ئاژانسێكی ئیسرائیلی باس لە ئەگەری پێكدادانی سه‌ربازی عێراق و ئیسرائیل دەکات

عیراق

19/03/2019‌ 1944 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی 
پێگەی هەواڵگری دیبکا-ی ئیسرائیلی، لە راپۆرتێکیدا باس لە کۆبوونەوەی هەرسێ سوپاسالاری عێراق و ئێران و سوریای ده‌كات لە دیمەشق، کە تیایدا رێکەوتوون لەسەر ئەوەی لە پرۆسەیەکی سەربازیی هاوبەشدا سنووری نێوان عێراق– سوریا بکەنەوە، ئەوەش بەبێ هەماهەنگی کردن لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی و رووسی.

پێگەکە بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، "ئەوە یەکەم کۆبوونەوەی لەو شێوەیەی نێوان هەرسێ سوپاسالاری ئەو دەوڵەتانەیە، ئەوە جگە لەوەی لە کۆبوونەوەکەدا باس لە سروشتی ئەو یارمەتییە سەربازیی و ئابوورییانە کراوە، کە لە ئایندەدا تاران پێشکەشی دیمەشقی دەکات".

ئەو پێگەیە بە پشتبەستن بە سەرچاوەی هەواڵگری و سەربازیی دەڵێت، "گرێدانی ئەو جۆرە کۆبوونەوانە و ئەو بڕیارانەی لێیەوە دەرچوون، لەسەر بنەمای ئەو رێکكەوتنەیە کە پێشتر و لەکاتی سەردانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا لە ٢٥ی شوبات بۆ بۆ ئێران  لەسەری رێککەوتبوون.

ئەو سەرچاوانە باس لەوەدەکەن، لە دیداری نێوان بەشار ئەسەد و عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران، کۆمەڵێک بڕیاری سەربازیی و ئابووریی ستراتیژی دراون، ئەگەر بێت و ئەو بڕیارانەش جێبەجێبکرێن، ئەوە بەریەککەوتنی سەربازیی لەنێوان سوریا و ئێران لەلایەک و ئەمەریکا و ئیسرائیل لەلایەکی دیكه‌وه‌ لێدەکەوێتەوە.

یەکێک لەو بڕیارانەی لەسەر رێکەوتبوون بریتی بووە، لە دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش لەنیوان هەرسێ سوپاسالاری عێراق و ئیران و سوریا، کە كاری ئەو لیژنەیەی سەرپەرشتیکردنی ئەو بڕیارانە بێت کە لەتاران دراون، ئەمەش مانای وایە ئەو کۆبوونەوەیە، پەیوەندی بە دیدارەکەی تارانەوە هەیە.

دوای ماوەیەکی کورت لە کۆبوونەوەی ژەنەڕاڵ محەمەد باقری سوپاسالاری ئێران و جەنەڕاڵ عەلی ئەیوب سوپاسالاری سوریا و جەنەڕاڵ عوسمان غانمی سوپاسالاری عێراق، سوریا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوای لە ئەمریکا کرد بەزوویی سەرجەمی هێزە سەربازییەکانی لە خاکی سوریا بەرێتە دەرێ.

سەرچاوە سەربازییەکان دەڵێن، ئەو بەیاننامەیە وەک ڕێگەخۆشکردنێکە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دیكه‌ کە لە کۆبوونەوەکەی دیمەشق دراون، لەسەرووی هەموویانەوە ئەنجامدانی پرۆسەیەکی سەربازیی هاوبەش بۆ کردنەوەی سنووری نێوان عێراق و سوریا بۆ هاتوچۆی شمەک و هاوڵاتییان.

سنووری نێوان سوریا و عیراق 615 کیلۆمەترە و لەساڵی 2014ه‌وە و دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر ئەو ناوچانەداگرت داخران.

بەگوێرەی سەرچاوە سەربازییەکان، هەنگاونان بۆ کردنەوەی سنووری نێوان عێراق و سوریا، بێهەماهەنگی کردن لەگەڵ واشنتۆن و مۆسکۆ کە هێزی سەربازییان لەوێ هەیە، واتای کاراکردنی پردی وشکانیی ئێران دەگەیەنێت کە لە تارانەوە درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە کەناری دەریای سپی ناوەراست ئەویش بەناو خاکی عێراقدا، ئەوەش هەنگاوێکە چەندین ساڵە واشنتۆن و تەلئەبیب بەچەندین شێواز دەیانەوێت لەباری بەرن.