ئەمریكا رژێمەكەی بەشار ئەسەد لەدەرامەتەكانی ڕۆژهەڵاتی فورات بێبەش دەكات

کوردستان

17/03/2019‌ 3423 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ساتەوەختی دەستپێكی جەنگی سوریا لە ساڵی 2011، لە سایەی هەژموونی بیانی و سزا ئەمریكی و ئەوروپییەكاندا، دیمەشق دەستەوەستانە لەبرەودان بە ئابوورییەكەی، ئەمەش دوای ئەو وێرانكارییەی تووشی ژێرخانی ئابووری‌ و چەند كەرتێك بووەوە، كە پارە پەیدا دەكەن و بە تایبەتیش كەرتی نەوت، هەرچی ئۆپۆزسیۆنی سوریاشە، دەنگی كزە و سەركردەكانیشی پەڕاگەندەن.

هاوپەیمانانی سوریا لە هەوڵی ڕاستكردنەوەی بارە لاره ئابوورییەكەی دیمەشق دان، ئەمەش بۆ قەرەبووكردنەوەی وێرانكارییەكانی جەنگ. هەر یەك لە ڕوسیا و ئێران پلانی ئەوەیان هەیە كۆمپانیاكانیان بەشی شێری بەركەوێت لە دووبارە بنیاتنانەوەی سوریا. هەردووكیشیان لەم دواییانەدا چەند ڕێككەوتننامەیەكی دووقۆڵی و گرێبەستی دوورمەودایان لە چەند بوارێكی جۆراوجۆردا لەگەڵ دیمەشق واژۆكردوە كە دیاترینیان بوارەكانی ووزە و بنیاتنانەوە و نەوت و كشتوكاڵن‌.

پۆتین هاوینی ڕابردوو هانی ئەوروپییەكانیدا بەشداری دارایی لە دووبارە بنیاتنانەوەی سوریادا بكەن. مۆسكۆش لەگەڵ چەند لایەنێكی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی كەنداودا لە گفتوگۆدایە بۆ دابینكردنی دەرامەتی پێویست بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم كارە. بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا پێویستی بە دەرامەتەكانی ئاو، گەنم، نەوت، گازی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی فوڕاتی سوریایە كە زۆرینەی هەرە زۆری بە دەست هێزەكانی سوریای دیموكراتەوەیە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش پشتیوانیان لێ دەكات، بەڵام سیاسەتی ئەمریكی لە هەوڵی بێبەشكردنی دیمەشقە لەو‌ دەرامەتانە و هەرەسپێهێنانی ئابووریەكەی، ئەمەش بە گوێرەی بۆچوونی توێژەرانی  ناوەندی ئاسایشی ئەمریكی تازە. بەشار ئەسەدیش لەم دوایانە و لە كاتی پێشوازیكردنی لە بەرپرسێكی چینی ووتی: "جەنگی دژ بە سوریا ئاراستە و ڕوخسارێكی دیكەی وەرگرتووە كە بنچینەكەی لەسەر جەنگی ئابووری بەندە".

دوای 8 ساڵ شەڕی دەستەویەخە لە سوریا ، پرسی لادانی ئەسەد لە حوكمڕانی لە دۆخی ئێستادا باس و خواسی نەماوە، ووڵاتەكەشی بۆتە گۆڕەپانی زۆرانبازێی هێزە دەرەكییه بەرژەوەند دژیەكەكان، سەرباری ئەوەش گەمارۆیەكی ئابووری خنكێنەر ووڵاتەكەی داپۆشیووە.

لە كاتیكدا‌ داعش خەریكی لەناوچوونە، ململانێ گشتییەكەش‌ پێ دەنێتە ساڵی نۆیەمیەوە، كوژراوەكانی گەیشتونە 360 كەس، وێرانكارییەكەشی بە بەهای 400 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، هێشتا 6 ملیۆن سوری دەربەدەری ناوخۆن و زۆرینەیان بێ پەناگەن، 6 ملیۆنیش ئاواره و دەربەدەری دەرەوە بوون كە لە ئێستادا نەتەوە یەكگرتووەكانی لە خەمی گەڕانەوەیاندا نییە.

ترسی پشێوی بارودۆخی ئەمنی چەند ساڵێكە مۆتەكەی سەر سنگی سورییەكانە، خەمی بژێوی و بارگرانی سەرشانیان ژیانی سەخت و دژوار كردوون، ناچارن بۆ دەستكەوتنی بتڵێك غاز ڕیز ببەستن، دژ بە بێكاری و بێ كارەبای بۆڵەبۆڵیانە، هەروەك نەتەوە یەكگرتووەكانیش دەڵێت.، زۆرینەی هەرە زۆریان لەژێر باری هەژاری و نەداریدا دەناڵێنن. 


نیكۆلاس هیراسی توێژەری ئەمریكی لە سەنتەری ئاسایشی ئەمریكا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ووتی "سەرباری ئەوەی گروپە چەكدارەكان كەمتر بوونەوە و دەبوو ململانێكە سوكتر بێت، كەچی بە پێچەوانەوە و بە هۆی بكەرانی بیانی كە دەستیان بەسەر ڕووبەریكی بەرفراوانی خاكی سوریادا گرتووە و پێناچێت وازوو ووڵاتەكە جێبێڵن، دۆخەكە زۆر ئاڵۆزتر بووه". هێزە حكومییەكان زیاتر 60% ی ڕووبەری ووڵاتیان بەدەستەوەیە ، ئەمەش داوای شكستە یەك لەدواییەكەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و پشتیوانی دوو هاوپەیمانەكەی دیمەشقەوە بوو (ئێران و ڕوسیا) ‌كە لە ساڵی 2015 وە تەرازووی هێزیان لە بەرژەوەندی دیمەشق گۆڕی، مۆسكۆش بنكەی سەربازی لە سوریا هەن و بەردەوامیش تیمە سەربازییە گەڕۆكەكانی لە شارەكاندا لە هاتووچۆدان.

