كۆبوونەوەی سێقوڵی ڕێگەی ئێرانە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

عیراق

21/03/2019‌ 1425 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆبوونەوەكەی هەرسێ سەرۆك ئەركانی سوپاكانی سوریا و ئێران و عێراق، كە دووشەممەی ڕابردوو لە دیمەشقی پایتەختی سوریا گرێدرا، چەند پەیام و ئاماژەیەكی ئاراستەی لایەنە بەیەكداچووەكانی دۆسیەی سوریا و بە تایبەتیش ڕوسیا و ئەمریكای تێدابوو، كە لەوانەیە دیاترین ئەو پەیامانە ئەوە بێت ئێران جڵەوگیری بڕیارەكانی بەشار ئەسەد دەكات. 

ئەو پڕۆژەی تارانیش بەدامەزراندنی ڕێگەیەكی وشكانی لە تارانەوە بەرە و بەیروت، كە بە بەغدا و دیمەشقدا تێدەپەڕێت لە ئاستی هاوپەیمانییەكی ئاشكرای سەربازیدا جێبەجێبكرێت.

عیماد عەلی عەبدوڵا ئەیوبی وەزیری بەرگری سوریا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی هاوبەشدا لەگەڵ هەردوو سوپاسالاری عێراق(عوسمان غانمی) و سوپاسالاری ئێران (محەمەد باقری) لە دیمەشق، ڕایگەیاند كە سەردانی هەردوو شاندی میوان بۆ دیمەشق ئێجگار گرنگە بۆ هەموو لایەك.. دەرئەنجامی ئەو دیدارانەش یارمەتیدەرمان دەبن لە بەردەوامیدان بە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵێنگاری و مەترسی و هەڕەشەكان كە بڵاوبوونەوەی تیرۆری تەكفیری لە لەم ناوچە زیندووەی جیهان‌ هێناویەتە ئاراوە.

ئەیوب بەڵینی ئەوەشیدا كە سوپای سوریا هەروەك چۆن ناوچەكانی دیكەی ڕزگاركردن، ئەو ناوچانەش ڕزگار دەكات كە لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بن دەستی كوردانی رۆژئاوادان و لە لایەن وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا‌وە پشتیوانیان لێدەكرێت، جا ئەو ڕزگاركردنە چ لە ڕێگەی ئاشتبوونەوەكانەوە بێت یاخود لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە.

میدیاكانی سەر بە ئێرانیش بە هەمان شێوەی  سەرچاوە سەربازییەكان ‌ووتیان كە ئامانجی‌ ئەم كۆبوونەوەیە تاوتوێكردنی هەماهەنگكاری سەربازی نێوان هەرسێك دەوڵەتە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری ئەمنی‌ لە ناوچەكە.

گرێدانی ئەم كۆبوونەوەیە كەوتۆتە دوای سەردانەكەی بەشار ئەسەد بۆ تاران و سەردانەكەی  حەسەن ڕوحانی بۆ عێراق.

سەرباری ئەوەی كۆبوونەوەكە سرووشتێكی سەربازی و ئەمنی هەیە كە پەیوەستە بە داعشەوە، بەڵام شارەزایانی كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژە بەوە دەدەن كە ئامانج لەو جوڵە سێقۆڵییە سەربازییە بۆ زانینی كاردانەوەی ئەو دەوڵەتانەیە كە ڕۆڵیان هەیە لە ناوچەكەدا، بە تایبەتیش ئەمریكا و ڕوسیا و ئیسڕائیل و توركیا، ئەو كۆبوونەوەیە هەماهەنگكارییەش هەر ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە دانانی خشتەی بنچینەیی یەكەمی تەوەربەندییەكی سەربەخۆیە دژ بە تەوەربەندییەكانی دیكەی هەرێی و نێودەوڵەتییە. 

ناوەرۆكی ئەو كۆبوونەوەیە ئاماژەیەكی ڕوون و ئاشكرایی ئێرانییە دژ بە ڕوسیا، بەوەی بڕیاری دیمەشق و بەغدا لەبن دەستی تاران دایه، هەر كۆششێكی ڕوسیشا بۆ لاوازكردنی هەژموونی ئێران لە سوریا ڕووبەڕووی ستراتیژیەتی ئەو هاوپەیمانییە تازەیە دەبێتەوە. 

ئامادەباشی ئێران بۆ ئەو كۆبوونەوەیە بە چەند لێدوانێكی بەهێز پاڵپشتیكرا بەوەی تاران ڕایگەیاند كە سەركەووتوو بووە لە ڕاهێنانی 200 هەزار لە میلیشیا پاشكۆكانی لە عێراق و سوریا، لەوانەیە ئەمەش ناوچەكە بكاتە گۆڕەپانێكی كراوەی جەنگ كە چەتە و ڕێگرە بیانییەكانیش ڕۆڵی سەرەكی تێدا بگێڕن.

لیوا محەمەد عەلی‌ جەعفەری سەرۆكی گشتی پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی ئەوەی ئاشكرا كرد كە هەندێك لە هێزە ئێرانییەكان سەرپەرشتی ڕاهێنان و ڕێكخستنی هێزی جەماوەرییان كردووە لە سو‌ریا و عێراق، ژمارەی ڕاهێنراوەكانیش نزیكەی 200 هەزار جەنگاوەرن.

ئان و ساتی كۆبوونەوە سەربازییە سێقۆڵییە لە دیمەشق، هاوكاتە لەگەڵ گەڕێكی تازەی سەردانەكانی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ ناوچەكە، كۆبوونەوەكە ئاڵێنگارییەكەی ڕاستەقینەیە كە تاران بە هاوبەشی بەغدا و دیمەشق خستویەتییە مەیدان.

هێزێكی كەمی ئەمریكاش یارمەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەدات كە كوردەكانی ڕۆژهەڵاتی سوریا سەركردایەتی دەكەن لە جەنگی دژی داعشدا. هێزەكانی سوریای دیموكراتیش دەستیان بەسەر ڕووبەرێكی فراوانی سەرسنوری عێراقدا گرتووە.

پێشتریش ئەمریكا  ووتبووی گەرەكیەتی كاریگەری ئێرانی لە ناوچەكە سنوردار بكات كە مایەی پشیوی ئاڵۆزییە بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و سوریا و عێراقیش بە تایبەتی.

ئاژانسی هەواڵی فارسیش لەسەر زاری باقرییەوە ڕایگەیاندووە كە بوونی ئەمریكییەكان لە سوریا نایاساییە و تەمەنیشی كورت دەبێت.

ئێران گەرەكیەتی خۆی بكاتە كەواسووری بەرلەشكری كاروباری ناوچەكە بەوەی خۆی بە لەپێش دەزانی لە بڕیاردان لە ئایندەی ناوچەكە بە گشتی و سوریاش بە تایبەتی، لەگەڵ ڕوسیاش كۆك و تەبایە لەوەی بوونی ئەمریكییەكان  لە ناوچەكە نا شەرعییە.

باقری لە كاتی گەیشتنی بۆ دیمەشق ووتیشی (( ئەو هێزانەی بێ هەماهەنگكاری سوریا هاتوونە ناو خاكەكەیەوە درەنگ و زوو دەبێت خاكی سوریا بەجێ بێڵن)).

وتیشی هەروەك ئێران بە بانگهێشتێكی فەرمی دیمەشق هاتۆتە ناو خاكی سوریاوە، دەبێت دەوڵەتانی دیكەش هەماهەنگی‌ لەگەڵ حكومەتی سوریا بكەن، ئەمەش ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی فورات و پارێزگای ئیدلب و ناوچەكانی دیكەش دەگرێتەوە، دەبێت بڕیاری گونجاویش بدرێت تاوەكو بە زووترین كات ئەو هێزانە ناوچەكە چۆڵ بكەن)).

چاوێران دەڵێن لێدوانەكانی باقری ڕاستەوخۆ بوونی ئەمریكای لە سوریا بە ئامانج گرتووە، دەشڵێن ئەو كۆبوونەوە سێ قوۆڵییە بناغەیە بۆ لێكنزیكبوونەوەی هەرسێك دەوڵەت بۆ دەستەبەركردنی ڕێڕەوێكی ئەمنی هاوبەش لە ئێرانەوە بەرەو عێراق و سوریا و لەوێشەوە بۆ لوبنان، ئەمەش بە پشتیوانی حزبوڵای لوبنانی، بەمەش ئێران پڕۆژە ستراتیژییەكەی دەگەیەنێتە مەنزڵ بە گەیشتنە سەر لێواری دەریای ناوەڕاست.

بنكەی تەنەفی سەربازی ئەمریكی دەكەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی سوریا لە نزیك ئەو ڕێگە تیژڕەووەی بەغدا بە دیمەشقەوە گرێ دەدات، بەمەش ڕێڕەووی سنوری نیوان هەردوو وڵاتی داخستووە.

شارەزایانی كاروباری سوریاش پێیان وایە گرێدانی ئەو كۆبوونەوەیە پشتی بە چاودێری ئێران بەستووە بۆ پێكهێنانی تەوەربەندییەكی ستراتیژی  كە پێشتر ئێران ئامادەسازی بۆ كردووە، دیاریكردنی دیمەشقیش وەك شوێنی كۆبونووەكە ئامانجی كەمكردنەوەی شان و شەوكەتی   پڕۆسەكەی ئەستانەیە كە تاران و مۆسكۆ و ئەنقەرە لە سایەیدا لە گۆڕەپانی سوریادا لە جموجۆڵدان.

هەندێك لە چاودێرانیش پێیان وایە ناكرێت ئەو كۆبوونەوەیە میدیاییە سێ قۆڵییە ببێتە بناغەیەك بۆ دامەزراندنی سیستەمێكی سیاسی و سەربازی لە دەرەوەی هەموو  لێكتێگەیشتنە نێودەوڵەتییەكان، بەڵام ووتیان ئەم جوڵەیە دەبێتە كارتێكی دیكەی فشاری ئێرانی و لەسەر مێزی هەموو دانوستانێكدا لەگەڵ ڕۆژئاوا سەبارەت بە پرۆگرامە موشەكی و ئەتۆمی و هەژموونی خۆی لە ناوچەكە یاری پێدەكات، ووتیشیان ئێستا ئێران دەیەوێت وەبەرهێنان لەو هەژموونەدا بكات كە لە عێراق و سوریادا كەڵەكەی كردووە. 

ناوەندە دبلۆماسییە عەرە‌بییەكانیش دوا دەكەن توانستی ئێران بەكەم سەر نەكرێت لە كۆششەكانی بۆ دامەزراندنی تەوەربەندییەك كە بێ سێ و دوو دژ بە كۆدەنگی عەرەبەكان دەبێت.

ئەو كۆبوونەوە سێقۆڵییە و ئەو لێدوانانەش كە لێی كەوتنەوه،‌ دەبنە هاندەرێكی سەرباری هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ هەڵكشانی فشارەكان لەسەر ئێران، دەشێ ئەو دەوڵەتانەش بگرێتەوە كە ئێران گەرەكیەتی هەژموونیان تێدا پەیدا بكات و بەكاریان بێنێت بۆ دەربازبوون لە سزا توندەكانی ئەمریكا،  گریمانەی  ئەوەش هەیە ئەم جموجۆڵەی ئێران ببێتە‌ هۆی وەرچەرخاندنی سزا ئەمریكییەكان بۆ سزای نێودەوڵەتی.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر