عێراق نێوەندگیری لەنێوان ئێران و سعوودییە دەكات

عیراق

18/03/2019‌ 839 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
هەندێك سەرچاوەی هەواڵیی باس لەوە دەكەن، كە سامر سەبهان وەزیری سعودییە بۆ كاروباری كەنداوی عەرەبی لەكاتی سەردانەكەی هەفتەی رابردووی بۆ عێراق چاوی كەوتووە بەحوسێن جابری ئەنساری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران .

ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەكەن ماوەیەكە محەمەد بن سەلمان شازادەی جینشینی سعوودییە، كەمتر هێرش دەكاتە سەر ئێران ، وەك باس دەكرێت ئەو دیدارەی نێوان ئەو دوو بەرپرسە ئێرانی و سعوودییە وەك رێگەخۆشكردنێكە بۆ نزیكبوونەوەی زیاتری نێوان ئەو دوو وڵاتە ، كە بەپێی پێگەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید " ئەو  دیدارە لەژیر چاودێری‌و نێوەنگیری لایەنی عێراقی كراوە .
 
هەروەها هەندێك لایەنیش بەڕێوەچوونی ئەو جۆرە دیدارە وەك بەڵگەیەك بۆ بوونی قەیرانی قووڵ لەناو سعوودییە دەبینن ، كە بەهۆی بەردەوامی شەڕی یەمەن و ئەو لێكەوتانەی بەهۆی كوشتنی رۆژنامەنووسی دیاری سعوودی جەمال خاشقچییەوە پەیدابوون .

سەبارەت بەهۆكاری رازیی بوونی لایەنی سعودی بۆ  دیتنی لایەنی ئێرانی ، ئەو سەرچاوانە پێیان وایە محەمەد بن سەلمان دوای ئەوەی هەستی بەپاشەكشە و دۆڕانیان بەرانبەر بەلایەنی ئێرانی كردووە لەكۆمەڵێك بەرەی وەك عێراق و ئێران و لوبنان و سوریا و یەمەن ، كە ئەوەش زۆر بە قورسی لەسەر سعودییەكان كەوتووە ، وایكردووە هەوڵی نزیكبوونەوە لەتاران بدەن .

دوای كۆتایی هاتنی سەردانی حەسەن روحانی بۆ عێراق، كە سێ رۆژی خایاند ، شاندێكی سعودی بەسەرۆكایەتی وەزیری بارزگانی و هاوڕێیەتی وەزیری دەوڵەت بۆكاروباری كەنداوی عەرەبی‌و چەند بەرپرسێكی تر سەردانی عێراقییان كرد. 

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی