سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرێت
پارتی‌و گۆڕان بەبێ‌ یەكێتی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەكەن

کوردستان

18/03/2019‌ 3450 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات‌و بزووتنەوەی گۆڕان بەبێ‌ یەكێتی نیشتمانی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش دوا پەیامیان بەیەكێتی داوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو پارتی دراوە بەشارپرێس، پارتی لەرێگەی نوێنەری خۆی یەكێتی ئاگاداركردووە، كە چیتر بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ‌و راسپاردنی كاندیدی سەرۆكی حكومەت بۆ پێكهێنانی كابینەكەی چاوەڕێی ناكات.

هەر بەپێی زانیارییەكان، پارتی لەپەیامەكەیدا، هۆشداری ئەوەی داوە، كە ئەگەر یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت نەچێتە پێشەوە لەگەڵیان، ئەوە كۆتایی ئەم مانگە دەست بەهەنگاوەكان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەكەن‌و سەرۆكی نوێی هەرێم هەڵدەبژێرن.

یەكێتی بەهۆی رێكنەكەوتنی لەگەڵ پارتی تائێستا بڕیاری نەداوە بەشداری لەحكومەت بكات‌و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار گفتوگۆیان كردووە، بەڵام نەگەیشتوون بەهیچ ئەنجامێك.

گۆڕان‌و پارتی لە مانگی رابردوو رێككەوتنێكی سیاسیان واژووكردو بەپێی رێككەنەكە هەردوولا كاردەكەن بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌.

هـ ـ ح