جۆشوا لاندیسی توێژەر و مامۆستای زانكۆی ئۆكلاهۆمای ئەمریكی بۆ فرانس پرێس ووتی:" دیمەنی سوریا جێگەی بێ ئومێدییە و پەرشوبڵاوه، ئەمەش بە هۆی داگیركردنی زیاتر  30% خاكی سوریا لە لایەن حكومەتە بیانییەكانەوە كە پشتیوانی لە میلیشیا چەكدارەكان دەكەن".

لاندیس دەشڵێت: "بوارە ئابوورییەكە ئاڵێنگارییە هەر گەورەكەیە، ئەمەش دوای ئەوەی شەری ناوخۆ بووە هۆی بەهێزكردنی گەندەڵی و توندوتیژی نەمانی سەروەری یاسا، سەرباری هەموو ئەمانەش، وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا توندترین سزای ئابووری بەسەر سوریادا سەپاندووە كە مەینەتی و دەردەسەری خەڵكیان قوڵتر كردۆتەوە".

دیارترین ناوچەی دەرەوەی بن دەستی رژێمی ئەسەد پارێزگای ئیدلبە كە دەستەی ڕزگار كردنی شام (بەرەی نوسڕەی پێشوو) بەسەریدا زاڵە و گروپی چەكداری بچوكی دیكەشی لێن،. لە باكور و باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریاش، ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەری كوردەكان دامەزراون كە ئەمریكا پشتیوانیان لێ دەكات، ئەم ناوچانە دەوڵەمەندن بە نەوت و ئاو و كێڵگە كشتوكاڵییەكان. سەرباری مكوڕبوونی ئەسەد لە گێڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی، بەڵام لە ئێستادا ئەم كارە بەردەست نییە. چونكە لە سێبتێمبەری پارەوە، ڕێككەوتنێكی توركی – ڕوسی ئیدلب دەپارێزێت لە هێرشی سەربازی حكومەتی سوریا كە بەڵێنی دابوو ئەنجامی بدات. لەولاشەوە كوردەكان پشتیوانی نێو دەوڵەتییان هەیە و بە تایبەتیش وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەو پێیەی سەرەنێزەی جەنگی دژ بە داعشن.

توركیا خاڵی پشكنینی لە ئیدلب بە دەستەوە ماون، هێزەكانیشی لە شارە سنورییەكانی وەك جەڕابلوس و عەفرین بڵاوەپێكردووە. بوونی ئەمریكییەكانیش ڕێگری لە بەرزەفڕییەكانی ئەمریكا دەكات بە هێرشكردنە سەر كوردەكانی ڕۆژئاوای كوردستان كە بە دوژمنی خۆیانی دەزانێت، ڕێگریشە لەوەی دیمەشق هەر كردەوەیەكی سەربازییان لە دژ ئەنجام بدات. بڕیاری شكانەوەی 2000 سەربازی ئەمریكی له سوریا ترس و دڵەڕاوكێی كوردەكانی بەدوایی خۆیدا هێنا، بەمەش واشنتۆن پاشگەز بۆوە و بڕیاریدا بەشێك لە هێزەكانی وەك "هێزی ئاشتی" كە لە 200 سەرباز پێكدێت لەو ناوچانە بێڵێتەوە، شڕۆڤەكارانیش پێیان وایە كە پاشەكشەی هێزەكانی ئەمریكان وازوو ناكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە گەمەكارە نیودەوڵەتییەكان بەرژەوەندی دژیەكیان هەیە لە سوریا.

هیراس ئاماژە بەوەش دەدات كە: "ئەردۆغان گەرەكیەتی كوردەكان لە باوەشی ئەمریكییەكان دەربێنێت و دەسەڵاتی خۆشی بەسەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریادا بسەپێنێت. ڕوسیاش شوێنپێ قایمكردنی ئەسەدەی بەلاوە مەبەستە .. ئەمەش بۆ پاراستنی بنكە سەربازییەكانی لە سوریادا كە لە بەرفراوانبووندان، هەر‌وەها بۆ پاراستنی هەژموونی خۆشی لە ناوچەكە. ئێرانیش گەرەكیەتی ئەسەد لە حوكمڕانی بمێنێتەوە تا ئەو كاتەی سوپای شۆڕشی ئێرانی دەتوانێت بەردەوام بێت لە قۆزتنەوەی لاوازی سوریا وەك قوڵاییەكی ستراتیژی بۆ حزبزوڵای لوبنانی لە بەرامبەر ئیسڕائیلدا".


هیراس درێژەی دەداتی و دەڵێت: "ئۆپۆزسیۆنی سوریا؛ چ لە گۆرەپانەكە و لەسەر زەوی، یاخود لە ڕیزەكانی دەربەدەر و ئاوارەكان، بە تەواوەتی پاشكۆی هێزە دەرەكییەكانن".

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر