داوا دەكرێت عێراق دۆسییەی نەوت لەگەڵ هەرێم هەڵبداتەوە

عیراق

16/03/2019‌ 2568 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
داوا دەكرێت بەغدا دۆسییەی نەوت لەگەڵ هەولێر هەڵبداتەوە، كە هەندێك بەرپرسی كورد زانیاری گرنگ‌و ترسناكیان لەسەر بەتاڵانبردنی نەوتی هەرێمی كوردستان داوەتە حكومەتی عێراق‌و ئاشكرایانكردووە پارەی نەوتە فرۆشراوەكە لەبانكە ئەورووپی‌و توركییەكان هەڵدەگیرێت.

رۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید" لەزاری بەرپرسێكی عێراقی بڵاویكردەوە، كە هەندێك كوتلەی سیاسی داوایان لە حكومەتی بەغدا كردووە دۆسیەی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی كورد لەهەولێر و سلیمانی هەڵبداتەوە.

رۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە، كە ئەو بەرپرسانە جەختیشانكردووەتەوە،  پێویستە سنوورێك بۆ بەتاڵانبردنی نەوتی هەرێم دابنرێت، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە هەندێك ئەندام پەرلەمانی كورد  زانیاری گرنگیان داوەتە بەغدا لەسەر ئەو نەوتەی بەقاچاخ رەوانەی توركیا دەكرێت ،  بڕی نەوتەكە و ئەو كەسانەش كە لە پرۆسەی بەقاچاخبردنەكە تێوەگلاون ، ئەوە جگە لە پرۆسەی بەقاچاخبردنی نەوت بە تانكەر بۆ هەندی گرووپی مافیایی توركی و ئیرانیی ، كە بەقسەی ئەو بەرپرسە دەگوترێت بەشیكی زۆری ئەوانەی بەو كارە هەڵدەستن كەسە نزیكەكانی مەسعوود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانن .

هەروەها رایانگەیاندووە، ئەو نەوتەی دەریشدەهێنرێت هی كێڵگە نەوتییەكانی نێوان كەركوك و كۆیەیەو بیرە نەوتییەكانی بابەگورگور، هەندێك كیڵگەی باشووری رۆژهەڵاتی هەولێرن، كە ئیستا كۆمپانیای نەوتی ئیماراتی وەبەرهینانی تێدا دەكەن ، كە گرنگرتینیان كۆمپانیای دانا غازە .

بە قسەی بەرپرسێكی عیراقی پرۆسەی بەرێكردنی نەوتی هەرێم، كە رۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتە سەرەتا دەچێت بۆ بەندەری مێرسین‌و جیهانی توركی ، لەوێوە بە تانكەر، هەندێكیان سەر بە كۆمپانیای بیانین دەگوازرێتەوە بۆ  وڵاتانی سەر دەریای ناوەراست ، بەشێكیشی  دەچێت  بۆ ئیسرائیل لەڕێگای بەندەری "ئەشدود"ی ئیسرائیلی .

ئەو بەرپرسە كوردە باسی لەوە كردووە، كە زیادبوونی ناكۆكی‌و ململانێی نێوان حیزبە كوردییەكان وایكردووە ئەو جۆرە زانیارییانە لەسەر بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێم دزەیان پێبكرێت 

لەلایەكی ترەوە بەرپرسێكی كورد، كە داوای كردووە ناوی ئاشكرا نەكرێت رایگەیاندووە، پارەی ئەو نەوتەی هەرێم دەفرۆشرێت لەسەر ناوی بەرپرسانی كورد لە هەولێر و سلیمانی لەبانكەكانی توركیا و وڵاتانی ئەوروپا هەڵدەگیرێت ، هەندێكی تریش لەو پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەولێرو كەس نازانێت چارەنووسی چی لێدێت ، باسی لەوەس كردووە كە ئەمەریكییەكان چاوپۆشی لەوە دەكەن كە نەوت بە قاچاخ بروات بۆ توركیا چونكە دەزانن ئیسرائیل لەبەشێكی ئەو نەوتە سوودمەندە ، بەڵام گوشار درووست دەكەن تا ڕێگری نە رۆیشتنی نەوت بكەن بۆ ئێران.
 
بەپێی دەستووری عێراقی هەر جۆرە مامەڵە و هاوكارییەك  لەگەڵ ئیسرائیل قەدەغەیە و بە تاوانە گەورەكان هەژمار دەكرێت  .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی