ئەمریكا رەتیدەكاتەوە بەرنامەی مانەوەی هەزار سەربازی لەسوریا هەبێت

کوردستان

18/03/2019‌ 901 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمەریكا ئەو راپۆرتە هەواڵییانە رەت دەكاتەوە، كە باس لەوە دەكەن واشنتۆن بەرنامەی ئەوەی هەیە هەزار سەربازی وڵاتەكەی لەسوریا بهێڵێتەوەو پلانی مانەوەی ٢٠٠ سەرباز هیچ گۆرانكاریی بەسەردا نەهاتووە .

رۆژنامەی "وۆڵستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی باسی لەوە كردووە لەئەگەری شكستهێنانی گفتوگۆكانی نێوان هێزە كوردییەكانی سوریا‌و حكومەتی توركیا سەبارەت بە درووستكردنی ناوچەی ئارام لەباكووری سوریا ، ئەو كات ئەمەریكا دەیەوێت بەردەوام بێت لەكاركردن لەگەڵ هێزە كوردییەكان .

رۆژنامەكە بە پشتبەستن بەقسەی بەرپرسە ئەمەریكییەكان بڵاویشیكردەوە، پلانی واشنتۆن ئەوەیە هەزار سەربازی ئەمەریكی لە سوریا بهێڵێتەوە.

لەبەرانبەردا جەنەڕاڵ جۆزێڤ فۆتێل سەرۆكی دەستەی ئەركانی ئەمەریكی لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، كە ئەو دەنگۆیانەی یەكێك لە رۆژنامە ئەمەریكییەكان بڵاویكردووەتەوە بەوەی واشنتۆن دەیەوێت هەزار سەربازی وڵاتەكەی لەسوریا بهێڵێتەوە هیچ بنەمایەكی نییە.

هەروەها راشیگەیاند، هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر ئەو پلانەدا نەهاتووە كە لەمانگی شوبات راگەیەنراوە بۆ هێشتنەوەی ٢٠٠ سەربازی ئەمەریكی لە سوریا . 

سەبارەت بە رەواندنەوەی مەترسییە ئەمنییەكانی توركیا فۆتێل راشیگەیاند، لەگەڵ دەستەی ئەركانی گشتی توركیا بەردەوامین بۆ  دانانی پلانی سەربازیی چڕ و پڕ  تاوەكو نیگەرانییە ئاسایشییەكانی توركیا لەسەر سنووری نێوان توركیا و سوریا برەوێنینەوە . 

لە انگی كانوونی یەكەمی رابردوو ، دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەشێوەیەكی لەناكاو بڕیاریدا كە تەواوی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا بكێشێتەوە ، بەڵام بەهۆی گوشارەكانی كۆنگرێس و وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا (پنتاگۆن) ، بڕیاریدا ٢٠٠ سەربازی وڵاتەكەی لە سوریا بهێڵیتەوە .

ئامانجی ئەو هێزەش كە دەمێنێتەوە ئەوەیە كە دەستەبەری ئاسایشی ئەو چەكدارە كوردانە بكات كە واشنتۆن پشتیوانیان دەكات و شەڕی داعشیان كردووە ، چونكە مەترسیی ئەوە هەبوو كە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەو ناوچەیە بكەونە بەر هێرش و پەلاماری سوپای توركیا.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی