جوندیانی: یەكێتی كۆتایی بەڕێگرییەكانی پێكهێنانی حكومەت نەهێنێت پارتی دەیخاتە دواوە

کوردستان

20/03/2019‌ 2853 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئازاد جوندیانی ڕاوێژكاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات  دەڵێت: كەس ناتوانێت لە كوردستان دوو ئیدارەیی دروستبكات تەنیا وڵاتانی هەرێمی نەبێت، "ئێران دەیەوێت حەدیقەیەكی تەواو كراوەی هەبێت لەسلێمانیدا، ئێران بە ئاگایە لەبەرزكردنەوەی داواكارییەكانی یەكێتی نیشتمانی بۆ بەشداریكردن لەكابینەی نوێی حكومەت".

ئازاد جوندیانی لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا دەشڵێت: "ئەگەر تا یەكی مانگی داهاتوو یەكێتی هەروا بڕوات دڵنیام پارتی لەو مەسەلەیە دەسوڕێتەوەو یەكێتی دەخاتە دواوە، جا یا ئەو وەزارەتانەی بەر یەكێتی دەكەوێت بەبەتاڵی دەهێڵرێتەوە یا بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێت".

هەروەها دەڵێت: یەكێتی توشی غرور بووبوو پێویستە دابمركێتەوە،دەیەوێت زۆرترین نوقرچك لە پارتی بگرێت، ئەم چەند مانگە پارتی زۆر بەتەحەمولەوە بە شێوەیەكی ئیجابی مامەڵەی لەگەڵ یەكێتی كردووە، پارتی لەڕووی ژمارەی كورسی‌و ژمارەی دەنگ و هەبوونی سەركردەیەكی كاریزمای وەك مەسعود بارزانی حساب بكەی حیزبی برا گەورەیە، ئێ برا گەورەش دەبێت كەمێ بەسۆز بێت لەگەڵ برا بچوكەكانی تر".

ئەوەش دەڵێت: مەسعود بارزانی تاكە سەركردەی بێ ڕكابەر و كاریزمایە لەكوردستان، كە ئێستا مابێتەوە ئیتر نازانم دوای 10 ساڵ یا 15 ساڵی تر كێ دێت و دەڕوات ئەوە جیایە، بەڵام بەڵێ پارتی برا گەورەیە ‌و بارزانیش تاكە سەركردەی یەكەمی كاریزما و بێ ڕكابەرە ئێستا لەكوردستان.

باسی لەوەش كردووە، كە پارتی و نێچیرڤان بارزانی دەرفەتیان دا بەیەكێتی تا لەو ناوچەیەی یەكێتی توشی قەیرانی متمانەبوو ئەو حیزبە لەناو بنكەی جەماوەریدا جارێكی تر یەكێتی هەستێتەوە و وزە بەخۆی بداتەوە.

هـ ـ ح