بەرپرسانی سوپای عێراق لەگەڵ شەڕڤانانی یەبەشە کۆبوونەوە

عیراق

20/03/2019‌ 1637 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندێکی عێراق کە پێکهاتبوون لە بەرپرسانی باڵای سەربازیی سوپای عێراق، لەگەڵ فەرماندەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە کۆبوونەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی ئازاری ٢٠١٩ شاندێکی باڵای سەربازیی سوپای عیراق سەردانی شەنگالیان کرد و لەگەڵ فەرماندەکانی یەبەشە کۆبوونەوە.

ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە ئۆتۆمبێلێکی شەڕڤانانی یەبەشە بە خاڵێکی چاودێری سوپای عێراقدا تێپەڕی و لەلایەن سەربازانی عێراقەوە تەقەیان لێکرا و بەو هۆیەوە دوو شەڕڤان شەهید بوون و سێ شەڕڤانی دیکەش بریندار بوون، دوای هێرشەکەش لەنێوان بەڕێوەبەرانی شەنگال و بەرپرسانی بەغدا چاوپێکەوتن ئەنجامدرا و هەروەها ڕۆژی دوشەممە ١٨ی ئازار لە پێکدادانێکی دیکەدا سەربازیکی سوپای عیراق لەلایەن شەرڤانانەوە کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بو".

شاندەکەی ئەمڕۆی سوپای عێراق لەگەڵ فەرماندەکانی یەبەشە و نوێنەری دەزگاکان و سەرۆک عەشیرەتەکانی شەنگال کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەدا ڕاگەیاندراوە "بەهۆی کەمیی کۆبوونەوە لەنێوان شەڕڤانانی یەبەشە و سوپای عێراق، ئەو ڕووداوە ڕوویداوە، باس لەوەش کرا، کە ئەوان وەکو سوپای عێراق یەبەشە وەکو هێزێکی پاراستنی ئێزدییەکان دەبینن".

لەسەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە، عوسمان غانمی، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق بۆ میدیاکان قسەی کرد و ڕایگەیاند "هۆکاری هاتنی ئێمە بۆ شەنگال ئەوەیە کە باسی بارودۆخی ئەمنیی بکەین، بە تایبەتیش بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی دوایی هاتووین، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بارودۆخەکە ببینین، هەروەها ئێمە بۆچوونی هەموو لایەکمان وەرگرت، ڕاگەیاندن بابەتەکایان زۆر گەورە کردووە، ئێمە لە کۆبوونەوەکاندا ڕاستی ڕووداوەکەمان زانی، ئێمەش ئەو زانیاریانە بە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیران دەگەیەنین".

عوسمان غانمی ئاماژەی بەوەدا "هۆکاری ڕووداوەکەش ئەنجامی کەمیی دانوستاندنی نێوان ئێمە و یەبەشە بوو، ئێمە کۆمسیۆنێکمان بۆ دەرخستنی ڕاستی ڕووداوەکە دروستکرد".

دواتر سەعید حەسەن، فەرمانداری یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە ڕایگەیاندوە "ئەو ڕووداوەی سێ ڕۆژ لەمەوبەر ڕوویدا پیلانگێڕییەک بوو، هەندێک ویستیان شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و یەبەشە دروست ببێت، لە ڕاگەیاندنەکانیشەوە بەردەوام زانیاری ناڕاستیان بڵاودەکردەوە بۆ ئەوەی ئیرادەی ئەم گەلە بشکێنن".

سەعید حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "ئێمە وەکو یەبەشە ئامانجمان ئەوە نییە لە دژی سوپای عێراق شەڕ بکەین، ئێمە خۆمان بە بەشێک لە عێراق دەبینین، ئێمە دەمانەوێت بارودۆخ ئارام بێت و خەڵک بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

هـ ـ ب

بەپەلە