ڕێژەی بێكاری‌و هەڵئاوسان لەتوركیا گەیشتووەتە ئاستێكی پێوانەیی

جیهان

18/03/2019‌ 1343 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ئەو داتا فەرمییانەی حكومەتی توركیا بڵاویكردوونەتەوە ، تێكڕای هەڵاوسان لەتوركیا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، كە لەماوەی ٩ ساڵی رابردوودا  هاوتای نەبووە، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ بەردەوامی‌و قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری لە توركیا .

بەگوێرەی پێگەی "ئەحوال"،  كە گرنگی بە كاروباری توركیا دەدات ، داتاكانی پەیمانگای ئاماری توركی ئەوە دەردەخەن لە مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو رێژەی بێكاریی گەیشووەتە ١٣،٥% ، ئەوەش لەساڵی ٢٠١٠ وە بەرزترین ئاستە .

بۆ دەنگدەرانی توركیا لەهەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی توركیا، كە وابڕیارە لە كۆتایی مانگی ئازار بەڕێوەبچێت ، ئابووری توركیا بابەتێكی گرنگە ، ئەوەش لەسایەی بەردەوامی لاوازی لیرە و مانەوەی تێكرای هەڵاوسان لەئاستی ٢٠%..

بەپێی داتاكانی پەیمانگای ئاماری توركی‌و  " وركستات" لەماوەی مانگی كانوونی یەكەم تێكڕای بێكاریی ١،٣% لەچاو هەمان مانگی ساڵی رابردوو بەرزتربووەتەوە ، بەجۆرێك ژمارەی بێكارەكان لەتوركیا گەیشتووەتە ٣،٤ ملیۆن بێكار ، بەوەش ملیۆنیك بێكاری لەساڵی رابردوو زیاترە .

محەمەد بەیرەقدار سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی سەربەخۆ لەلەكەرتی تەندرووستی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: ژمارەی ئەو كەسانەی لە زانكۆ دەرچوون و بێكارن ژمارەیەكی ترسناكە ، بەجۆرێك لەكۆی چوار ملیۆن دەرچوو یەك ملیۆنیان بێكارن ، ئەمەش مانای وایە كە فێركردنی باش بەس نییە بۆئەوەی لەتوركیا كارت دەستبكەوێت .

هەر بەپێی زانیارییەكانی پەیمانگای ئاماری توركی، ساڵی رابردوو رێژەی بێكاریی لەناو گەنجانی توركیا ، ئەوانەی هەڵگری بروانامەی زانكۆیین گەیشتووەتە ١٢،٨%  .، بەڵام بڕوا وایە كە ژمارە راستەقینەكە زۆر لەو ژمارەیە گەورەتر بیت ، چونكە ئەو ژمارەیە تەنیا ئەو دەرچووانە پیشان دەدات، كە لەڕێگای پەیمانگای ئاماری توركییەوە بەدوای كاردا دەگەڕێن ، ئەوەش ئەو جێگا حكوومییەیە كە بەرپرسە لە دۆزینەوەی هەلی كار لە وڵاتدا .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی