هەمواری یاسای رەگەزنامە عێراقییەكان تووڕە دەكات

عیراق

17/03/2019‌ 2951 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا، كە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای هەمواری یاسای رەگەزنامە لە عێراق بكرێت ، بەجۆرێك بەپێی پرۆژەكە هەر بیانییەك ساڵێكی لەعێراق بەسەر بردبێت ئەوە دەتوانێت ببێتە خاوەن رەگەزنامەی عێراقی.

یەحیا محەمەدی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی: كاتی خۆی حكومەتەكەی حەیدەر ئەلعیبادی پرۆژەكەی پێشكەش كردووە ، حكومەتی عادل عەبدول مەهدیش رەزامەندی لەسەداوە و ناردوویەتی بۆ پەرلەمان .

یەحیا وتیشی: سەرەرای ئەوەی بڕیاردراوە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاساكە بكرێت ، بەڵام زۆربەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق زۆر تووڕەو نیگەرانن لە پرۆژەكە ، چونكە زۆر لەبەهای رەگەزنامەی عێراقی كەمكردووەتەوە و بەدەستهێنانی زۆر ئاسان كردووە ، ئەوە سەرباری ئەوەی دەسەڵاتێكی زۆر دراوە بەوەزیری پەیوەندیدار بۆ بەخشینی رەگەزنامە .

هەروەها وتی: ئەوانەی پشتیوانی هەمواركردنەكە دەكەن دەڵێن ئەوە یارمەتی ئەو كەسانە دەدات كاتی خۆی لەسەر دەستی رژێمی پێشوو بەزۆر كۆچیان پێكراوە تاوەكو مافی خۆیان وەربگرنەوە.

تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان یەكێك بوو لەو جێگایەی، كە عێراقییەكان بیرورای خۆیان دەربڕن بۆ رەتكردنەوەی پرۆژەكە، بۆ نموونە رۆژنامەنووس فەیسەڵ عەبدول حەسەن دەڵێت: یاسای نوێی رەگەزنامە ئامانج لێی گۆڕینی دیمۆگرافیای دانیشتووانی عێراقە ، تاوەكو كۆتایی بەخەڵكی رەسەنی عێراق بهێنن و بە رەگەز و نەتەوەی تری ئێرانی و ئەفغانیی و هیندی بیگۆڕن" .

هەروەها ئەنوەر ئەلشەمەری لە تویتێكدا دەڵێت " نا و هەزار جار نا بۆ پرۆژە یاسای نوێی رەگەزنامە لە عێراق " .

هەروەك زەید ئەلئەعزەمی لەتویتێكدا دەڵێت: " داشكاندنی نرخ بۆ میوانە بیانییەكان ، ساڵێك لە عێراق دانیشە و رەگەزنامەی عێراقی بەخۆڕایی بەدەستبهێنە " .
 
هاوڵاتییەكی تر بەناوی عومەر ئەلجەنابی نووسیویەتی "پێش بەڕێوەچوونی سەرژمێریی دانیشتووان : هەماواری یاسای رەگەزنامە ، ئاسانكاریی گەورە بۆ بەخشینی رەگەزنامە بۆ خەڵكی بیانیی ، نەهێشتنی ڤیزای گەشتكردن لەنێوان عێراق و ئێران "

لەبەرانبەر ئەو رەخنانە ، هەر زوو بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانیی و پاسپۆرت سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقی بەیاننامەیەكی دەركرد بۆ روونكردنەوەی هەندێ لە بڕگەكانی پرۆژە یاسا نوێكە .

بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو رایگەیاندووە، یاسای رەگەزنامەی بڕیارلەسەردراوی ساڵی ٢٠٠٦ تائێستا هەر بەركارە ، بەڵام ئەگەر كەسێكی بیانی بیەوێت ببێتە خاوەن رەگەزنامەی عێراقیی و هاوسەرگیری نەكردبێت ئەوە دەبێت ١٠ ساڵی لەسەر یەك لەعێراق بمێنێتەوە .

سەبارەت بەو كەسانەی، كە لەماوەی ساڵێك رەگەزنامەیان پێدەدرێت ، بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی و پاسپۆرت رایگەیاندووە "هەڵاوێردێك بۆ (كۆچپێكراوەكان)  كراوە ، واتە ئەو كەسانەی لەسەردەمی رژێمی بەعس بەزۆر لەعێراق دەركراون و  مامەڵەی بەدەستهینانی رەگەزنامەی عیراقییان پێشكەش بە بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە كردووە بەڵام بەهۆی كۆچپێكردنیانەوە نەیانتوانیوە رەگەزنامە بەدەستبهێنن" .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی