شارپرێس: هێرش رەسوڵ
سەر لە بەیانی دوێنێ ٢٠/٠٣/٢٠١٩ کاتژمێر٠٨:٢٠ خولەک شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە لە شاری هەولێر ڕوودەدات و لە ئاکامی شەڕەکەدا دوو کەس دەکوژرێن و کەسێکی تریش بەسەختی بریندارە.
پۆلیسی ئەو شارە لە ڕاگەیاندراوێکدا بۆ میدیاکان دەڵێت: پاش ئاگادارکردنەوەمان هێزەکانمان گەیشتنە شوێنێ ڕووداوەکە، كە بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی بەناوەکانی ( عوسمان محمد عزەت ) و ( دیاری جەزا محمد) لەهەریەک لەدوو بنەماڵەکە کوژراون و سێ کەسی دیکەش لەهەردوولا بریندارن.
پۆلیس دەڵێت هەردوو بنەماڵەکە خەڵکی سلێمانین و هۆکاری شەڕەکەی نێوانیان کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی بووە، برایەکی عوسمان بەناوی ( کاروان محمد عزەت ) زاوای ماڵی جەزا محمد بووە کە بنەماڵەیەکی ناسراوی شاری سلێمانین و باپیریان پلەدار و دەستڕۆشتووی نێو هێزە سەربازییەکانەو ناوی ( علی ڕەشید) ناسراوە بە ( علی ڕەشە جووتە )، بەهۆی ئەوەی( کاروان ) لەگەڵ ( دیدەن)ی هاوسەری کە کچی جەزا محمدە نەگونجاوەو بەردەوام کێشەیان بووە، هەربۆیە داوادەکات لەژنەکەی جیابێتەوە، بەڵام بنەماڵەی کچەکە و بەتایبەت باپیری (دیدەن) بەمە ڕازی نابن و وەک شەرمەزارییەک بۆ ناوبانگیان لێکی دەدەنەوە و پاش ئەوەی هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکەن.
ناچار کاروانی زاوای لەترسی کوشتنی سەفەری یەکجاری دەکات،ئەمەش هێندەی تر ماڵی خەزورانی توڕە دەکات و دەچنە سەرماڵی باوکی و عوسمانی برای قاچێکی عوسمان دەشکێنن و پاشماوەیەک بنەماڵەکەیان سلێمانی بەرەو هەولێر بەجێ دەهێڵن، ،لەوێش بنەماڵەی کچەکە دەستبەرداریان نابن و بەردەوام هەڕەشەیان لێ دەکەن.
پۆلیس دەڵێت: ئاکامی کێشەکەی دوێنێ، بووە هۆی ئەوەی دووان لەیەکتر بکوژن و باوکی دیدەن بەسەختی بریندار بووە و لەنەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕزگاری لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە.
پۆلیس لەکۆتایی ڕاگەیاندراوەکەیدا دەڵێت: پەڕاوی لێکۆلینەوەمان بۆ رووداوەکە کردۆتەوە بەردەوامین لە بەدواداچونەکانمان و ئەرکی ئێمە پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتییان و ئارامی شارە.