مەسعود بارزانی: هیچ هەوڵێک قبوڵ ناکەین بۆ سەپاندنی هەر واقیعێک لەناوچە جێناکۆکەکان

کوردستان

19/03/2019‌ 1573 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەێنێت "هەر هەوڵێك بۆ سەپاندنی واقیعێك كە پێچەوانەی جوگرافیا و مێژوو و باری كۆمەڵایەتیی ناوچەكان بێت، گرفتەكان قوڵتر دەكاتەوە و قابیلی قبوڵكردنیش نییە".

ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئازاری 2019، مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەبەستی تاوتوێكردن و گفتوگۆ لەسەر كێشە و گرفتەكانی ناوچەی زومار، لەگەڵ كەسایەتی و ریشسپی و نوێنەرانی پێكهاتەكان و جەماوەر و دانیشتووانی دەڤەری زوومار كۆبوەوە.

لەڕاگەیاندراوێکدا بارەگای بارزانی ڕایگەیاندوە "مه‌سعود بارزانی بە پێویستی زانیوه‌ مادەی 140ی ده‌ستوری عیراق بە "لێكگه‌یشتن و ئاشتی" جێبەجێبكرێت و وتویه‌تی "ئەگەر دەستور جێبەجێ بكرایه‌ ئێستا دۆخی عیراق بەشێوەیەكی باشتر دەبوو. هەر هەوڵێك بۆ سەپاندنی واقعێك كە پێچەوانەی جوگرافیا و مێژوو و باری كۆمەڵایەتیی ناوچەكان بێت، گرفتەكان قوڵتر دەكاتەوە و قابیلی قبوڵكردنیش نییە".

دەربارەی بارودۆخی سیاسیی عیراق و روداوەكانی دوای ریفراندۆم، مەسعود بارزانی ڕایگەیاندوە "لەدوای هەڵبژاردنەكانی عیراق قۆناغێكی دیکە هاتووەتە ئارا و هەموو لایەك هەوڵدەدەین كە سود لەو كەشە ئیجابییە وەربگرین بۆ جێبەجێكردنی پڕەنسیپەكانی برایەتی و پێكەوەژیان و نەهێشتنی تیرۆر".

مەسعود بارزانی بە ئاماژەدان بە هەڕەشەی تیرۆر وتی "فەرهەنگی پێكەوەژیان باشترین چەكە بۆ لەنێوبردنی هزری تووندڕۆیی و تیرۆر، ئەوەشی خستەڕوو "پێویستە فكری تیرۆر ریشەكێش بكرێت و لە كوردستاندا ئێمە هەموومان لە مرۆڤبووندا براین و جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی كێشە نییە، هەڵسەنگاندنی مرۆڤیش لەسەر بنەمای رەفتارەكانیەتی نەك بیروباوەڕ".
هـ ـ ب

بەپەلە