ئێران دەیەوێت ئاستی هەناردكردنی بۆ عێراق بگەیەنێتە ٢٠ ملیار دۆلار

عیراق

17/03/2019‌ 474 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەزا رەحمانی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی‌و كانزاكانی ئێران رایگەیاند، چاوەڕێ دەكەین هەناردەكانمان بۆ عێراق لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا بگاتە ٢٠ ملیار دۆلار، ئەوەش لەچوارچێوەی ستراتیژییەتێكی ئابووریی دوورمەودا.

رەزا رەحمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند، "سەبارەت بە ئەنجامە ئابوورییە بەدەستهاتووەكانی  سەردانی حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری ئێران بۆ عێراق گەیشتنە ئاستی هەناردەكردنی ٢٠ ملیار دۆلاری ئەمەریكی بۆ عێراق یەكێكە لەئامانجە لەبەرچاوگیراوەكانمان لەماوەیەیكی كورت مەودادا.

ئەو وەزیرە ئێرانییە هەروەها رایگەیاند، عێراق خوازیاری بوونی شاری پیشەسازی هاوبەشە لەگەڵ ئێران، ئەویش بە یارمەتی پیشەوەر و وەبەرهێنەرە ئێرانییەكان .
 
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی ئێران ئەوەشی راگەیاند، وڵاتەكەی تاكە وڵاتە پێشانگای پیشەسازیی پسپۆریی دامەزراندووە لەعێراق، "هەروەك بەرهەمە سپیاییەكانی ئێران لەسەدا ٣٠ بازاڕی سپیایی عیراقییان داگیركردووە".

لەئێستادا ئێران یەكێكە لە هەناردەكارانی سەرەكیی كەلوپەل و شمەك بۆ عێراق ، كە بەپێی ئەو ئامارانەی حكومەتی ئێران بڵاوی كردۆتەوە ، ئەو وڵاتە ساڵانە بای ٨،٥ ملیار دۆلار كاڵا و شمەكیی نا نەوتی بۆ عێراق دەنیرێت ، هەروەك بەبەهای ٣،٦ ملیار دۆلاریش غازی سرووشتیی و كارەبا بە عێراق دەفرۆشێت.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی