عەبدولعەزیز بووەتە پاڵەوانی رووداوەكانی مزگەوتەكانی نیوزلەندا

جیهان

18/03/2019‌ 4686 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
چیرۆكی ئازایەتی كەسێكی مسوڵمانی نیوزلەندی، كە ڕێگری لەكوشتنی زیاتری نوێژخوێنانی مزگەوتەكانی وڵاتەكەی كردووە، بووەتە سەردێڕی هەواڵەكانی ئاژانسە هەواڵییەكانی جیهان.

ئاژانسی ڕۆیتەرز چیرۆكی یەكێك لەوان بەوە دەگێڕێتەوە، كە عەبدولعەزیزی 48 ساڵەی بەرەگەز ئەفغانی بۆ ماوەی چەند ساڵێكە لەنیوزلەندا دەژی‌و لەكاتی هێرشی هێرشبەرەكەی سەر مزگەوتەكانی وڵاتەكەی خۆی لەگەڵ چوار منداڵەكەی لەمزگەوتی دووەمدا بوون‌و كاتێك هەواڵی ئەوە دەبیستن كەسێك لەمزگەوتەكەی تەنیشتیان تەقەی كردووە، لەوكاتەدا بەخێرایی ئامێرێكی كریدت كارتی بانكی هەڵدەگرێت‌و  بەرەو مزگەوتەكەی تەنیشت ڕادەكات.

ئاژانسەكە هەروەها بڵاویكردووەتەوە، ئەو كەسە لەوكاتەدا دەبینێت هێرشبەرەكە لەمزگەوتەكە دێتە دەرەوە بۆ ئەوەی لەناو ئۆتۆمبیلەكەیدا چەكی تر هەڵبگرێت، بەڵام لەو كاتەدا عەبدولعەزیز ڕووبەڕووی دەبێتەوە و ئامێری كریدت كارتەكەی بۆ هەڵدەدات‌و هێرشبەرەكەش تەقەی لێدەكات.

پاش ئەوە عەبدولعەزیز خێرا یەكێك لەدەمانچەكانی هێرشبەرەكە هەڵدەگرێت‌و دەیەوێت وەڵامی تەقەكانی بداتەوە، بەڵام لەبەختی ئەو چەكەكە فیشەكی تێدا نەماوە، چونكە هەر ئەو چەكە بووە، كە هێرشبەرەكە تەقەی پێكردووەو فیشەكانی خاڵی كردوون، كە بەناچاری عەبدولعەزیز لەدوای هێرشبەرەكە بۆ ناو مزگەوتی دووەم رادەكات‌و دەیەوێت رێگری لێبكات.

هەروەها وا چیرۆكەكەی گێڕاوەتەوە، كە هێرشبەرەكە لەناو مزگەوتەكەدا منی بینی‌و زانی چەكم پێیە، هیچ مەجالێكی جگە لەهەڵاتنی خێرای بەباش نەزانی و بەرەو ئۆتۆمبیلەكەی ڕۆیشت و لەناویدا دانیشت. 

عەبدولعەزیز هەروەها دەڵێت، من لەوكاتەدا چەكەكەم تێگرت و بەر جامی ئۆتۆمبیلەكە كەوت، ئەویش لە كاردانەوەدا هەندێك جوێنی ناشیرینی پێدام و لە شوێنی تاوانەكە هەڵهات و لەپاشاندا پاش چەند خوولەكێك بەهۆی پۆلیسەوە دەستگیر كرا.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، ئەگەر ئازایەتی ئەو كەسە نەبوایە، ڕەنگە ئەو هێرشە مەترسیدارە، قوربانی زیاتری لەوەی ئێستای لێدەكەوتەوە، كە رۆژی هەینی رابردوو ئەنجامدرا.

وەرگێڕان: یاسین نادز