ئاژانسێکی تورکی هاوكارییه‌ داراییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕڤانان ئاشكرا ده‌كات

کوردستان

19/03/2019‌ 2310 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە بودجەی بەرگریی 2020ی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) ده‌یان ملیۆن دۆلار بۆ هاوكاریكردنی هێزه‌كانی سوپای عیراق و هێزی پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕڤانانی سوریا ته‌رخانكراوه‌.

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بڵاوکردووەتەوە "وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا 745 ملیۆن دۆلاری بۆ هێزە ئەمنییەکان لە عیراق و لە سوریاش 300 ملیۆن دۆلاری بۆ شه‌ڕڤانانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات تەرخانکردوە و هەروەها بە مەبەستی پشتیوانییکردن لە ئاسایشی سنورەکانی ئەو وڵاتانەی هاوسنوورن لەگەڵ سوریادا، 250 ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە".

ئاژانسی ئانادۆڵۆ ئاماژەی بەوەشداوە "لەو 745 ملیۆن دۆلارەی کە وەک هاوکاریی بۆ عیراق تەرخانکراوە، 308 ملیۆن دۆلاری بۆ مەشق و پێداویستیی چەکی هەریەک لە یەکە عیراقییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هێزە تایبەتەکان و سوپای عیراق و پۆلیسی فیدراڵی لیواکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا و هێزی پۆلیسی ئاسایشی وزە و هێزی پێشمەرگە تەرخانکراوە".

ئاژانسه‌كه‌ ئەوەشی ئاشکرا کردوە "126 ملیۆن دۆلار لە هاوکارییەکە بۆ پشتیوانیی لە ئۆپەراسیۆنەکان و 189 ملیۆن دۆلاری بۆ پشتیوانیی لۆجستیی و 28 ملیۆن دۆلاری بۆ کاروباری نۆژەنکردنەوە لە بنکەکان تەرخان کراوە".