دەنگۆی مانەوەی هەزار سەربازی ئەمریكی لەرۆژئاوای كوردستان‌و سوریا

کوردستان

18/03/2019‌ 1146 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرچەندە پێشتر دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لەسوریاو رۆژئاوای كوردستان دەركرد، بەڵام ئێستا رۆژنامەیەكی ئەمریكی دەنگۆی ئەوەی بڵاوكردووەتەوە 1000 سەربازی ئەمریكی لەو ناوچانە دەمێننەوە.

ڕۆژنامەی وۆل سترێت جۆرناڵی ئەمریكی لەزاری پلە باڵا سەربازییەكانی ئەمریكاوە بڵاویكردەوە، سوپای ئەمریكا بۆ هێشتنەوە و مانەوەی 1000 سەربازی لەسوریا سەرقاڵی دانانی پلانە.

سێ مانگ لەمەوبەر، دۆناڵد ترامپ بڕیاری كشانەوەی تەواوەتی سوپای ئەمریكای سوریا دەركرد، ئەوەش دوای كۆتایی شەڕی داعش لەو وڵاتە، كە ئەم پرسەش تائێستا بەتەواوی یەكلانەبووەتەوە.

رۆژنامەكە ئاشكراشیكردووە، كە گفتگۆكانی نێوان حكومەتی ئەمریكاو توركیا‌و هاوپەیمانانی ئەوروپی و هێزەكانی سوریای دیموكرات، بۆ گەیشتن بەڕێكەوتنێك سەبارەت بەدروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لە ڕۆژهەڵاتی سوریا شكستی خواردووە.

لەگەڵ ئەمەشدا سەرۆكی ناوەندی هاوبەشی سوپای ئەمریكا، جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد نیازی ئەمریكا لە هێشتنەوەی 1000سەربازی وڵاتەكەی ڕەتكردەوە.

جەنەڕاڵ دانفۆرد لە بەیاننامەیەكیدا رایگەیاند، لەو پلانەی پێشوومان، كە لەمانگی فیبرایەر ڕامانگەیاند، هیچ دەستكارییەكی تێدا نەكراوە و ئێمە پابەندی بڕیاری ترامپین بۆ كشانەوەی هێزەكان لەسوریا.

وەرگێڕان: یاسین نادر