كۆبوونەوەی پارتی‌و یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت
ئەندامانی شاندی هەردوو حیزب دەسەڵاتی بڕیاریان نییە

کوردستان

19/03/2019‌ 1320 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گەرێكی تری كۆبوونەوەی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی بەرێوەدەچێت، ئەوەش بەمەبەستی گەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان.

شاندی پارتی‌و یەكێتی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە لەشاری سلێمانی كۆدەبنەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، سەرجەم ئەندامانی شاندی هەردوو حیزب دەسەڵاتی بڕیاریان نییە، بەوەش رێككەوتنی هەردوولا قورس دەبێت.

شاندی یەكێتی، كە لەكۆبوونەوەی رۆژی یەك شەممەی مەكتەبی سیاسی حیزبەكە پێكهێنرا، پێكهاتوون، لە عیماد ئەحمەدو رەفعەت عەبدوڵڵاو رزگار عەلی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و عەدنان حەمەی میناو شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ ئەندامانی سەركردایەتی‌و بافێڵ تاڵەبانی (هیچ پۆستێكی حیزبی نییە)‌و لاهور شێخ جەنگی ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی.

لەبەرانبەردا شاندی پارتی لە كەمال كەركوكی‌و كاكەمین نەجار ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و عەلی حوسێن‌و هێمن هەورامی‌و دڵشاد شەهاب‌و عەلی عەونی ئەندامانی سەركردایەتی‌و فرسەت سۆفی ئەندامی پێشووی پەرلەمان پێكهاتوون.

كۆبوونەوەكە بەمەبەستی دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نۆیەم‌و پشكی یەكێتی لەو كابینەیە ئەنجامدەدرێت، كە هەردوو حیزب لەسەر پۆستەكان كێشەی گەورەو قووڵیان هەیە.

هـ ـ ح