شاندێكی ئەمەریكی جەخت لەمانەوەی هێزەكانیان لەعێراق دەكەنەوە

عیراق

20/03/2019‌ 844 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندێكی ئەمەریكی، كە لەم دواییە سەردانی عێراقیان كردووە باسیان لە گرنگی مانەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەو وڵاتە كردووە .

باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەبەغدا لە بەیاننامەیەكدا باسی لە سەردانی شاندێكی لیژنەی هێزە چەكدارەكان لە كۆنگرێسی ئەمەریكای بۆ بەغدا و هەولێر كردووە ، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا  .

بەیاننامەكە باسی لەوە كردووە، كە ئەندامانی شاندەكەی كۆنگرێسی ئەمەریكا لەمیانی گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەكان باسیان لە گرنگی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی هەردولا و ئایندەی ئەو پەیوەندییانە كردووە ، بەتایبەت  زەمانەتی بەزاندنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و پێشكەشكردنی راوێژ و راهێنانی سەربازی بۆ هێزە ئەمنییەكانی عێراق.

شاندەكەی ئەمەریكا بە لایەنی عێراقییان راگەیاندووە " لەسەر داوای حكوومەتی عێراقیی و بەهاوبەشیی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق پێویستە هێزەكانی ئەمەریكا وەك بەشێك لە هاوپەیمانی نێودەولەتی دژی داعش لە عێراق بمێننەوە .

هەروەك شاندەكەی ئەمەریكا باسیان لە گرنگی پاراستنی سەروەرێتی خاكی عێراق كردۆتەوە ئەویش لەڕێگای كاری هاوبەشی هێزەكانی ئەمەریكا و هیزە ئەمنییەكانی عێراق بۆ بەدیهێنانی ئامانجی هاوبەشی هەردوولا كە بریتییە لە دەستەبەركردنی بەزاندنی هەمیشەیی هەموو گرووپە توندڕەوەكانی وەكو داعش و ڕێكخراوی قاعیدە.

 ئەو شاندەی ئەمەریكا لە بەغدا چاویان كەوتووە بە هەریەك لە عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیری عێراق و محمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ، لە هەولێریش چاویان بە هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت كەوتووە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی