ناوەڕۆکی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان

کوردستان

17/03/2019‌ 1097 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی رایگه‌یاند، ژمارەیەک پێوەر دیاریکراوە بۆ کاندیدەکانی گۆڕان بۆ ئەو پۆستانەی لە حکومەتدا وەریانگرتوە.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی پشك و به‌ركه‌وته‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ كابینه‌ی نوۆه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ شه‌ممه‌ جڤاتی گشتی چه‌ند راسپارده‌یه‌كی ئاڕاسته‌ كرد.

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی به‌ میدیاكانی بزوتنه‌وه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، "لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا لەسەر دوو تەوەر گفتوگۆ کراوە، تەوەری یەکەم تایبەت بوە بە میکانیزم و پێوەرەکانی دیاریکردنی کاندیدەکانی گۆڕان بۆ پۆستەکانی حکومەت، بە جۆرێک کاندیدەکان لەسەر بنەمای شارەزایی و دڵسۆزیی و پابەندبون بە بەرنامەکانی گۆڕانەوە دیاری دەکرێن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "پڕۆژەی زۆریان بۆ هاتوە بۆ هەنگاوەکانی داهاتوی گۆڕان و کار لەسەر ئەو پڕۆژانە دەکەن، جگە لەوەش ئەو کەسانە بۆ پۆستەکان دیاری دەکرێن کە بتوانن زۆرترین خزمەت بە خەڵک و پڕۆژەی گۆڕان بکەن".

18ی مانگی رابردوو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان رێككه‌وتنامه‌ی سیاسی نێوانیان بۆ چوار ساڵی ئاینده‌ واژۆكرد.  

عەلی حەمە ساڵح رونیشیكرده‌وه‌، تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە تایبەت بووه‌ بە تاوتوێکردنی پرسی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کە بۆچونی گۆڕان لەوبارەیەوە رونە، ئەویش "جێگیرکردنی سیستمی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمە لە پەرلەمانی کوردستانەوە".

رونیشیکردەوە، "گۆڕان بۆ ئەو مەبەستە پڕۆژەی خۆی دەبێت و ئەگەر لە ئێستاشدا دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم یەکلایی نەکرێتەوە، بەڵام لە دەستوردا بە سازان کاردەکەن بۆ دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم و هەروەها وەک چۆن حکومەت بەرامبەر پەرلەمان بەرپرسیارە، بە هەمان شێوە سەرۆکی هەرێمیش بەرامبەر بە پەرلەمان بەرپرسیار بێت".
ه.م

بەپەلە