ئێستاشی لەگەڵ بێت ھەڵگری نەھامەتی و ئێش و ئازاری زۆرن.

كەسوكارمان لە ھەڵەبجە لە ھەر ناوچەیەكی تری عێراق ھیچ تاوانێكیان نەبووە كە دووچاری ستەم و چەوساندنەوە بوون، تاكە تاوانیان ئەوەبوو كە لە ژێر دەسەڵاتی رژێمێكی ستەمكاردا دەژیان كە ھەموو یاسا و رێسا ئاسمانییەكان و مافەكانی مرۆڤی پێشێل كرد، بۆیە ئەنجامی حەتمی بریتی بوو لە نەمانی ئەو دیكتاتۆریەتە قێزەوەنە كە وڵاتی وێرانكرد.

ھەڵەبجە بیرەوەرییەكی زیندووە و كەسانی بە ویژدان ھەرگیز لە یادی ناكەن و دەبێتە پاڵنەرێك بۆ ئازادیخوازان بۆ ڕێگەنەدان بە دووبارە گەڕانەوەی رژێمە ستەمكارە دیكتاتۆرییەكان بۆ ئەوەی سەرجەم هاووڵاتیان لە خێر و بێری ئەم وڵاتەدا پێكەوە بە ئاشتیانە بژین و كار بكەن بۆ ئاوەدانكردنەوە و بەدیھێنانی دواڕۆژێكی گەش بۆ وڵاتەكەمان.

لەم ڕۆژەدا كە یادی قوربانیەكانی ئەم شارە دەكەینەوە كە بۆتە سیمبولی بەربەرەكانی زۆرداری و سەمفۆنیای ئاشتی و ناونیشانێك بۆ خۆشەویستی و پێكەوەژیان، لە ھەمان كاتیشدا یادی ئەو تاوانانە دەكەینەوە كە ئەنجامدراون دژ بە هاووڵاتیان لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە مەحاویل لە بەسرە و سەماوە و ئەنفال و گەرمیان و بادینان و لە كوشت و كوشتاری دەرھەق بە  بارزانییەكان و چەوساندنەوە و ئاوارەكردنی كوردە فەیلیەكان.

ئێمە لەم بۆنەیەدا كە لە ناخی ھەموو كەسێكی بە ویژداندا یادێكی خەمناك و ئازار بەخشە، دووپاتی دەكەینە كە پێویستە قەرەبووی ئەم شارە و خەڵكەكەی و كەسوكاری شەھیدانی بكرێتەوە كە قوربانیەكی گەورەیان داوە لە پێناوی داخوازیە رەواكانیان، بە تایبەت ئەوانەی كە دەر بە دەركراون و ماڵ و موڵكیان سوتێنراوە، ئەوە جگە لە زیندوكردنەوەی سروشت و ژینگەكەی كە بە ھۆی ئەو كردارە تاوانكارییە قێزەوەنانەوە وێرانبووە.

پێویستیشە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە مرۆییەكانی ھەموو توانایەكی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ پێشكەشكردنی ھەموو جۆرە یارمەتی و پشتیوانیەك بۆ ئەم شارە خۆڕاگرە و ھەوڵدان بۆ دامەزراندنی دادگایەكی كارا و تایبەت و دەركردنی كۆمەڵە یاسایەك بۆ سنورداركردنی بەكارھێنان و بڵاوبوونەوەی چەكە قەدەغەكراوەكان و دادگاییكردنی ئەو كەسانەی كە لەو تاوانانەوە تێوەگلاون بۆ ئەوەی بە سزای رەوای خۆیان بگەن.

تاوانی بۆردومانكردنی ھەڵەبجە بە زیندووی  و وەك شایەتحاڵێك دەمێنێتەوە بۆ نەوەكانی داھاتوو چونكە بەرجەستەی نەھامەتیەكانی گەلی كوردستان و ھەموو عێراقییەكانە لە بەرامبەر رژێمێكی زۆرداردا كە لە ڕێگەی بۆردومانكردنی ھاووڵاتیانی بێتاوانەوە بە چەكی كیمیاوی كە چەكێكی قەدەغەكراوە، ھەزاران ھاووڵاتی لەناوبرد.

نەمری بۆ شەھیدانی سەربەرزمان لە قوربانیانی چەكی كیمیاوی و گۆڕە بە كۆمەڵەكان و تیرۆر و ئەشكەنجەدان ھیوامان ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری و گەشەسەندنە بۆ عێراقی دیموكراتی و فیدرال.

بەرھەم ساڵح
سەرۆك كۆماری عێراق