شارپرێس:
ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت سوپای پاسدارانی ئێران‌و ژماره‌یه‌ك میلیشیای عێراقیی نزیك له‌سوپای پاسداران بخاته لیستی تیرۆره‌وه.
له‌هه‌نگاوێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا ئه‌مریكا به‌سه‌رپه‌رشتی مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته ده‌یه‌وێت پڕۆژه‌یاسایه‌ك بۆ خستی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ نێو لیستی تیرۆر ئاماده بكات، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌مجاره ئه‌مریكا هه‌نگاوێكی له‌وشێوه‌یه دژی سوپایه‌كی فه‌رمی بنێت، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز-ی ئه‌مریكی.
له‌پاڵ سوپای پاسداران‌دا، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت ئه‌و میلیشیا عێراقیانه‌ی نزیكن له‌پاسدارانه‌وه بخاته لیستی تیرۆره‌وه و قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتكردن بخاته سه‌ر سه‌ركرده‌و ئه‌ندامانی ئه‌و میلیشیایانه.
به‌گوێره‌ی ڕۆژنامه ئه‌مریكییه‌كه، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی پۆمپیۆ ناڕه‌زایه‌تی وه‌زاره‌تی به‌رگریی‌و ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌مریكای لێكه‌وتووه‌ته‌وه، چونكه ئه‌وان پێیان وایه له هه‌نگاوێكی له‌وشێوه‌یه‌دا‌و گه‌ر پاسداران بخرێته لیستی تیرۆره‌وه، ئه‌وا وه‌ك په‌رچه‌كردارێك هێزه‌كانی ئه‌مریكا یاخود به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی واشنتۆن له‌عێراق به‌ئامانجده‌گیرێت.
هه‌نگاوه نوێیه‌كه‌ی پۆمپیۆ به‌پله‌ی یه‌كه‌م ئامانج لێی گروپی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق‌و قه‌یس خه‌زعه‌لی ئه‌مینداری عه‌سائیبه، كه ئێستا ئه‌و گروپه گه‌یشتوونه‌ته نێو په‌رله‌مانی عێراق‌و ئه‌ندامیان تیایدا هه‌یه.
ڕ . ج