ئەمریكا لەسەر مامەڵەكردن لەگەڵ بانكە ئێرانییەكان هۆشداری دەداتە عێراق

عیراق

16/03/2019‌ 781 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
براین هۆك نێردەی ئەمەریكی تایبەت بەئێران هۆشداریی  بەعێراقدا لەمامەڵەكردنی لەگەڵ سیستەمی بانكی ئێرانی، كە بە " رەش و ناروون " وەسفی كردوون‌و رایگەیاندووە، چاوەڕێ دەكەم عێراق پابەند بێت بە گەمارۆكانی واشنتۆن بۆسەر ئێران كە بەقسەی ئەو  ئەوە لە بەرژەوەندی عێراقیشە .

هۆك راشیگەیاند، دەیان بانكی ئێرانی هەن بانكی پیس و گەندەڵن ، تەنیا كاریان خزمەتكردنی رژێمی ئێرانە ، سیستەمی بانكی لە ئێران بە مەبەست كراوەتە سیستەمێكی رەش و ناروون ، لەبەر ئەوەی رژێم  نایەوێت میللەت بزانێت ئەو پارە و پولە بۆ كوێ دەچێت ، چونكە هەموو ئەو پارەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و بۆ بەدیهێنانی ئامانجە فراوانخوازییەكانی تاران خەرج دەكرێت .
 
ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە هەروەها رایگەیاند، رژێمی ئێران وا سەیری عێراق دەكات وەك ئەوەی نینۆكێكی خۆی بێت لە یارییە سیاسییە گەورەكان و رێرەوێكیش بێت بۆ زاڵبوون بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەراستدا .

هۆك لەچاوپێكەوتنیكی لەگەڵ كەناڵی"ئەلحوڕرە" ئەوەشی راگەیاندووە با عێراقییەكان گەشبین نەبن بە سەردانی حەسەن روحانی بۆ عێراق " گوتیشی " ئێران وەبەرهێنان بۆ میللەتی خۆی ناكات ، بەهیچ جۆرێك چاوەڕێ ناكرێت یارمەتیی عێراقییەكان بدات ".
 
سەبارەت بەسیاسەتی دەرەوەی ئێران هۆك رایگەیاند، ئێران لە سیاسەتی دەرەوەیدا ڕێز لە سەرەوەری و سەربەخۆیی وڵاتانی تر ناگرێت ، لە ساڵی ١٩٧٩ وە كار لەسەر كەمكردنەوە و نەهێشتنی ناسنامەی نیشتیمانی وڵاتان دەكات تاوەكو  بیانگۆڕێت بۆ ناسنامەی دینی ، بەم شێوەیە ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەراست چاندووە ، كە سەرچاوەكەی توندوتیژیی و خوێنرشتن بووە .

هەروەها سەبارەت بە گەمارۆكانی سەر ئێران ئەو ئەوەی راگەیاندووە، چاوەڕێ دەكەین كە بەغدا پابەندی گەمارۆكانی ئەمەریكا بێت بۆ سەر ئێران چونكە بە قسەی ئەو ئەوە لەبەرژەوەندی عێراقیشە بەوەی ڕێدەگرێت لەوەی ئێران دەست لەكاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانە وەربدات و ئارامیی و سەقامگیری ناوچەكە تێكبدات . گوتووشیەتی واشنتۆن لەبەر بەرژەوەندی خەڵكی عێراق ڕێگای داوە ئەو وڵاتە كارەبا لە ئێران بكرێت ، بەڵام ئەو پارەیەی عێراق بەرانبەر كڕینی كارەبا دەیدات دەبێت بچێتە سندووقێكی تایبەتەوە تاوەكو نەبێتە سەرچاوەی دراوی قورس بۆ ئێران . 

لەبارەی ئەو لایەن و بانكانەی مامەڵە لەگەڵ بانكە ئێرانییەكان دەكەن گوتی  " بەڕوونی و راشكاوی بەهەموو بانكە جیهانییەكانمان گوتووە ئەوەی مامەڵە لەگەڵ بانكە ئیرانییەكان بكات سزای دەدەین ، بانكە عێراقییەكانیش ئەوە باش دەزانن .

ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە باسی لەوەش كردووە، ئەو گەمارۆ دارایی و نەوتییانە وادەكەن ئێران ملیارەها دۆلاری لەدەست بچێت ، چاوەڕێی ئەوە دەكەین كە ئەنجامی گەمارۆكان ئەوەبێت ئێران بێبەش بكرێت لەوەی داهاتی پێویستی دەست بكەوێت ، باشترین بەڵگەش ئەوەیە كە گەورەترین بەكرێگرتەی ئیران كە " حزبوڵلا"یە خەریكی كۆكردنەوەی كۆمەكە ، هەروەك رژێمی ئێران بودجەیەكی كەمتری بۆ سوپای پاسداران تەرخان كردووە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی